Image
بە چاوگێڕانێکی کورت بەناو ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵان و گەڕان بە دوای پرسی ژینگە پارێزی لە ناو ئەدەبیاتدا، کتێبێکی زۆر دەبینین کە لەم بوارەوه تایبەت بە فێرکاریی ژینگەپارێزیی منداڵان و مێرمنداڵان لە ئاستی جیهانیدا چاپ کراوە، کە دەتوانین ئاماژە بکەین بە: تێنووسی بیرەوەرییەکانی کاربۆن(Carbon Diaries)، بەرهەمی ساچی لووید(SaciLioyd)، ئوتووبووسی قوتابخانەی جادوویی وگۆڕانی ئاو و هەوایی (The Magic School Bus and Climate Change)، بەرهەمی ژوان کۆل(Joanne Cole)ئاماژە بکەین

ژینگەپارێزی لە ئەدەبی منداڵان (ڕەخنە و لێکدانەوەی کتێبی” ژینگەپارێزم” بەرهەمی میترا ساعێدمووچێشی)
ئارش مێهرەبان

بارودۆخی ژینگەیی لە جیهاندا، بە دۆخێکی مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت، ئەگەر ڕۆژانە هەواڵی ڕوودانی کارەساتگەلێکی سروشتی لە ڕاگەیاندنەکاندا دەبیستین، هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەستێوەردانەی کە مرۆڤەکان لە سروشتدا به‌دی دێنن و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم کێشانە ڕوویان لە زیادبوون کردووە و ڕۆژ بە ڕۆژیش پەرە دەستێنێت. هاتنی شەپۆلی هەوای گەرم، زۆربوونی گازە گوڵخانەییەکان، گەرمبوونی گۆی زەوی، سووتانی دارستانەکان، بەتاڵانبردنیان و توانەوەی بەفر و چاڵاوە بەفرییەکان لە ئاستی جیهاندا، دڵۆپێک له ئاست زەریایەکن لەو کارەساتانەی کە ڕۆژانە پەرەدەستێنن. بوونی ئەم خەسارە جیدییانە لە کۆمەڵگای جیهانیدا، بە هەردوو جۆری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی کردۆتە سەر مرۆڤەکان، کە بێگومان پشکی منداڵان لەم خەسارەدا زیاترە و ئەم قەیرانە ژینگەییانە زیاتر لە هەموان بەسەر ئەواندا دەشکێتەوە. لە لێکدانەوەیەکدا کە ڕێکخراوەی پەروەردەیی، زانستی و فەرهەنگیی نەتەوەیەکگرتووەکان، (یوونسکۆUnesco) ئەنجامیداوە، بۆی دەرکەوتووە کە منداڵان و مێرمنداڵانی ٩( تا ١٨ ساڵ)، لە( ١٤) وڵاتدا بە زۆریی نیگەرانی کێشە جیهانییەکانن وەکوو، گۆڕانکارییەکانی ئاو و هەوا و سووتانی دارستانەکان کە ئەوان و هاوتەمەنەکانیان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و تووشی خەسارێکی قەرەبوونەکراوەیان دەکات. بوونی ئەم کێشانە بوونه‌ته هۆی ئەوەی کە بۆ چارەسەریان خودی منداڵان بێنە دەنگ و قوتابییەک بە ناو “گرێتا تۆتێنبێرگGreta Tintin Eleonora Ernman Thunberg ” لەگەڵ هاوپۆل و هاوتەمەنەکانیدا دەنگ هەڵبڕێت و خەڵکی دنیا و سیاستوانانی دنیا لەمەڕ ئەم کارەساتانە ئاگادار بکاتەوە. بەڵام دەبینین کە زۆرێک لە وڵاتانی دنیا، گوێی خۆیان لە ئاستی ئەم گرفتانەدا کپ کردووە و بگرە خۆیان لە ڕەوتی گەشەسەندنی ئەم قەیرانانەدا تاوانبارن.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم قەیرانانە و گرینگایەتیی ژینگە و پرسی ژینگەپارێزی دەبینین کە بەشێک لە ئەدەبیاتی جیهانی و لە دڵی ئەم ئەدەبیاتە بەرینەدا ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵانی هەر نەتەوەیەک، ته‌رخان کراوە بە پرسی ژینگە و بە هۆنینەوەی شیعر و خولقاندنی چیرۆک، بیر و زەین و سەرنجی منداڵانیان بەرەو ئەو شتانە ڕاکێشاوە، جێی خۆیەتی لێرەشدا ئاماژەیەک بکەین بە بوونی ڕاستەوخۆی سروشت و ژینگە و بە گشتی پێکهاتەی ژینگە لە ناو فۆلکلۆر، چیرۆک، شیعری فۆلکۆری تایبەت بە منداڵان وچیرۆکە (فابلەکانfabula) و گێڕانی ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆ لە ناو ئەو بەشە لە ئەدەبی زارەکیی هەر نەتەوەیەکدا. هەر بۆیە بە مەبەستی تێگەیشتنی واتایی خوێنەریش لەم چەمکە، پێویستە ئەو واتایە لە چوارچێوەی پێکهاتەی زمانی (وشە و ڕستە)دا دەرببڕدرێت.
بە چاوگێڕانێکی کورت بەناو ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵان و گەڕان بە دوای پرسی ژینگە پارێزی لە ناو ئەدەبیاتدا، کتێبێکی زۆر دەبینین کە لەم بوارەوه تایبەت بە فێرکاریی ژینگەپارێزیی منداڵان و مێرمنداڵان لە ئاستی جیهانیدا چاپ کراوە، کە دەتوانین ئاماژە بکەین بە: تێنووسی بیرەوەرییەکانی کاربۆن(Carbon Diaries)، بەرهەمی ساچی لووید(SaciLioyd)، ئوتووبووسی قوتابخانەی جادوویی وگۆڕانی ئاو و هەوایی (The Magic School Bus and Climate Change)، بەرهەمی ژوان کۆل(Joanne Cole)ئاماژە بکەین، و هاوکات ئاوڕێک بدەینەوە لە چیرۆکی “داری بەخشێنەر”ی شێل سیلوێرستاین(Shel Silverstein) کە چیرۆکی کوڕێکمان بۆ دەگەڕێنێتەوە کە سەرجەم پێویستییەکانی لە دارەکە داوا دەکات، سەرەتا بۆ دیلەکانێ و دواتر لق و پۆی دارەکە دەبڕێت. لەم بۆچوونە پاوانخوازەدا، پێوەندیی مرۆڤ و سروشت بەدی دەکرێت، دارەکە لە ڕۆڵی دایکێکی بەخشێنەر و مرۆڤایەتیشی له شێوازی منداڵێکدا نیشانداوە کە بەردەوام دواکارییەکانی لە دارەکە زیاتر دەبێت، تا ئەو شوێنەی کە چیدی هیچ شتێک لە دارەکە نامێنێتەوە و زۆرێک بەرهەمی دیکە لەم بوارەدا کە ڕۆڵ و ڕەنگدانەوەی سروشت و ژینگە لە ناو دەقی ئەدەبیاتی منداڵان پیشان دەدات کە هەوڵدەدرێت لە دەرفەت و بابەتێکی هاوچەشنی دیکەدا ئاماژەیان پێ بکرێت.
بە ئاوڕدانەوەیەکمان بە ناو ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵانی کوردستان، و بە تایبەتی بوونی ئەو دڵەدڵە ژینگەییانەی کە ساڵانێکە چالاکانی ژینگەپارێزیی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، ئەم پرسە جار جارێک سەرنجی نووسەر و شاعیران بەرەو لای خۆی ڕادەکێشێت کە پێویستە لێرەدا ئەو هەنگاو و دڵەدڵانە بەرز بنرخێنین. بەڵام ئایا بوونی ئەو کتێبانەی کە بە ناو، بۆ منداڵان دەنووسرێن، تا ئێستا لە ڕووی ناوەڕۆک و سایکۆلۆژیی منداڵانەوە هەڵسەنگێندراون؟ ئایا تا ئێستا خەسارناسییەکیان بۆ کراوە کە بزانرێت کاریگەریبوون یا نەبوونیان لە کۆمەڵگا و ئەدەبیاتی منداڵانی کورددا چۆن و لە چ ئاستێکدا بووە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە ئاوڕێک دەدەینەوە سەر یەکێک لەو کتێبانەی کە ماوەیەکی کەمە بەرهەم هاتووە؛ ئەویش کتێبی “ژینگەپارێزم” بەرهەمی میترا ساعێدمووچێشییەکە لە لایەن وەشانخانەی “بیرا”و لە ١٠٠٠بەرگدا بڵاو کراوەتەوە و بەرهەمێکە کە بۆ منداڵان نووسراوە.
هەر بەو شێوه‌ی کە بە ناوی کتێبەکەدا دیارە، پرسی زاڵ و سەرەکیی ئەم کتێبە، ژینگەیە و باس لە کۆمەڵێک دڵەدڵەی ژینگەپارێزی دەکات کە بە شێوازی هۆنراوە و لە ١٨ لاپەڕەدا پێشکەش کراوە و تایبەتە بە ئاستی تەمەنی (ب) لە منداڵاندا، کە منداڵانی پۆلەکانی یەک تا سێی قوتابخانە لە خۆ دەگرێت. (٦ تا ٩ساڵ). هۆنراوە ژینگەییەکانی ئەم کتێبە پێکهاتوون لەمانەی خوارەوە:”زەوی، پاراستنی دارستان، خەوی تاڵ، گوڵ، دار، ئاو، ژینگە و هەوا”، کە بێگومان هەموویان ئەو پرس و بابەتە گرینگە ژینگەییانەن کە مرۆڤ لەگەڵیاندا سەر و کاری هەیە. بۆ دەسپێک یەکەمین شیعری ئەم کتێبە بە ناوی “زەوی” دەهێنینە بەرباس و لێکدانەوە.
پڕ لە ئاوم ئەی مەردوم کوورەی زەویم و گردم
گیاندار و گوڵ و گیا دار و کانی و چیا
شەرتی بەقای ژیانە بۆڕەحەتی ئینسانە
بۆ ژینێکی خۆش و پاک ڕەوشتتان با ببێ چاک
نەخۆشم نەخەن ئامان بمپارێزن بە دڵ و گیان
با هەروا جوان بمێنم گۆرانی شاد بخوێنم
یەکێک لەو پرس و بابەتە سەرەکییانەی کە ڕۆژانە بووەتە مژارێکی سەرەکی لە ئەدەبیاتی منداڵاندا، ئامۆژگاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیە لەو دەقانەی کە بۆ منداڵان دەنووسرێن. بێگومان یەکێک لە کارکردەکانی شیعر بۆ منداڵان لایەنی فێرکاری و پەروەردەییە و لەم ڕێگایەوە دەکرێت هەندێ بابەتی زانستی و کۆمەڵایەتی و هونەری بە منداڵان فێر بکرێت. بەڵام بەکارهێنانی شیعر بۆ فێرکردنی ئامۆژگاری و نسحەتی ئەخلاقی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، ڕەنگە کاردانەوەیەکی پێچەوانەی هەبێت. (شەبانی، ٧٠: ١٣٩٩) بە داخەوە ئەمە بووەتە نەریتێکی نەرێنی لە ئەدەبی منداڵانی کورددا کە بە زۆری دەقی شیعری و بگرە پەخشانەکانیشمان لەو بابەتەوە دوور نین و هەڵگری کۆمەڵێک ئەمر و نەهیین کە بەسەر منداڵانیاندا سەپاندوە. بۆ وێنە لە شیعری یەکەمی ئەم کتێبە دا هاتووە کە زەوی، داوا لە منداڵان دەکات کە بیپارێزن و ئاگایان لێی بێت و بە شێوازی ئامۆژگارییەکی ڕاستەوخۆیانە دەریدەبڕێت.کە بە جوانی بوونی ئەو ئامۆژگارییە ڕاستەوخۆیانە لەم دێڕانەدا دەبینین: ڕەوشتتان با ببێ چاک/ نەخۆشم نەخەن ئامان/ بمپارێزن بە دڵ و گیان
یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە لە ئەدەبیاتی پەروەردەییدا بوونی هەیە، دەروونناسی منداڵانە، بەڵام پێویستە ئەوەشمان لە پێش چاو بێت کە ئەدەبیاتی پەروەردە جێگایەکی بۆ ئەمر و نەهی کردن بەسەر منداڵدا نییە، هەرچەند کە بە داخەوە زۆرجار ئەم بۆچوونەباوە کە منداڵ بوونەوەرێکی ناتەواوە و ئەرکی ئەدەبیات ئەوەیە کە دروستی بکات، لە کاتێکدا ئەدەبیاتی ئه‌وڕۆیی دنیا، بە پێی ئەم بنەمایە دێتە خولقان کە منداڵی بەشێکە ژیان.
شیعری دووهەمی ئەم کۆمەڵە شیعرییە بە ناو “پاراستنی دارستان” کە لێرەدا دەیهێنینەوە:
دارستانی سەوز و جوان پڕ لە گیانداری بێ زوان
کیسەڵ، مار و سمۆرە پەپوولەی جۆراوجۆرە
بلچ و سرنچک و بەڕوو گشت دارانێکن خۆڕوو
بە ئەمر و ڕەزای خوا گیان خەڵق بوون بۆ ژینی ئینسان
داخم کەسانێ دڵ ڕەق ئەشکێنن داران تەق تەق
یان شەقارتە دەردێنن دارەکان ئەسووتێنن
ژینگە دۆستانی دڵسۆز دڵیان پڕ خوێنە و پڕ سۆز
لە دەس کەسگەل خوانەناس هەرچەن هاتوونە هەراس
خامووش ئەکەن بە خوێنیان ئاگر، تا ماوە ژینیان
ئەی ئاگری دڵ تەزێن خەڵکی ئێمە نابەزێن
لەم شیعرەدا کۆمەڵیک چەمک و دەستەواژەی نامۆ دەبینین کە هێمایین و منداڵ لە تێگەیشتنیدا تووشی ئاڵۆزییەکی زۆر دەبێت. بۆ وێنە: بە ئەمر و ڕەزای خواگیان/ خەڵق بوون بۆ ژینی ئینسان/ لە دەس کەسگەل خوانەناس، کە منداڵێک لەو تەمەنەدا بە هیچ جۆرێک نازانێت کە کێ خواناس و کێ خوا نەناسە، یا لەم دێڕە؛/ئەی ئاگری دڵ تەزێن/ خەڵکی ئێمە نابەزێن/ کە بۆ منداڵێک، فامی ئەو جۆرە چەمکگەلە شتێکی مژاوییە و بە هیچ لەونێک نییە لە ئاستی تێگەیشتنیاندا. ڕیاڵ یان واقێع خوازی پێداویستیی هەرە گرینگی شیعری منداڵە لە ئاستی تەمەنی (ئەلف و ب)دا کە زەینی منداڵ توانایی لێکدانەوەی لێکچواندن و هێما و ئیستیعارەی نییە. (چایچی: ١٣٩٩) لێرەدا وا دەردەکەوێت کەو ئەو منداڵە ڕێک وەکوو گەورەساڵێک بیر دەکاتەوە، لە کاتێکدا ئەگەر وابێت ئەمە ئیتر منداڵ نییە بەڵکوو گەورەساڵێکە.
هەر لەو شیعرەدا دێڕێکیان هێناوەتەوە کە دیارە دەقاودەق لە زمانی فارسییەوە وەریانگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی. (دڵیان پڕ خوێنە و پڕ سۆز). کە لە کوردیدا ئێمە وشەیەکمان بەناو (دڵی پڕ خوێن) نییە و وەکوو کینایەش بەکار ناڕوات.
شیعری سێهەم لە ژێر ناوی “خەوی تاڵ” خەونی منداڵێک دەگێڕێتەوە کە لە خەویدا سووتانی دارستانی بینیوە و خەریکە دەیگێڕێتەوە، لەم شیعرە بە شێوازێکی ترسێنەر و هەژێنەر باسی کۆمەڵێک چەمک دەکات کە نەتەنیا بۆ منداڵان ناخۆشە، بەڵکوو بۆ کەسێکی گەورەساڵیش کارەساتە و کاریگەریی خراپ له ‌سه‌ریان دادەنێت کە بە پێویستی دەزانم کۆی شیعرەکە لێرەدا بهێنمەوە:
دوێشەو دیسان خەوم دی ژینگە پڕ لە ئەشغاڵە
شەقامەکان ئەگیریان تام ئاو کانیەکان تاڵە
تا هەر کوێ چاو بڕی بوو هەر ڕاوچی بوو و قەفەس
کەروێشک و سمۆرە و کەو ئازادییان چوو لە دەس
شەماڵەی ئاگر کێوان بەربوو لە گیانی داران
کیسەڵەکان ڕایان کرد بەڵام بە داخەو سووتان
دنیا تاریک و تار بوو جوانی سروشتمان تێک چوو
لە ترسا من ئەلەرزام دیم کە جەحانم چۆن بوو
بەهەشت یانێ سروشتمان ئەمانەتە لە لامان
هەموومانیش بەشدارین لە پاراستنی ژیان
پێویستە لێرەدا و پێش لە هەر باسێک پرسیارێک لە نووسەر و خوێنەرانیش بکەین، ئەوه‌ش ئەوەیە ئایا منداڵێکی تەمەن٦ تا ٩ساڵان دەتوانێت واتای “شەماڵەی ئاگر کێوان” لێک بداتەوە؟! ئایا هێنانی وێنایەکی لەو جۆرە لەسەر سایکۆلۆژیی منداڵ کاریگەریی خراپ دانانێت؟ یا لە درێژەی ئەو شیعرەدا باس لەو کیسەڵانە دەکات کە دەسووتێن و لەناو دەچن.
کیسەڵەکان ڕایان کرد/ بەڵام بە داخەو سووتان
بێگومان بوونی وێنایەکی کارەساتاوی لەو جۆرە و باسکردنی بۆ منداڵ، لە خودی ئەو کارەساتە گەورەترە و هەتا هەتایە ئەو کاریگەرییە خراپە بەسەریەوە لاناچێت و لە پێش چاوی وێنای دەکات. بوونی ئەم وێنایانە لە ئەدبیاتی منداڵانمان چ لە بەشی فۆلکلۆر و ئەدەبی زارەکیمان و چ لە ئەدەبی نووسراوەماندا، ڕەنگی داوەتەوە. هاوکات لەم شیعرەدا شاعیر زمانێکی وشک و ڕەقی بەکار هێناوە و زۆر دوورە لەو زمانە سادە و ساکارەی کە منداڵ چاوەڕێی دەکات و دوورە لەو هەست و ڕۆحییە شیعرییەی کە لە ئەدەبی منداڵان و بەتایبەت شیعری منداڵاندا هەیە.
شاعیر لە چەن شوێن لەم کتێبە و لەم شیعرەیشدا باسی کۆمەڵێک چەمکی ئایینی کردووە وەکوو: خوا، بەهەشت و جەهەنم و هتد؛ کەئەم چەمکانە سەرجەم ئەو خولیا و دڵەدڵانەن کە تایبەتن بە گەورەکان و دوورن لە دنیای واقێعی منداڵان، بگرە باسکردنیان بۆ منداڵانێکی لەو تەمەنە، دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێک گرفتی مانایی، سایکۆلۆژی و لێک-تێنەگەیشتنیان لە واتا و ئامانجی سەرەکیی شیعرەکە. شاعیر لەم شیعرەدا بە هێنانەوەی ئەم دێڕانە وەکوو: بەهەشت یانێ سروشتمان/ دیم کە جەحانم چۆن بوو/گەرەکیە ژینگە وەکوو بەهەشت پیشان منداڵان بدات و نەبوونی ژینگە و سروشتیش وەکوو جەهەنمێک وێنا بکات، بەڵام هەروا کە باسم لێکرد ئەم چەمکانە بۆ منداڵان نامۆن و ناچنە یانەی بیر و هزریانەوە و بگرە دەتوانێت کاریگەریی خراپیشیان بەسەرەوە دابنێت، وەبیرهانینەوەی دیاردەیەک وەکوو جەهەنم بۆ کەسێکی گەورەیش ناخۆش و هەڵگری دڵەڕاوکێیەکی زۆرە، ئێستا ئەگەر ئەم شتە بۆ منداڵێک باس بکرێت؛ بێگومان خەسارەکەی زیاترە و هۆکارە لە درووستبوونی کۆمەڵێک ترس و دڵەڕاوکێ لەو منداڵەدا.
بەداخەوە لەم شیعرە بە گشتی شاهێدی کۆمەڵێک وێنای دڵتەزێنین، وەکوو کوشتن، سووتان، جەحانم و ئاگر و ڕاو کە کۆی ئەمانە لە جێی ئەوەی کە چێژ بەخشبن بۆ منداڵان، خەمێکی قورسیان لا درووست دەکات. پێویستە ئەوەشمان لەبیر نەچێت، ئەرک و ئامانجی ئەدەبیاتی منداڵان ئەوەیە کە منداڵ دڵخۆش بکات و داهاتوویان جوان بکات، نەک ئەوەی کە هەر لە سەرەتای منداڵییەوە لەگەڵ کۆمەڵێک خەم و ئازار، ئاوێتەیان بکات. کەوایە پێویستە لە فێرکاریی ژینگەپارێزیی منداڵانداکۆی ئەو پێویستییە ناسێنکارانە، سۆزداری و دەروونناسی منداڵان لەبەرچاو بگیردرێت تا بە درووستکردنی حەز و خولیا لە بیر و هزریاندا، بگەین بەو ئامانجە فێرکارییانە و پەروەردە کردنیان، کۆی ئەو شتانەی کە لەم شیعرە و بەگشتی ئەم کتێبەدا هاتووە دڵەدڵەی گەورەکانن و هیچ پەیوەندییەکیان بە منداڵەوە نییە و نییە لە ئاستی تێگەیشتنیاندا.
شیعری “گوڵ”یش لەم کتێبەدا دیسانەوە وەک شیعرەکانی دیکەی ئەم بەرهەمە لە میسرەعی کۆتاییدا هەڵگری ئامۆژگارییەکی ڕاستەوخۆیە. /بمپارێزن ئازیزیان/

 

شیعری “دار”
سەر و چڵم شکاوە هێزی ژینم نەماوە
من کە دارێکی سەوز بووم تەواو گیانم سووتاوە
من نازانم چی لێ هات عەقڵ و ڕەحمی ئەم خەڵکە
من کە سەیرانگایان بووم ڕۆحم ڕەش و بێڕەنگە
بۆ فرووشی دارەکان هاوساکانمیان قرتان
جوبران ناوێ ئەم هەڵە بەریان بگرن سەد ئامان
دار زینەتی ژینگەیە مناڵەکانی شیرین
جوانە قەدریان بزانین گشتمان بیانپارێزین
لێرەیشدا کۆمەڵێک وشە دەبینین کە منداڵ ناتوانێت لێیان تێ بگات. کاتێک کە مرۆڤ ئەم شیعرە دەخوێنێتەوە هەست دەکات کە زیاتر لەگەڵ شاعیرێکی گەورەساڵ و بەردەنگگەلێکی گەورەساڵدا ڕووبەڕووە، چون کۆمەڵێک دەستەواژەی تێدا بەکار هێنراوه کە هێنانی تەنیا لە شاعیرێکی گەورە و خوێندنەوەی خوێنەرێکی گەورەساڵەدا دەوەشێتەوە.
کام منداڵ هەیە بتوانێت لە واتای هێزی ژین تێ بگات؟! کام منداڵ هەیە دەنگ هەڵبڕێت و زۆر ڕاشکاوانە بڵێت کە من نازانم عەقڵ و ڕۆحمی ئەم خەڵکە چی بەسەرهاتووە؟ کام منداڵ ئاستی تێگەیشتنی ئەوەندە زۆرە کە بزانێت ڕۆحێکی ڕەشبوو یانێ چی و بۆچی بێڕەنگە؟! ئیتر باسی دێڕە کۆتاییەکانی ئەم شیعرە ناکەم کە دیسانەوە بە ئامۆژگاریی ڕاستەوخۆ کۆتایی هاتووە.
شیعری “ئاو”
ئاوم و هێزی ژینم کە یەک جێگا نامێنم
هەر شوێنێ کە سەرسەوزە پڕ لە دارانی بەرزە
بە بۆن منەو بەهێزە ئاو داراییک جێی ڕێزە
بۆ ئینسان و بۆ ژینگە بوونی شتێک گرینگە
نەیژن تا دنیا ماوە ژینگەمان هەر پاراوە
هەزار کوورەی پڕ لە ئاو نەزانکار ئەیکا خراو
هەم گەورە و هەم منداڵان دستی پێیەو بگرن ئامان
لە بەیتی:بۆ ئینسان و بۆ ژینگە/ بوونی شتێک گرینگە
شاعیر لێرەدا باسی بوونی شتێکی گرینگ دەکات کە بۆ مرۆڤ و ژینگە گرینگە، لە کاتێکدا کە خوێنەر لەو چاوەڕوانییەدایە کە شاعیر لەبارەی ئەو شتە گرینگەوە قسە بکات، بەیتێکی دیکە دەست پێدەکات کە هیچ پێوەندییەکی بە بەیتی سەرەوە نییە و لێرەدا دەبێتە هۆی درووستبوونی کۆمەڵێک پرسیار بۆ خوێنەر، کە دەبێت ئەو شتە گرینگە چی بێت کە باسی لەسەر نەکرا؟!.
لە یەکێک لە بەیتەکانی دیکەی ئەم شیعرەدا شاعیر دەڵێت:
هەزار کوورەی پڕ لە ئاو/ نەزانکار ئەیکا خراو
لێرەدا شاعیر “گۆی زەوی/ یا هەر ئەو کورە خرتەی بە کوورە هێناوە کە لە زمانی کوردی و زۆرێک لە زارەکانی دیکەدا بە واتایەکی دیکە هاتووه و ئەو مەبەستە ناگەیەنێت. لە دێڕی دووەمی ئەم شیعرە شاعیر دێڕێکی نامۆی هێناوە کە ئیدیۆمێکی لەو جۆرە بە زۆری لە ئەدەبیاتی گەورەکاندا بەکار دەڕوات و لەناو وتووێژی ڕۆژانە و هزری منداڵانەدا جێگایەکی نییە. بوونی ئەم ئیدیۆمە دەبێتە هۆی درووستبوونی کۆمەڵێک پرسیاری بێ وەڵام لە زەینی منداڵاندا کە ئاکامیشی بێ وەڵامییەکی زۆری لێ دروست دەبێت و کۆمەڵێک بیرکردنەوەی داڵغەهێنەر کە نەزانکار چییە و چۆن دەتوانێت گۆی زەوی خراپ بکات.
میسرەعی کۆتایی ئەم شیعرەیش وەک بەیتەکانی دیکە ئامۆژگاری ڕاستەوخۆ نەبێت هیچی دیکەی تێدا بەدی ناکرێت.
شیعری “ژینگە”
ئامۆژگاریی ڕاستەوخۆ، بە گشتی بەسەر ئەم شیعرەدا زاڵە وەکوو ئەوەی کە لەم دێڕانەدا دەیبینن: پیسی ناکەم دەر و دەشت/ ناوێ گوڵ بقرتێنین/ پیسی نەکەین کانی و چەم/ بیپارێزین سەدان ساڵ
لە بەیتی: لەلای ڕۆڵەی مۆسۆڵمان/ تەمیسی یانێ ئیمان
جارێکیتر لە کۆمەڵک چەمک و دەستەواژەی ئایینی کەڵک وەرگیراوە کە پێشتر لەسەر ئەم تەوەرە باسمان کردووە و وتمان کە ئەم وشانە و هێنانی لە ناو دنیای منداڵاندا، بێجگە لە درووست کردنی سەرلێشێواییەک هیچی دیکەی بەدواوە نییە و نییە لە ئاستی فام و تێگەیشتنیاندا.
دوایین شیعری ئەم کۆمەڵە شیعرییە بە ناوی “هەوا”یە کە ئەم شیعرەیش بەسەر ڕێچکەی شیعرەکانی پێشوودا ڕۆیشتووە و بەرییە لە هەموو چەشنی خەیاڵ و دنیایەکی منداڵانە.
شاعیر لەم کتێبەدا لە کۆمەڵێک وشەی فارسی کەڵکی وەرگرتووە کە دیارە دەیتوانی لە جێی ئەو وشە فارسییانە کەڵک لە وشەی سادەی کوردی وەربگرێت و کێشەی سەروا، ڕەدیف و کێشی شیعرەکانیشی پێ چارەسەر بکردایە‌ت. لێرەدا ئەو وشە فارسییانە دەهێنمەوە کە شاعیر بەکاری بردوون وەکوووشەکانی “زینەت، فرووشی، دارایی، بیمار، بقا، خامووش.”
بە گشتی خاڵی لاوازی ئەم کتێبە دێتە سەر ئەم شتانەی خوارەوە:
نەبوونی خەیاڵ لە شیعرەکان
بەم پێیە دەتوانین بێژین کە شیعری منداڵ وتارێکی کێشدار یا هۆنراوەیەکی خەیاڵاوییە کە سۆز و هەست و خوستی منداڵ دەبزوێنێ و لە ناخیدا مۆسیقایەکی ئارامیش بەدی دەکرێت، منداڵ لە شێعرێک کە تێیدا باس لە خەون و خەیاڵاتەکەی بکرێت، چێژ دەبات. بەم بۆنەوە حەز دەکات ئەو شیعرانەی کە وەها جیهانێکی بۆ دەخولقێنن، بیخوێنێت و لەبەر خۆیەوە دەیبێژێت و دەبێتە مەلەکەی زەینی. شیعری منداڵان، وەک ئاوێنەیەک وایە لە بەرامبەر منداڵدا کە ئەگەر خۆی تیا ببینێت، ئیتر ئەو شیعرە، بە هی خۆی دەزانێ و ئەگەریش وا نەبوو، لەگەڵیا هەست بە نامۆیی دەکات. شیعری منداڵ دەبێ ڕەنگدانەوەی پێداویستییە دەروونی و واقیعییه‌کانی منداڵ بێت و بابەتەکانی شیعری منداڵ، باش وایە پەیوەندیی هەبێت بە جیهانی منداڵی تاکوو بە سانایی لێی تێبگات و لە ژیانی خۆیدا وەکوو ئەزموونێک بەکاری بهێنێت. (شەبانی، ٦٢: ١٣٩٩)
نەبوونی زمانێکی سادە و پاراو
پاتریک گراف ڕەخنەگری شیعری منداڵان بیرۆکەی خۆی وەها دەردەخات کە شیعر سەرەڕای دەکارکردنی فۆرمە شیعرییەکان دەشێت بتوانێت مانای زیاتر و بانتر لە وشەکاندا دەربخات و ئیشی لەسەر بکات. ئەو ئاوەها باس لەم بیرۆکەیە دەکات: ڕەنگە بەکاربردنی داهێنەرانەی کۆمەڵێک وشەی سادە و ساکار ساناترین و باشترین و ڕوونترین شێوازی هەڵبەستنی شیعر بێت.
بوونی زمانێکی سادە و پاراو لە شیعری منداڵان، یەکێکە لەو تایبەتمەندییە سەرەکییانەی کە دەبێت لەم ئەدەبە تایبەتەدا ڕاچاو بکرێت. ئەو زمانە شیعرییەی کە تایبەت بە منداڵ بەکار دەبرێت دەبێت لە هەر چەشنە دژوارییەک دوور بێت و منداڵ بە سانایی لێی تێبگات کە ئێمە لەم کتێبەدا زۆر کەمتر شاهێدی ئەو زمانە سادە شیعرییە بوون.؛ و هەر ئەوەیش دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە و پەراوێزگرتنی منداڵ لەم کتێبە.
نەبوونی ئەدەبیاتی پەروەدە و کەڵک وەرگرتنلەئامۆژگاریی ڕاستەوخۆ و نەهێشتنەوەی چێژ لە شیعرەکان¬دا
گەرچی ئەرکی پەروەردەیی و فێرکاریی منداڵ لەسەر شانی بنەماڵە و پسپۆڕان و کارناسانی ئەم بەشەیە، بەڵام هونەرمەند ڕۆڵیکی گرینگ و سەرەکیی هەیە. (چایچی: ١٣٩٧) هەر بۆیە ئەدەبیات ئامرازێکە بۆ کۆمەک بە منداڵی ئیمڕۆیی. ئەدەبیات دەتوانێت منداڵان لەگەڵ ژینگەدا ئاشنا بکات، ئەگەر لە نووسینی دەقەکانماندا چێژ و فێرکردن پێکەوە ئاوێتە بن، تایبەتمەندییەکانی سروشت و ژینگە، وێنایەکی جوانتر لە پێش چاوی منداڵ دەخولقێنێت، بۆیە تەنیا ڕوانینێکی فێرکارییانە لە ئەدەبیاتدا چیدی وەڵامدەری منداڵی ئیمڕۆیی نییە و ئەگەر پێشتر ٩٠ لەسەدی ئەو کتێبانەی کە بۆ منداڵان دەنووسران، تایبەت بوون بە پرسی پەروەردەیی منداڵانەوە و ١٠ لەسەدیان چێژی تێدابوو، ئێستا جێگای ئەمانە گۆڕدراوە و زیاتر ئەو چێژە خۆی نیشانداوە. لەم کتێبەیش هاوچەشنی زۆرێک لەو کتێبانەی کە بۆ منداڵان نووسراون، کەڵک لە ئامۆژگاریی ڕاستەوخۆ وەرگیراوە لە ڕووی نیشاندانی پرسی پەروەردەیشەوە دیارە کە به‌هەڵە تێگەیشتنێک لەلایەن نووسەرەوە درووست بووە. هەر ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە خوێنەر، کە منداڵێکی تەمەن ٦ تا ٩ساڵانە، بەردەوام هەست به‌وه بکات کەسێک بەسەر سەریەوە وەستاوە و ئه‌مر و فه‌رمانی پێ ده‌دات.
نەبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان کێش، سەروا و ڕەدیفی هەندێک لە شیعرەکان
یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە شیعرێک سەرنجی منداڵ بەرەولای خۆی ڕابکێشێت،کێش، سەروا و ڕەدیفی ئەو شیعرەیە کە دەتوانێت لەسەر جوانکاریی ئەو شیعرەدا کاریگەریی دابنێت. کێش و سەروا هەردووکیان دەتوانن لە جوانکاریی شیعریدا کاریگەریی باشیان هەبێت، بەو مەرجەی خەیاڵ و وێنە زەینییەکانی شاعیر سنووردار نەکەن. ئەم کتێبە وێڕای ئەوەی کە دوورە لەو خەیاڵە منداڵانە، لە هەندێک لەو شیعرەکانیشدا کێشەی سەروا، ڕەدیف و کێش بە ڕوونی دیار و بەرچاوە و لە زۆر شوێندا کۆمەڵێک وشەی بەکارهێناوە کە تەنیا لەبەر ئەوە بووە کە کێشەی سەرواکەی پێ چارەسەر بکات، دەنا هیچ کارکردێکیان لە شیعرەکاندا نییە.
سەرچاوەکان
1. دەستەی نووسەران (١٣٨٩) کۆمەڵە وتاری یەکەمین کۆڕی نێونەتەوەیی ئەدەبی کوردی، سنە، زانکۆی کوردستان
2. فەلاح، شەریف (١٣٩٧) دەلاقە،ڕابوون ( شیعری هاوچەرخی کوردی لەکوردستانی ئێران) سنە، ماد
3. قزل ایاغ، ثریا: (1382)ادبیات کودکان و نوجوانان و ترویج خواندن ، تهران، سمت
4. شەبانی، ئەحمەد: (١٣٩٩) شیعری منداڵان بە کەیفی گەورەساڵان: خوێندنەوەی شیعری کوردیی منداڵان لە کوردستانی ئێران، سنە، دوفصلنامه ادبیات کُردی، پژوهشکده کُردستانشناسی دانشگاه کُردستان