یەکێک لەو تیۆرییە نوێ و گرینگانەی بواری فێرکاریی زمان و گەشەی هۆشەکیی منداڵ، تیۆریی "دووانەسازیی مانایی"یە. ئەم تیۆرییە بە پشت بەستن بە توێژینەوەکانی زانستی هۆشەکی و زمانناسیی دەمار کە هاوکات لەسەر پەیوەندیی دوو ڕەوتی فێربوون لە منداڵدا جەخت دەکاتەوە، بریتین لە ڕەوتی زمانی- هێما و ڕەوتی وێنەیی- تێگەیشتن.
ڕەخنە و هەڵسەنگانی کتێبی تفاقی زمسان
ئارش مێهرەبان
توێژەر و ڕەخنەگری ئەدەبی منداڵ
یەکێک لەو تیۆرییە نوێ و گرینگانەی بواری فێرکاریی زمان و گەشەی هۆشەکیی منداڵ، تیۆریی "دووانەسازیی مانایی"یە. ئەم تیۆرییە بە پشت بەستن بە توێژینەوەکانی زانستی هۆشەکی و زمانناسیی دەمار کە هاوکات لەسەر پەیوەندیی دوو ڕەوتی فێربوون لە منداڵدا جەخت دەکاتەوە، بریتین لە ڕەوتی زمانی- هێما و ڕەوتی وێنەیی- تێگەیشتن. بە کورتی، منداڵ کاتێک لە مانای ڕاستەقینەی گێڕانەوەیەک یان شێعرێک تێدەگات، کە هاوکات بتوانێت ناوەڕۆکەکەی لە دوو ئاستی وشە و وینە، زمان و ناوەڕۆک، ببیسێت، ببنێت و تەجروبەی بکات. پێکەوەبوونی ئەم دوو چوارچێوە تێگەیشتنە، بەتایبەت لەو دەقانەی کە دوو زمانەن، نەتەنیا دەبێت یەکتر بەهێز بکەن، بەڵکوو دەبێت هەردوو زمانەکە لە گواستنەوەی مانا، شێوەکاریی زەینی و هاوئاهەنگیی فەرهەنگیدا، هاوتەریب بن. بەرهەمێکی منداڵانە کە لەم چوارچێوەیە بەدەر بێت، نەتەنیا بێ کاریگەرە، بەڵکوو دەتوانێت گەشەی زمانی و تێگەیشتنی فەرهەنگیی ئەو منداڵە بەرەو لاڕێ ببات. ئەمە بنەمایە لە خولقاندن و بەرهەمهێنانی دەقی منداڵانەدا- بەتایبەت دەقگەلی دوو یان چەند زمانە- گرینگییەکی زۆری هەیە، لەبەر ئەوەی گواستنەوەی هاوشێوەی مانا لە هەردوو زماندا، دەبێت لە ئاستی زمانی، فەرهەنگی و وێنەییدا یەکدەست بێت تا منداڵ بە جێگای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ دەقێکی پەرتەوازە یان دوو بەشی، گێرانەوەیەکی یەکدەست و باوەڕپێکراو تەجروبە بکات.
کتێبی تفاقی زمسان کە بە شێوازی دوو زمانەی کوردی-فارسی و لەلایەن وەشانگەی زانکۆی کوردستانەوە بڵاو کراوەتەوە، دەرخەری کۆمەڵێک کێشە و گرفت و سەرنجە کە ئەم کێشانە کاتێک بەدی دێن کە تیۆرییە نوێیەکان لەبەرچاو نەگیردرێن. لە درێژەدا ئەم بەرهەمە بەپێی بنەمای تیۆریی باسکراو و ستانداردە زانستییەکانی ئەدەبی منداڵان لێکدەدەینەوە.
لە ڕووی پێکهاتەییەوە، دەقی فارسیی کتێبەکە کە وەرگێڕانی دەقی کوردیی ئەم کتێبەیە، هیچ جۆرە یەکگرتووییەکی مانایی نییە. دەقەکە زیاتر بە کۆمەڵێک ڕستە و وێناگەلێکی پرشوبڵاو و ئاست بزم و بێ پەیوەندی نزیکە تا گێڕانەوەیەکی منداڵانە. بەپێچەوانەی بنەماگەلی ستاندارد لە ئەدەبی منداڵ کە جەخت لەسەر بوونی قارەمان، ناتەبایی، ڕەوتی چیرۆکی و ئاکامێکی مەنتیقی دەکاتەوە، ئەم کتێبە زیاتر کۆمەڵێک بابەتی وەسفیی بێ پەیوەندیی لەپاڵ یەکدا داناوە. ئەم لاوازییە لە چوارچێوەدا، بە شێوازی ڕاستەوخۆ لەسەر وەرگرتن و تێگەیشتنی مانا و بەشداریی منداڵ لە ڕەوتی تێگەیشتنی ئەو بەرهەمەدا، کاریگەریی نەرێنی دادەنێت، لەبەر ئەوە منداڵ ناتوانێت هێڵێکی چیرۆکیی ڕوون بگرێتە بەر یان پەیامێکی دیاریکراو وەربگرێت.
لە ڕووی زمانییەوە، دەقی فارسیی ئەم بەرهەمە بریتییە لەو وشە و دەستەواژانەی کە لە هەندێ شوێندا شیاوی ئاستی زمانێکی منداڵانە نییە و تەنانەت لەگەڵ کەشی منداڵانەدا سازگارییان نییە. هاوکات ئەم گرفتە لە دەقی کوردیی بەرهەمەکەیشدا بەدی دەکرێت و کۆمەڵێک دەستەواژە بەکارهاتووە کە لە زاری سنەییدا نین. نەبوونی هاوئاهەنگیی لە هەڵبژاردنی وشە و دەستەواژەکان و لەحنێکی لاواز کە لە زۆر شوێندا نابێتە هۆی دروستبوونی تێگەیشتنێکی مانایی لە خوێنەردا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەردەنگی منداڵ، بەتایبەت لە تەمەنی خواردا، تووشی گرفتی مانایی و چێژ ببات. وێڕای ئەمە، کێش و ڕیتمێکی دروست لە شێعرەکەدا کە ڕۆڵێکی گرینگی هەیە لە ڕاکێشانی سەرنج و تێگەیشتنێکی منداڵانەدا، لەم دەقەدا ڕچاو نەکراوە.
یەکێک لە خاڵە لاواز و دیارەکانی ئەم کتێبە، چۆنیەتیی نووسینی دەقی کوردیی ئەم کتێبەیە. بەپێچەوانەی چاوەڕوانیی وەرگێڕانێکی دەقێق و هاوتەریب، دەقی کوردیی نەتەنیا لە ڕووی ماناییەوە لەگەڵ دەقی فارسیدا جیاوازیی هەیە، بەڵکوو لە ڕووی ڕستەسازیی و دەستەواژییەوە کۆمەڵێک کێشەی جیددیی لەخۆ گرتووە. ئەم جۆرە وەرگێڕانە، دەرخەری نەبوونی چاودێری و هەڵەگرییەکی زمانناسانەیە کە لەم کتێبەدا بەدی دەکرێت. لەم شێعرەدا بەردەنگی منداڵ لەگەڵ دوو جۆر گێڕانەوەی جیاواز و ناهەماهەنگ ڕووبەڕوو بووەتەوە کە هیچ جۆرە هاوئاهەنگییەکی مانایی و فەرهەنگیی تێدا بەدی ناکرێت.
لە ڕوانگەی دیتنییەوە شێوەکارییەکانی ئەم کتێبە تەکووزیی هونەریی پێویستی نییە. لە ئەدەبی منداڵدا، شێوەکاریی نەتەنیا لایەنی جوانکاریی هەیە و تەواوکەری دەقەکەیە، بەڵکوو خۆی بەشێکە لەو ڕەوتە هۆشەکی و تێگەیشتنەی منداڵ لەو چیرۆکە. شێوەکارییەکان دەبێت بە شێوازێکی هاوئاهەنگ لەگەڵ دەقەکەدا بکێشرێن تا بتوانێت ئەو چەمکانەی لەو دەقەدا هێنراون، لە زەینی بەردەنگدا سەقام بگرێت و ببێتە هۆی بەهێزیی و باشترکردنی بیرگەی دیتنی ئەو منداڵە. لەم بەرهەمەدا، شێوەکارییەکان زیاتر حاڵەتێکی سەرەتایی و پەرتەوازەییان هەیە.
خاڵی جێی سەرنج، بڵاوبوونەوەی ئەم بەرهەمە لەلایەن" وەشانگەی زانکۆی کوردستانەوەیە". کاتێک بەرهەمێک لە ناوەندێکی زانستیی وەکوو زانکۆوە بڵاو دەکرێتەوە، ئەو چاوەڕوانییە دەکرێت کە ئەو بەرهەمە لە چەندین فیلتەری زانستی و داوەرییەوە تێپەڕ یبێت و کێشە و گرفتەکانی زۆر کەم ببێتەوە. وەشانگەیەکی زانکۆیی دەبێت پایبەند بێت بە ڕچاوکردنی تەواوی ستانداردە زانستی، ئەدەبی و زمانییەکان بەتایبەت لە بواری ئەدەبی منداڵ، کە کۆی ئەمانە ئەبێتە هۆی بردنەسەرەوەی ئاستی چۆنیەتیی بەرهەمەکان. ڕچاونەکردنی ئەم ستانداردانە دەتوانێت ببێتە هۆی خەسارگەیاندن بە پێگەی زانستی و فەرهەنگیی ئەم ناوەندە و بەردەنگ و بنەماڵە و منداڵان لە بڵاوبوونەوەی بەرهەمی شیاوی منداڵان، دڵسارد بکاتەوە.