ناوەڕۆکی ئەم کتێبە، چیرۆکی پیشلەیەکە کە کارێکی هەڵە ئەنجام ئەدا، بە جێگەی تەمێکردن و شێوازی نادرووستی پەروەردە کردن، بە شێوازێکی زۆر زانستیانە و زانستی پەروەردەیی، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە، وەڵامی ئەدەنەوە ،کتێبێک پڕ لە قسەی خۆش و جوان بۆ منداڵان، تێکەڵێک لە فۆلکلۆری کوردیی زانستی پەروەردە بۆ منداڵان.
بەرەوە جیهانیبوونەوەی ئەدەبیاتی منداڵانی کورد
وتووێژی حەفتەنامەی ئاڵا، لەگەڵ ئارش مێهرەبان، نووسەر و لێکۆڵەری بواری ئەدەبی منداڵان
بەشی ئەدەبی منداڵان بە بوونی زۆرترین بەردەنگ و زۆرترین ڕێژەی نووسراوە و وەرگێڕان، لە چاو جۆرەکانی دیکەی ئەدەبیات، لەو بەشانەیە کە لە کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، کەمتر بایەخی پێدراوە، لە کاتێکدا بە ئاوڕدانەوەمان لەلایەنی چەندایەتییەوە، دەتوانین ئاماژە بدەین بە گەشەیەکی بەرچاوی بەرهەمە نووسراوەکانی ئەم بەشە، ئێستایش لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئەم بەرهەمانە بە پێی بنەمای چ پێوەر و بایەخێک بە ناو منداڵانەوە دێنە ناو ئەدەبیاتی منداڵان و بە پێی چ بنەمایەک ئەو بایەخەیان پێ دەدرێت. ئەدەبیاتی منداڵان دەتوانێت سەرجەم ئەو پرس و بابەتانەی کە لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی منداڵاندا ئاوێتەن، پێکبهێنێت و وەکوو ڕێنموونێک بێت کە ببێتە هۆی ئاگادارکردنەوەیەکی زیاتری لە زۆرێک لە بابەت و کێشەکانی سەر ڕێگای ژیان و داهاتووی ئەو چینە هەستیارە لە کۆمەڵگادا. بەم پێیە دەتوانرێت ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵان وەکوو پێگەیەکی بەهێز بۆ پێشڤەچوونی ئامانجی سەرتری پەروەردەیی منداڵان و مێرمنداڵان لە بەرچاو بگیردرێت و بەم پیاهەڵدانە دەتوانین بێژین کە ئەم جۆرە لە ئەدەبیات موژدەبەخش و دەبێتە هۆی دروستبوونی بەستەرێک بۆ پێکهاتن و پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی پاک و تەندروست لە داهاتوودا. ڕۆڵی نووسەرانی ئەم بەشەش پشت گوێ ناخریەت و بە نیسبەت بەش و جۆرەکانی دیکەی ئەدەبی زۆر گرینگترە و بەردەوام پێویستی بە دیقەت، سەرنجدان و خوێندنەوەیەکی تۆکمە و بەردەوام و بەڕۆژی چەند بەرابەرە و بە هۆی تێکەڵبوونی ئەدەبیات و دەروونناسی و پرسێکی گرینگ بە ناوی پەروەردە لە منداڵاندا، پێویستە کە ئەمە لەبەرچاو بگیردرێت کە هەر شیعرێک شیعر و هەر چیرۆکێک بە ناو منداڵان، نابێتە ئەدەبی منداڵان و ناتوانێت خاوەنداریەتی لێ بکات، هەروا کە مەولانا دەفەرمێت:
چون که با کودک سر و کارت فتاد
پس زبان کودکی باید گشاد
ئێمە دەتوانین لەم شیعرەدا گرینگایەتی و لە ڕاستیدا هەستیاریی منداڵان و ئەو تافی منداڵییە ببینین و پەروەردە و دەروونناسیی منداڵان، بە بەشێکی جیانەکراوەی ئەدەبیاتی منداڵاندا دابنێین و بە ئاوێتە کردنی ئەو پێویستییانەی کە لە سەرەوەدا ئاماژەمان پێکرد، ببینە خولقێنەری بەرهەم گەلێکی بەپێز و بە ناوەڕۆک لە ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵان و لە پەروەردەکردنی بنەڕەتی و دروستی ئەم چینەدا هەنگاو گەلێکی پۆزەتیڤ هەڵبگرین، و لە کۆتایشدا بتوانرێت کە حەز و خولیا و لێهاتووییەکانیان لە ئاراستەیەکی دروستدا بەهێزتر بکات و وەڵامدەری سرشتی پاکی ئەوان بێت.
لەم ژمارەدا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بابەتە گرینگە، لە وتووێژێکماندا لەگەڵ ئارش مێهرەبان، نووسەر، وەرگێڕ و لێکۆڵەری بواری ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵان کە چەند ساڵێکە لەم بوارەدا چالاکە و بوونی دەتوانێت ببێتە دڵخۆشییەک بۆ ئەدەبیاتی منداڵانی کورد، لەسەر ئەم پرسە هەندێ بابەت تاوتوێ کراوە کە لەم ژمارەیەدا پێشکەشی ئێوە دەکرێت.
ئاڵا: ئارش مێهرەبان، نووسەرێک لە چینی لاو و دڵ لە دوای ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵان، تکایە زیاتر خۆتمان پێ بناسێنە.
ئارش مێهرەبانم، لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی لە ئاوایی کانیسانانی شاری مەریوان، لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە تا بە ئێستا لە بەشی ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵاندا سەرقاڵی نووسین و کاری وەرگێڕان دەکەم، هاوکاتیش سەرقاڵی کۆمەڵێک پڕۆژەی لێکۆڵینەوەیی وزانستیم لەم بوارەدا.
ئاڵا: ئێوە وەکوو نووسەرێک لە بواری منداڵاندا چۆن ئەم بەشە لە ئەدەبیات پێناسە دەکەن.دەتوانم بێژم کە ئەدەبیاتی منداڵان تا بە ئێستا لەلایەن زۆرکەسی شارەزای ئەو بوارە پێناسەی بۆکراوە و تا ڕادەیەکی زۆر ئەم تاریف و پێناسانە وەکوو یەکن، لێرەیشدا ئەگەر بمەوێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە دەتوانم بێژم کە کە ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵان بەو کۆمەڵە بەرهەمانە دەوترێت کە لەلایەن کەسانێکی پسپۆڕ و شارەزایەوە بە بۆچوون و ئاوەزێکی زانستییانەوە لە بەشەکانی ئەدەبی، پەروەردەیی و دەروونناسی، لە ئاستەکانی تەمەنی منداڵان و مێرمنداڵاندا و بە پێی پێوەر و تایبەتمەندییەکانی ئەو بەشە، دەبنە خولقێنەری بەرهەم بۆ منداڵان، کە ئەم بەرهەمانە هەڵگری زەوق، هەست، پەروەردە و بارهێنانێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و لە کۆتایشدا کۆی ئەم تایبەتمەندییانە دەبنە هۆی گەشەکردنی کەسایەتیی منداڵان.
ئاڵا: بە پێی ئەم تاریفانەی کە ئێوە وتتان، دەتوانین بێژین کە دەورانی منداڵی و مێرمنداڵی لە دەورانە هەستیارەکانی ژیانی هەر تاکێکی کۆمەڵگایە و لێرەدایە کە بوونی ئەدەبیات خۆی دەنوێنێت بەم پێیە ڕۆڵی ئەدەبیاتی منداڵان لە کۆمەڵگادا چۆن هەڵدەسەنگێنن.
هەر کۆمەڵگایەک پێویستی بە ڕێسا و بنەمایەکی گشتییە لەمەڕ پەروەردە و فێرکاریی دروستی منداڵەکانی خۆی و دەورانی منداڵی و مێرمنداڵی وەکوو دوو دەورانی گرینگ لە ژیان و پێکهێنەری ڕەوشت و کەسایەتییەکانیان، پێویستی بە بایەخێکی زیاترە و پرسی پەروەردە و فێرکاری لەم دەورەدا زۆر گرینگ و تایبەتە. بۆیە کەپێویستە بایەخێکی زیاتر و هەمەچەشن و هەمەلایەنەی پێ بدرێت. گرینگیدان بەم بابەتە و فێرکاریی پرسە پەروەردەییەکان لە منداڵان و لە چوارچێوەی ئەدەبیاتدا، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی حەڤدە و هەژدەی زایینی و هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەندێ کتێب بۆ منداڵان لەلایەن نووسەرانێک وەکوو براکانی گریم، شارل بۆدلێر و تێکەڵکردنی واتاکانیان بە پێی ڕێسا و پێوەرە ئیمڕۆییەکان لەلایەن هانس کریستییەن ئەندرسێنەوە، هەرچەند کە ئەگەری دیاریکردنی ڕیکەوتێکی دەقێق بۆ ئەم بابەتە بوونی نییە و ناتوانین کە ڕێکەوتێکی بۆ دیاری بکەین، بەڵام لەو کاتەوە تا بە ئێستا هەڵگری گرینگایەتییەکی زۆربووە و هەر کۆمەڵگایەک بە پێی بنەمای فەرهەنگی و پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بە کەڵک وەرگرتن لە ئەدەبیات، منداڵان و مێرمنداڵان لەگەڵ پرسەکانی ڕۆژ و کۆمەڵگا و کۆمەڵایەتی بوونیاندا ئاشناتر دەکات، کە بە داخەوە لە کۆمەڵگای کوردەواریی خۆماندا بەڕای من هێشتا نەمانتوانیوە بگەینە ئاستێک کە بێژین سنوورەکانی ئەدەبی ئەم بەشەمان تێپەڕکردووە و ئەدەبی منداڵانی کوردمان گەیاندووەتە ئاستێک کە لە جیهاندا بتوانێت قسەی بۆ وتن ببێت و بە داخەوە تا ئەمڕۆکە لە دەروونی خۆیدا خەریکی پەنگخواردنەوەیە. لە کاتێکدا گەلی فارس توانیویانە کە بەباشی ئەم سنوورانە ببەزێنن و بەرەو جیهانی بوونی ئەدەبی منداڵانی فارسی هەنگاوی جیدی و کارامە هەڵبگرن، و سنوورەکان تێپەڕ بکەن. نموونەیش بۆ ئەم وتەیەم کەسانێک وەکوو هووشەنگ مورادی کرمانی، فەرهاد حەسەن زادە و هتد کە توانیویانە لەو بوارەدا سەرکەوتوانە هەنگاو هەڵبگرن و تەنانەت بەرهەمەکانیان ببێتە بەشێک لە وانەی قوتابخانەکانی وڵاتانی ئەورووپی، هەرچەند کە هۆکاری ئەو سەرکەوتنانەیش بۆ زۆر شت دەگەڕێتەوە و باسی زۆر هەڵدەگرێت کە نەبوونیان لە ناو کورددا بووتە داخێک و خەسارێکی گەورە و دواکەوتنمان لە دنیای ئیمڕۆیی ئەدەبیاتی منداڵان و نەگەیشتنمان بەو ستاندارە جیهانییەی کە لە ئەدەبی منداڵاندا بوونی هەیە.
ئاڵا: ئێوە لە قسەکانتاندا ئاوڕێکتان لە مێژووی دەسپێکی ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵانی جیهان دایەوە، لە ئێستادا ئەدەبیاتی منداڵانی کورد چۆن و لە چ ئاستێکدا دەبینین، ئایا ئەدەبیاتی منداڵانی کورد توانیویە هاوهەنگاو لەگەڵ ئەدەبیاتی جیهانی منداڵاندا بڕواتە پێش و هەنگاو هەڵێنێت.
ئەگەر بمانهەوێت لێرەدا بە کورتی ئاوڕێک لە ئەدەبی منداڵانی کورد بدەینەوە پێویستە کە بگەڕێینەوە بۆ سەدەکانی حەڤدە و هەژدەی زایینی، چون لەو سەدەدا شاعیری گەورەی کورد ئەحمەدی خانی بە نووسینی فەرهەنگۆکێکی عەرەبی بە کوردی لە ژێر ناوی ” نەوبەهارا بچووکا” هەوڵی خۆی بە مەبەستی فێرکردنی ئەو فەرهەنگە بە منداڵانی کورد خستە گەڕ، دواتر کەسانێک وەکوو شێخ ئەحمەدی نۆدی و مەلا خدری ڕواری هەندێ بەرهەمی هاوشێوەیان نووسی کە ئامانجی سەرەکی ئەم بەرهەمانە فێرکاریی زمانی عەرەبی بە منداڵان بوو، بەڵام ئەگەر ئێمە بێین و لە ئێستادا بە بەپێی ئەو پێوەر و بنەما و ستانداردە ئیمڕۆییانەی کە بۆ ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵان لەبەرچاوگیراوە هەڵیانسەنگێنین و بیانخەینە ژێر ڕەخنەوە، دەبینین کە ئەم بەرهەمانە نە تەنیا ناچنە ناو یانەی ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵانەوە، بەڵکوو هەڵگری هەندێ کێشە و گرفتی تایبەت بە خۆیانن. لە دوای ئەم بەرهەمانیش و لە سەدەی هاوچەرخدا کەسانێک وەکوو فایەق بێکەس، پیرەمێرد، کاکەی فەلاح و لەتیف هەڵمەت هەوڵیان خستە گەڕ بۆ منداڵانەکردنی هەندێ لە بەرهەکانی خۆیان، کە بەڕای من هەوڵەکانی ئەوانیش نەگەیشتە ئەو شوێنەی کە دەبوایەت بگەیشتایە و نەبووە دەسەپارەیەکی ئەوتۆ بۆ هەڵگیرساندنی ئەم گڕە لە ئەدەبی منداڵانی کوردیدا. لە ئیمڕۆیشدا شاهێدی بەرهەمهێنان و کتێبسازییەکی زۆرین لەم بەشەدا و وادیارە کە هەندێ کەس دیوارێک کۆتاتر لە ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵان نابینین و دەست دەدەنە خولقاندنی هەندێ بەرهەمی بێ ناوەڕۆک و لاواز و ئەدەبیاتی منداڵان دەکەنە سەکۆیەک بۆ ناساندنی خۆیان. بە گشتی بارودۆخی ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵانی کورد لە ئاستێکی باشدا نابینم و پێویستە کە لەم بوارە خوێندنەوەیەکی جیددی و زانستییانە و توێژینەوەی باش و تۆکمە بێتە ئاراوە و کێشەکانی ئەم بەشە لێکدانەوە و خەسارناسی بۆ بکرێتلەم دواییانەدا بڵاوبوونەوەی چەند بەرهەمێکی منداڵان بووەتە هۆی دڵخۆشی و گەشەکردنێکی تا ڕادەیەک دڵخۆشکەر، کە هێشتا زۆر لە سەرەتاداین و پێویستە کە هەوڵەکان زیاتر و لە ئاراستەیەکی زانستییانەدا بڕواتە پێش.
ئاڵا: هەر پرسێکی گرینگ لە کۆمەڵگادا ئەگەر بە بۆچوونێکی زانستییانە و لێکۆڵینەوانەوە بۆی بڕوانین، واتایەکی دیکە بە خۆیەوە دەگرێت و گرینگایەتیشی زیاتر دەبێت، ئایا ئێمە لە ئەدەبی منداڵانی کورددا هەست زیاتر لە گەلانی دیکە هەست بەو بۆشاییە ناکەین، ئاستی توێژینەوەمان لە دنیای ئەدەبیاتی منداڵانی کورددا لە چاو ستانداردە جیهانییەکانی نییە لە ئاستێکی خواردا؟
بێگومان نەبوونی توێژینەوەی جیددی و کارامە لە ئەدەبیاتی منداڵانی کوردا بۆشایی و کەلێنێکی گەورەی دروست کردووە لە ڕەوتی پێشڤەچوونی باشتر و زانستیتربوونی ئەدەبیاتی منداڵانماندا، ئەم پرسە هەڵگری باسێکی زۆرە کە هەوڵدەدەم لە داهاتوودا لە چوارچێوەی وتارێکدا بڵاوی بکەمەوە و ئاوڕێکی زیاتری لێ بدەینەوە، بەڵام بۆ وەڵامی پرسیارەکەی ئێوەیش دەتوانم لەم ئاماژە کورتەدا ئاوا بیشوبهێنم کە پێویستە هەرکات بەرهەمێکی نوێ لە دنیای ئەدەبی منداڵاندا دێتە بەرهەم، پسپۆڕانی بواری پەروەردە بە شێوازێکی زانستییانە لایەنەکانی فێرکاری و پەروەردەیی ئەو کتێبە هەڵسەنگێنن و پسپۆڕان و مامۆستایانی زمان و ئەدەبیاتیش پێکهاتە و ناوەڕۆکی ئەو کتێبانە بە پێی پێوەرەکانی جوانکاریی ئەدەبیی تاوتوێ بکەن، کتێبدارەکانیش بڕیاری هەڵبژاردنی بدەن بەمەبەستی خستنە ناو کتێبخانەی کوردییەوە، لە کۆتایشدا دایکان و باوکانێک کە ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە هەڵبژاردنی ئەو کتێبانە بۆ منداڵان، بڕیاری کۆتایی بدەن و منداڵیش چێژی لێ وەربگرێت. کۆی ئەمانەیش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕۆژبەڕۆژ نووسەرانمان بە ئاگاییەکی زیاترەوە لەم ڕێگایەدا هەنگاو بنێن و ئەم ڕەوتە خەسارناسانە بە باشی کاریگەریی خۆی بەسەر ئەدەبیاتی منداڵانەوە دادەنێت. بە داخەوە پرسێک لە ناو ئێمەدایە و وا دەزانین کە کارکردن و چالاکی بۆ منداڵان تەنیا شیعر و چیرۆک نووسینە و کەمتر کەسێک ئاوڕ لە پرسی ڕەخنەی ئەدەبیاتی منداڵان دەداتەوە، زانکۆکانیشمان لە کاتێکدا دەبوایەت ڕچەشکێنێکی ئەم ڕێگایە بوونایە، بە داخەوە زۆر لە دواوەن و هیچ هەنگاوێکیان لێ بەدی ناکرێت، ڕۆڵی زانکۆ وەکوو ناوەندێکی ئاکادێمیک و شوێنێک بۆ گەشەکردنی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەد هەمەلایەنە، پێویستییەکی گرینگی هەر کۆمەڵگایەکە و دەبوایە مامۆستایان و ئەوانەی خاوەنی کورسی زانکۆکانن، ئاوڕێکی جیددیتریان لەم پرسە بداتەیەتەوە و بوونایەتە هاندەرێکیش بۆ خوێندکاران و هۆکارێکیش بۆ گەشە کردنی زێدەتری ئەدەبی منداڵانی کورد.
ئاڵا: ئێوە لەم چەند ساڵەدا بە نووسینی دوو کتێب و وەرگێڕانی کتێبێک لەم بەشەدا و تەرکیزکردنتان بەسەر ئەم بەشە لە ئەدەبیاتدا، داهاتووی خۆتان لەم بەشە و لە ناوی دنیای منداڵانەدا چۆن دەبینن.
لە ساڵەکانی ٩٣ و ٩٤ی هەتاویدا بە نووسینی دووکتێب بە ناوەکانی “سمۆرە و ڕۆژێکم بۆ زرێبار” کە ئەو کاتە بەرهەمی دڵەدڵە و دڵەڕاوکێ ژینگەییەکانم و هاندانی منداڵان بەرەو پرسی ژینگەپارێزی بوو، هاتمەوە ناو ئەم دنیا جوان و بێگەردەوە و چالاکیی خۆم دەست پێکرد، هەرچەند کە ئەم بەرهەمانەم دەگەڕێنەوە بۆ تەمەنی شانزە و حەڤدە ساڵیم و ئەگەر لە ئێستا بمهەوێت ئاوڕیکیان لێ بدەمەوە، بێجگە لە دوو بەرهەمی لاواز هیچی دیکەیان لێ نابینم و دەبمە ڕەخنەگرێکی جیدی خۆم، بەڵام ئەوەش لە بیرناکەم کە هەر ئەو دوو کارە لاوازە، بوونە پردێکی پەڕینەوەم بەرەو داهاتوو و گەشەی زیاتری پێنووس و هزری منداڵانەم لە دنیای منداڵاندا و هەر ئەم بەرهەمانە بوونە هۆی جیدیتربوون وهاوێشتنی هەنگاوی تۆکمەتر و زانستییانەتر لەم بوارە و زۆرتربوونی خوێندنەوەکانم و بەرینتربوونی بۆچوونی زانستیم لە ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵاندا. بێگومان لەم بەشەدا لە قوتابییەک زیاتر نیم و پێویستە کە خوێندنەوەکانم زیاتر و چڕتر بکەم و بە هەستیارییەکی زۆرترەوە بچمە پێش، چون خۆم لە بەرانبەر داهاتووی ئەدەبیاتی منداڵانی کورددا بە بەرپرس دەزانم و بە هەموو هێزێکمەوە دەمهەوێت ئەم هەنگاوە هەڵێنم. (ئەڵبەتە بەو مەرجەی کۆرۆنا مەجالمان بدات).
ئاڵا: وەکوو دواهەمین پرسیارێک لە ئێوە ئەوەیە کە جەنابتان بەرهەمێکیشتان لە نووسەری گەورەی منداڵان و مێرمنداڵان هووشەنگ مورادی کرمانی وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی، چ شتێک بووە هاندەر بۆ وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە و هەڵبژاردنی و پێوەرەکانتان بۆ ئەم وەرگێڕانە چی بووە.
هەروەها کە ئاماژەتان پێکرد، هووشەنگ مورادی کرمانی یەکێکە لەو نووسەرە گەورانەی ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵان لە ئێران و بگەرە لە جیهانیشدا کە بە ئافراندنی بەرهەمی بەنرخ و بە پێز بۆ ئەم چینە، جێگە وپێگەیەکی گەورە و سەرتری بۆ خۆی بەدەست هێناوە، بە گشتی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە هەڵگری تایبەتمەندیی گەلێکی زۆرن کە بووەتە جیاکارییەکی بەرچاو لە ناو نووسەرانی دیکەدا، بۆ وێنە بوونی زمانێکی سادە و پاراو و بە ناوەڕۆک و خولقاندنی سووژەی جوان و بێ وێنە بۆ منداڵان لە کارەکانیدا،لە تایبەتمەندییەکانی پێنووس و هەستی ئەم نووسەرەیە و ئەم گرینگە لە سەرجەم کار و بەرهەمەکانی نووسەرەدا ڕوون و بەرچاوە و ڕەنگدانەوەی بووە. منیش بۆ زیاتر ناساندنی منداڵانی کورد لەگەڵ ئەم نووسەرە و چێژبردنی زیاتریان لە دنیای نووسراوەکانی، لە دوای چەند چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ خودی نووسەر و وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لە بەڕێزیان، کتێبی ” وەکوو مانگی شەوی چوارە” وەرگێڕایەوە سەر زمانی کوردی و وەشانخانەی مادیاریش ئەرکی بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبەیان وە ئەستۆ گرت کە جێی خۆیەتی سپاسیان بکەم.
ئاڵا: سپاس کە کاتتان دانیا و هیوامان گەشەی ئێوەیە وداهاتووی ئێوە و ئەدەبیاتی منداڵان لە ئاستێکی بەرزدا ببینین.
سپاس بۆ ئێوە و هیوام سەربەرزی ئێوە و منداڵانی کوردستانە.