Image
بووکەبارانە میراتێکە لە ڕابردوو کە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لەگەڵ نیگەرانییەکانی ئەمڕۆدا دەگونجێت. لە جیهانێکدا کە قەیرانە ژینگەییەکان، دڵەڕاوکێ و بێمتمانەیی بە داهاتوو لە نێو منداڵاندا زیاد دەکەن، ئەم ئایینە ڕەسەنە دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندیی سۆزداریی مرۆڤ لەگەڵ زەوی. بووکەبارانە تەنها داوای باران لە ئاسمان نییە، بەڵکو بیرهێنانەوەی ئەم ڕاستییەیە کە باران لە یەکەم هەنگاودا، دەبێت لە ناخی مرۆڤدا ببارێت: بارانێک لە هاوسۆزی، هیوا و واتا. لە بێدەنگیی ئەو ڕۆژانەی کە ئاسمان بێبارانە، ئەم ئایینە، چرپەی بەکۆمەڵی ئەو کەسانەیە کە هێشتا بڕوایان وایە سروود و دەنگی منداڵان دەتوانێت زەوی بەئاگا بهێنێتەوە.

بووکەبارانە؛ چرپەی هیوای زەوی

یادداشت: ئارش مێهرەبان

توێژەری ئەدەبی منداڵان

لە جیهانی هاوچەرخدا کە قەیرانە ژینگەییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو و بەردەوام لە ئەزموونی ڕۆژانەی مرۆڤدا ڕەگیان داکوتاوە، پێداچوونەوە بە ئایینە ڕەسەنەکان دەتوانێت دەرفەتێکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیی کولتووری و سۆزداریی مرۆڤ لەگەڵ سروشت بڕەخسێنێت. ئایینی بووکەبارانە لە کولتووری کوردیدا، وەک یەکێک لە کۆنترین و منداڵ-تەوەرترین ڕێوڕەسمەکانی داواکردنی باران، خاوەنی میکانیزمگەلێکە کە لە ڕوانگەی دەروونناسیی کولتووری، مرۆڤناسیی ژینگەیی و پەروەردەی کەشوهەواوە، دەکرێت بە جۆرێک لە «دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بەکۆمەڵی هیوا» دابنرێت. ئەم یادداشتە بە ڕوانگەیەکی نێوان-بەشییانە، بە پشتبەستن بە تیۆرییە نوێیەکان لە بوارەکانی «فێربوونی ژینگەیی»، «ئیکۆلۆژیی سۆزداری» و «بەرگەگرتنی کولتووری»، ڕۆڵی ئەم ئایینە لە نوێکردنەوەی پەیوەندیی منداڵ لەگەڵ سروشت و لە کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێی کەشوهەوایی لە کۆمەڵگە ناوخۆییەکاندا تاوتوێ دەکات.

بووکەبارانە وەک زمانی کولتووریی سروشت

ئایینی بووکەبارانە، کە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، لە دەوری کچێکی بچووک – کە بە «بووکی باران» ناسراوە – چڕ دەبێتەوە. منداڵان، بە گوتنی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان و بە کۆمەڵ ڕۆیشتن بە کۆڵانەکاندا، داوای باران بارین دەکەن. ئەم پڕۆسەیە، لە ڕواڵەتدا دۆعاکردنە بۆ باران، بەڵام لە چینە قووڵەکەیدا، نوێنەرایەتیی جۆرێک لە «گفتوگۆی کولتووری لەگەڵ سروشت» دەکات. لە زمانی ئایینیی کوردەکاندا، سروشت تەنها شتێکی بێگیان نییە، بەڵکوو بوونەوەرێکی زیندوو و خاوەن ئەخلاقە کە لەگەڵ ڕەفتاری مرۆڤدا دێتە گفتوگۆ. لە مرۆڤناسیی نوێی ئاییندا، ئەم جۆرە کردارانە بە «هێماکانی دووبارە-سازکەر» ناودەبرێن؛ واتە ئەو کردارانەی کە نەک بۆ گۆڕینی ڕاستەوخۆی جیهانی سروشتی، بەڵکوو بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی ڕێکوپێکی دەروونی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤ ئەنجام دەدرێن. لەم ڕوانگەیەوە، بووکەبارانە تەنها داوای باران نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکوپێکی سۆزداری و بەکۆمەڵ لە بەرامبەر وشکەساڵی و دڵەڕاوکێی ژینگەییدا.

 فێربوونی کەشوهەوایی و پەروەردە لە ڕێگەی ئایینەوە

تیۆرییە نوێیەکان لە دەروونناسیی کولتووری و پەروەردەی ژینگەدا، بەتایبەتی بۆچوونە نوێیەکان لە بواری «فێربوونی کەشوهەوایی» (Climatic Learning) و «پەروەردەی ژینگەیی» (Ecological Pedagogy)، جەخت لەسەر ئەزموونی ژیاو و سۆزداریی مرۆڤ لەگەڵ ژینگە دەکەنەوە. لەم چوارچێوەیەدا، فێربوون نەک لە پۆلی خوێندن، بەڵکو لە ڕێگەی بەرکەوتنی جەستەیی و هێمایی لەگەڵ توخمە سروشتییەکاندا شکڵ دەگرێت. لە ئایینی بووکەبارانەدا، منداڵ لە جیاتی بیستنی قسە لەسەر باران، خۆی دەکەوێتە ناو پڕۆسەی داواکردنی بارانەوە: دەستلێدانی خاک، دەنگی گۆرانیی بەکۆمەڵ، بۆنی باران، و چاوەڕوانی بۆ یەکەم دڵۆپەکان، هەموویان بەشێکن لە فێربوونی سۆزداری و هەستیی ئەو لە سروشت. ئەم ئەزموونە بە دەربڕینی پەروەردەناسە نوێیەکان، «فێربوونە لە ڕێگەی بەشداریکردنی ژیانییەوە»؛ فێربوونێک کە تێیدا منداڵ تەنها بینەری سروشت نییە، بەڵکو هاوبەش و شەریکیەتی. بە بەراورد لەگەڵ سیستەمەکانی خوێندنی ئەمڕۆ کە زۆربەی کات لە سروشت دابڕاون، ئایینی بووکەبارانە بە جۆرێک لە پۆلی خوێندنی کولتووری بۆ پەروەردەی کەشوهەوایی دادەنرێت: پۆلێک لە دەرەوە، بە بەشداریی کۆمەڵگە، و بە تەوەرەی هەست و کرداری بەکۆمەڵ.

بووکەبارانە و ئیکۆلۆژیای سۆزداریی منداڵ

چەمکی «ئیکۆلۆژیای سۆزداری» ئاماژە بە پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان هەستەکانی مرۆڤ و ژینگەی سروشتی دەکات. توێژینەوە نوێیەکان لە دەروونناسیی کەشوهەوادا دەریانخستووە کە بەرکەوتنی منداڵ لەگەڵ سروشت، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ئایینە نەریتییەکاندا، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی هەستی هاوسۆزی، پێکەوەژیان و بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە زەوی. لە ئایینی بووکەبارانەدا، منداڵ لە ڕێگەی ڕۆڵبینین لە گرووپەکەدا، باران وەک دیاردەیەکی دوور و میکانیکی ئەزموون ناکات، بەڵکو وەک ڕووداوێکی زیندوو و خاوەن ئەخلاق ئەزموونی دەکات. ئەو تێدەگات کە سروشت کاردانەوەی بەرامبەر بە کردارەکانی مرۆڤ هەیە و لە ئەنجامدا، جۆرێک لە پەیوەندیی دوولایەنە دروست دەبێت. ئەم ئەزموونە، یارمەتیی دروستبوونی «ڕەوشتی پێکەوەژیان» لە تەمەنی بچووکیدا دەدات. لە هەمان کاتدا، گۆرانیی بەکۆمەڵ و چاوەڕوانیی باران، ڕەهەندی چارەسەریشیان هەیە. لێکۆڵینەوەکانی دەروونناسیی ژینگەیی دەریدەخەن کە ئایینە بەکۆمەڵە پەیوەندیدارەکان بە سروشتەوە، دەتوانن دڵەڕاوکێی کەشوهەوایی (ترس لە وشکەساڵی، گۆڕانکارییە توندەکانی کەشوهەوا و داهاتووی نادیاری ژینگە) لە منداڵاندا کەم بکەنەوە. بووکەبارانە لەم چوارچێوەیەدا، میکانیزمێکی کولتوورییە بۆ ڕێکخستنی سۆز و دووبارە دروستکردنەوەی هیوا.

بەرگەگرتنی کولتووری لە بەرامبەر وشکەساڵیدا

بەرگەگرتنی کولتووری بە واتای توانای کۆمەڵگەیە بۆ دووبارە دروستکردنەوەی واتا و ڕێکوپێکی هێمایی خۆی لە بەرامبەر قەیرانەکاندا. وشکەساڵی، بەتایبەتی لە کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکان و شاخاوییەکاندا، نەک تەنها قەیرانێکی ژینگەییە، بەڵکو قەیرانێکی دەروونی و کولتووریشە. ئایینی بووکەبارانە، بە چالاککردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی، پەیوەندیی نێوان نەوەکان، و گەڕاندنەوەی زمانی بەکۆمەڵی هیوا، وەک ئامرازێکی بەرگەگرتنی کولتووری کار دەکات. منداڵ لەم ئایینەدا فێر دەبێت کە لە بەرامبەر ناخۆشییە سروشتییەکاندا، دەتوانرێت بە هاوسۆزی، بەشداریکردن و گۆرانی، جۆرێک لە واتا و کۆنترۆڵی هێمایی دروست بکرێت. ئەم ئەزموونە هێماییە، بەتایبەتی لەو کاتانەی کە باران نابارێت، دەتوانێت میکانیزمێکی کاریگەری ڕووبەڕووبوونەوە بێت بۆ کۆمەڵگە. لە توێژینەوە نوێیەکانی بەرگەگرتندا، بەتایبەتی لە تیۆرییەکانی دەروونناسیی بەکۆمەڵی دەیەی ڕابردوودا، جەخت لەسەر گرنگیی «کردارە هێماییە بەکۆمەڵەکان» کراوەتەوە. بووکەبارانە بەتەواوی لەم جۆرەیە: کردارێک کە لە ڕواڵەتدا ئایینێکی سادەیە بۆ منداڵان، بەڵام لە بنەڕەتدا، زیندووکردنەوەی هەستی کردارگەرێتییە لە دڵی وشکەساڵیدا.

ئەمڕۆ مەترسیی سەرەکی، نەک تەنها لەناوچوونی سەرچاوە سروشتییەکان، بەڵکو دابڕانی کولتوورییە لە سروشت. لابردنی ئایینگەلێک وەک بووکەبارانە لە ژیانی ڕۆژانەدا، بە واتای لەدەستدانی زمانی گفتوگۆی مرۆڤ لەگەڵ زەوییە. ئەم ئایینە، لە سروشتی خۆیدا جۆرێکە لە فێربوونی نافەرمی و فرە-ڕەهەند کە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی هاوکاتی سۆز، ڕەوشت و هۆشیاریی ژینگەیی. زیندووکردنەوەی بووکەبارانە لە چوارچێوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن، ئاهەنگە ناوخۆییەکان یان چالاکییە کولتوورییەکانی منداڵاندا، دەتوانێت ببێتە مۆدێلێکی ڕەسەن بۆ پەروەردەی کەشوهەوایی؛ مۆدێلێک کە لەسەر ئەزموون، هەست و بەشداریکردن دامەزراوە، نەک لەسەر لەبەرکردنی چەمکە تیۆرییەکان. پێشنیار دەکرێت لە دووبارە دروستکردنەوەی ئەم ئایینەدا، لایەنە شانۆیی و سۆزدارییەکانی بپارێزرێن و لە هەمان کاتدا، بە گفتوگۆکردن لەسەر سووڕی ئاو، بارانبارین، و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆوە بەیەکەوە ببەسترێنەوە. بەم شێوەیە، نەریت دەبێتە ئامرازێک بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی داهاتووی هۆشیار و بەرپرسیار.

ئاکام

بووکەبارانە میراتێکە لە ڕابردوو کە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لەگەڵ نیگەرانییەکانی ئەمڕۆدا دەگونجێت. لە جیهانێکدا کە قەیرانە ژینگەییەکان، دڵەڕاوکێ و بێمتمانەیی بە داهاتوو لە نێو منداڵاندا زیاد دەکەن، ئەم ئایینە ڕەسەنە دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندیی سۆزداریی مرۆڤ لەگەڵ زەوی. بووکەبارانە تەنها داوای باران لە ئاسمان نییە، بەڵکو بیرهێنانەوەی ئەم ڕاستییەیە کە باران لە یەکەم هەنگاودا، دەبێت لە ناخی مرۆڤدا ببارێت: بارانێک لە هاوسۆزی، هیوا و واتا. لە بێدەنگیی ئەو ڕۆژانەی کە ئاسمان بێبارانە، ئەم ئایینە، چرپەی بەکۆمەڵی ئەو کەسانەیە کە هێشتا بڕوایان وایە سروود و دەنگی منداڵان دەتوانێت زەوی بەئاگا بهێنێتەوە.