Image
ئەمڕۆ، ١٠ی تشرینی یەکەم (١٨ی ڕەزبەر)، ڕۆژی جیهانی تەندروستی دەروونیی منداڵانە؛ ڕۆژێکە بۆ بیرهێنانەوەی ئەم ڕاستییە کە گرنگیدان بە دەروونی منداڵان، تەنها دڵسۆزی نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە بۆ داهاتوویەکی مرۆڤانەتر.

منداڵی، یەکەمین قۆناغی ئەزموونی ژیانە؛ ئەو شوێنەیە کە دەروونی مرۆڤ تێیدا شکڵ دەگرێت، واتای خۆی دەدۆزێتەوە و ڕێگاکانی پەیوەندی لەگەڵ جیهان فێردەبێت. تەندروستی دەروونی منداڵ، تەنها نەبوونی نەخۆشی یان تێکچوون نییە، بەڵکوو حاڵەتێکە لە هاوسەنگی سۆزداری، هۆشەکی و کۆمەڵایەتی کە منداڵەکە توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ کێشەکانی ژینگەی دەورووبەری پێدەبەخشێت و لە هەمان کاتدا هەستی بایەخداربوونی خۆی، ئاسایش و کارامەیی ئەزموون دەکات.

بەپێی پێناسەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO، ٢٠٢٢)، تەندروستی دەروونی بریتییە لە «حاڵەتێک لە خۆشگوزەرانی ناوەکی کە تێیدا تاک تواناکانی خۆی دەناسێت، دەتوانێت لەگەڵ فشارە ئاساییەکانی ژیاندا ڕابێت، بە شێوەیەکی بەرهەمدار کار بکات و بۆ کۆمەڵگاکەی سوودبەخش بێت». لە قۆناغی منداڵیدا، ئەم پێناسەیە ڕەهەندێکی گرنگتر وەردەگرێت، چونکە منداڵ هێشتا لە قۆناغی دروستکردنی خودیدایە و هەر ئەزموونێک، کاریگەرییەکی هەمیشەیی لەسەر یادەوەری عاتیفی و کەسایەتی داهاتووی دادەنێت.

تیۆریستەکانی وەک ئێریک ئێریکسۆن و جۆن باڵبی ئاماژەیان بەوە داوە کە هەستی ئاسایش و پەیوەستبوونی سەلامەت، بنەمای سەرەکی تەندروستی دەروونییە لە ساڵانی سەرەتای ژیاندا. ئەگەر منداڵ لە ژینگەیەکدا گەشە بکات کە پڕ بێت لە جێگیری سۆزداری، ڕێز و خۆشەویستی، توانای متمانە بە خۆی و کەسانی دیکە لە ناخیدا ڕیشە دادەکوتێت. لە بەرامبەردا، پشتگوێخستن، دڵەڕاوکێ، سووکایەتیکردن یان بەراوردکردنی بەردەوام، هەستی بێتوانایی و نائارامی لە دەروونیدا چەسپ دەکات.

لە دیدگای دانیال گۆڵمانەوە (٢٠١٨)، یەکێک لە پێکهاتە گرنگەکانی تەندروستی دەروونی، «هۆشی عاتیفی»یە؛ واتە توانای ناسینەوە، ڕێکخستن و دەربڕینی هەستەکانی خۆی و تێگەیشتن لە هەستەکانی کەسانی دیکە. ئەو منداڵانەی ئەم لێهاتووییەیان هەیە، باشتر ڕووبەڕووی شکستەکان دەبنەوە، پەیوەندی کۆمەڵایەتی تەندروستتر دروست دەکەن و لە قوتابخانەدا متمانە بەخۆبوونی زیاتریان هەیە. ژینگەی خێزان، قوتابخانە و کۆمەڵگا سێ لای سەرەکی سێکوچکەی تەندروستی دەروونی منداڵ پێکدەهێنن. ئەو خێزانەی کە تێیدا گفتوگۆ، خۆشەویستی و سنوورە ڕوونەکان هەن، هەستی ئاسایش و ڕێزی دوولایەنە لە منداڵدا بەهێز دەکات.

ئەو قوتابخانەیەی کە پشت بە هاوکاری دەبەستێت، نەک کێبڕکێی زۆر، هەستی چالاکیی بەشێوازی گرووپ و خۆکارامەیی گەشە پێدەدات. لە کۆمەڵگایەکدا کە دەرفەتی یاری، خەیاڵ و گفتوگۆی ئازاد بۆ منداڵان دەستەبەر بێت، گەشەی دەروونی ئەوانیش سروشتیتر و تەندروستتر دەبێت.

سەرەڕای ئەمانەش، توێژینەوە جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە تەندروستی دەروونی منداڵان لە سەرانسەری جیهاندا لەژێر هەڕەشەدایە. بەپێی داتاکانی باری جیهانی نەخۆشییەکان (Global Burden of Disease، ٢٠١٩)، نزیکەی ٢٩٣ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ٥ تا ٢٤ ساڵی جیهان لانیکەم یەک تێکچوونی دەروونییان هەیە؛ واتە نزیکەی ١١.٦٪ی کۆی دانیشتووانی ئەم گرووپە تەمەنییە. لە نێوان گرووپە تەمەنییە جیاوازەکاندا، ٦.٨٪ی منداڵانی ٥ تا ٩ ساڵ، ١٢.٤٪ی گرووپی ١٠ تا ١٤ ساڵ و نزیکەی ١٤٪ی تازەلاوانی ١٥ تا ١٩ ساڵ ڕووبەڕووی جۆرێک لە تێکچوونی دەروونی بوونەتەوە.

تێکچوونەکانی دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، ڕەفتارە مەترسیدارەکان و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە باوترین کێشە ڕاپۆرتکراوەکانن. توێژینەوەکانی سەردەمی پەتای کۆڤید-١٩یش زەنگێکی مەترسیداریان لێداوە: بەپێی شیکارییە جیهانییەکان لەسەر زیاتر لە ٨٠ هەزار تازەلاو، نیشانەکانی خەمۆکی بالینی لە ١٢٪ بۆ ٢٥٪ و دڵەڕاوکێ لە ١٠٪ بۆ ٢٠٪ زیادی کردووە. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە کە ١ لە هەر ٧ تازەلاو (١٠ تا ١٩ ساڵ) لە جیهاندا تووشی جۆرێک لە تێکچوونی دەروونی بووە و ئەم تێکچوونانە، هۆکاری سەرەکی کەمئەندامی و دابەزینی کوالیتی ژیانن لەم گرووپە تەمەنییەدا.

لە دۆخێکی وادا، گرنگیدان بە تەندروستی دەروونی منداڵ تەنها کێشەیەکی تاکەکەسی یان خێزانی نییە، بەڵکو پێویستییەکی کۆمەڵایەتییە. پڕۆگرامەکانی پەروەردەی سۆزداری لە قوتابخانەکان، پشتیوانی دەروونی دایک و باوکان، هاندانی گفتوگۆ دەربارەی هەستەکان، و دابینکردنی ژینگەی ئارام و داهێنەر بۆ یاری، لە کاریگەرترین ڕێگاکانی خۆپارێزین. تەندروستی دەروونی منداڵان، بە واتای تەندروستی داهاتووی کۆمەڵگەیە؛ چونکە منداڵێک کە ئەمڕۆ لە ئارامی و تێگەیشتنی دوولایەنەدا گەشە بکات، سبەینێی هاوسەنگتر، داهێنەرتر و بەرپرسیارتر دەبێت.

ئەمڕۆ، ١٠ی تشرینی یەکەم (١٨ی ڕەزبەر)، ڕۆژی جیهانی تەندروستی دەروونیی منداڵانە؛ ڕۆژێکە بۆ بیرهێنانەوەی ئەم ڕاستییە کە گرنگیدان بە دەروونی منداڵان، تەنها دڵسۆزی نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە بۆ داهاتوویەکی مرۆڤانەتر. لە جیهانێکدا کە خێرایی، کێبڕکێ و فشارە کۆمەڵایەتییەکان لە زیادبووندان، ڕەنگە گەورەترین ئەرکی ئێمە ئەوە بێت کە منداڵان فێر بکەین  چۆن لەگەڵ خۆیان میهرەبان بن و لە ناخیاندا هەست بە ئاسایش بکەن — چونکە کۆمەڵگایەکی تەندروست لە دڵی منداڵانی خاوەن دەروونێکی تەندروستەوە دەست پێدەکات.