ڕەوانکاویی وێنە و شوناس لە ئەدەبیاتی منداڵاندا لە ڕوانگەی لاکانەوە”
ڕەوانکاویی وێنە و شوناس لە ئەدەبیاتی منداڵاندا لە ڕوانگەی لاکانەوە”
نووسەر: پیتێر هانت
وەرگێڕان: یاقووب خزری
پێشەکی
ڕەوانکاوی بە پشتبەستن بەسەر قۆناغەکانی گەشەی رەوانیی منداڵ، یەکێکە لە گرینگترین بەستێنەکانی زانست کە لە ئەدەبیاتی منداڵاندا دەکرێ سرنجی بدرێتێ. توێژینەوەی تێئۆرییەکانی فڕۆید و لاکان لە پێوەندی لەگەڵ قۆناغەکانی گەشەی ڕەوانی و هەروەها شوناسی منداڵ لە ئەدەبیاتی منداڵاندا، یارمەتیمان دەدا بە وردبینییەکی زیاترەوە جێگە و پێگەی ڕەوانی منداڵ لە ڕوانگەی نووسەری دەق، نیگارکێش و خوێنەر دیاری بکەین.
تێئۆرییەکانی ڕەوانکاوانەی فڕۆید، بە وردبوونەوە لەسەر قۆناغە جۆراوجۆرەکانی پێگەیشتنی جنسی و گەشەی فکریی منداڵ دەست پێدەکا. بۆیە وێدەچێ خاڵی هاوبەشی هەبێ لە گەڵ ڕەخنەی ڕەوانکاوانە لە چوارچێوەی ئەدەبیاتی منداڵاندا. بەشێک لە ڕوانگەکانی فڕۆید هەر لە سەرەتاوە پێوەندی بە ئەدەبیات و هونەرەوە بووە. ئەگەر فڕۆید بە یەکەمین ڕەخنەگری دەقە ئەدەبی و ئاسەوارە هونەرییەکان(هەڵبەت لە چوارچێوەی ڕەخنەی ڕەوانکاوانەی ئەدەبی و هونەریدا) بزانین، دەکرێ بڵێین توێژینەوەکانی لەو چەشنە تەمەنیان کەمتر لە سەد ساڵە. فڕۆید بە کەڵک وەرگرتن لە هێندێک واتا و ئوستوورە ئەدەبییەکان حەولی دا ڕوانگەی خۆی بناسێنێ. سرنجی وی بە دەقە ئەدەبییەکان، ئاسەوارە هونەرییەکان و ژیانی هونەرمەندان بە تایبەت ” لێئۆناڕدۆ داوینچی” نیشانی دا شوێنەواری ڕەوانناسانەی ئەزموونەکانی دەورانی منداڵیی هونەرمەند، خاوەن گرینگایەتییەکی ئەوتۆن لە خوڵقانی ئاسەوارە هونەرییەکاندا. بە واتایەکی تر ڕۆڵی ناواخنەکانی ڕەوانیی هەر هونەرمەندێک لە خوڵقانی ئاسەوارێکدا( لە ئەدەبیاتی منداڵاندا دەتوانێ نووسەر یا نیگارکێش بێ) بۆمان دەردەخا گەڕانەوە بۆ دەورانی منداڵی لە لایەن هونەرمەندەوە چەند کاریگەرە لەسەر داهێنان و ئافراندندا. ڕەوانکاوی بە پشت بەستن بە دوو چەمکی گرینگ لەگەڵ نیشانەکانی نێرۆسی(neurosis) و مەکتەبە جۆراوجۆرەکانی رەواندەرمانی ڕووبەڕوو دەبێتەوە، لەو پڕۆسەیەدا لایەنی لۆژیکی قۆناغەکانی گەشەی منداڵ بەردەوام تووشی گۆڕان دەبنەوە. ئەو دوو چەمکە بریتین لە: پڕەنسیپەکانی گەشە لە پێکهاتەی ڕەوانی منداڵ هەم لە روانگەی خوێنەر و هەم لە ڕوانگەی خوڵقێنەری دەق(نووسەر و نیگارکێش) و هەروەها پشت بەستن بە بەرگریمانەکانی(پیش فرض) ڕەوانکاوانەی ئەو دووانە. ئامانجی ڕەخنەگر بەکارهێنانی مەفهوومگەلی ڕەوانکاوییە بۆ باشتر دەرک کردنی بایەخەکانی کۆمەڵگا و شوناسی ئەو منداڵانەی بە یارمەتی وێنە و وێژە دەیانهەوێ لەگەڵ جیهانی ئاڵۆز، نامۆ و بەلەززەتی دەرەوە ئاشنا بن.
تەفسیر و لێکدانەوەی جیهانی دەرەکی و غیرەتێکی نەناسراو لە ڕەوایەتی داستاندا، منداڵ هان دەدا بۆ ناسینی مانای ئێگۆ(ego)؛ لە درێژەی ئەم پڕۆسەیەش دا منداڵ بە سەیرکردن لە قوڕنەیەکی(قارە) تاریک، بەربەرین و نادیاری ڕەواندا، لەگەڵ مێکانیزمەکانی زمان ئاشنا دەبێ. کەشفی گەورەی لاکان دۆزینەوەی مێکانیزمەکانی زمانە.
لە پانتایی زماندا، ” خوازە” و ” مەجاز” ڕێک ئەو کارەی دەکەن کە هزر لە رێگای دوو ئامرازی ” گوشار” و ” جێگۆڕکێ ” ئەنجامی دەدا. لە زماندا وشەکان، واتایەکی تایبەت دیاری ناکەن و زنجیرەی بێ کۆتایی دالەکان تووشی بێ دەرەتانی(گریزناپذیری) دەبن و بەردەوام هەڵە دەکەن. لە نیگارکێشی کتێبی منداڵاندا، ئەو دالانە دەبن بە نیشانەگەلێک لە نەست و بە شێوەی حەز و ئاواتە وەدینەهاتووەکان ئاشکرا دەبن. نووسەر یا نیگارکێش تایبەتمەندییەکانی وێنەیی و وێژەیی بەکار دێنێ بۆ دیاری کردنی پێوەندی دال و مەدلوولەکانی لاکانی لە رێگای نیشانەگەلی زمانییەوە؛ سەرچاوەی ئەو تایبەتمەندییانەش دەگەڕێتەوە بۆ حەز و ئاواتەکانی منداڵ لە قۆناغەکانی گەشەی ڕەوانیدا. بە واتایەک پێوەندی نێوان دالەکان زنجیرە ماناییەکی جیاواز ساز دەکەن. چونکە نەستی مرۆڤ ناسەقامگیرە، تایبەتمەندییەکانی وێنەیی و وێژەیی هەوێنی حەز و ئاواتەکانی دەورانی منداڵی نووسەر، نیگارکێش و یا تەنانەت بەردەنگەکانیشە.
دالەکان ناسەقامگیرن. لە مەفهوومی دریداییدا زنجیرەی دالەکان بەردەوام لە حاڵی گەمەیەکی زمانەوانی دان. هەر وێنەیەک لە داستاندا منداڵ بۆ لای وێنەیەکی تر رادەکێشێ. راست وەکوو ئەو وشانە و واژانە(پەیڤ) وایە، ئێمە بۆ لای ڕەوایەتی ئەسڵیی داستان پەلکێش دەکا. گرینگتر لە هەموو شتێک ئەوەیە لە پڕۆسەی بەکار هێنانی واژەی وێنەیی(واژە تصویری) لە داستاندا پێویستە هاوسەنگییەک بەرقەرار بێ لە مەودای نێوان گۆڕەپانی ئەمری خەیاڵی و واقیعیدا. هەر وەک دەزانین منداڵ بەرامبەر دایک هەستێکی یەکبوون و نیزیکایەتی هەیە، کاتێک لەو قۆناغەدا خۆی لەو هەستە دەرباز دەکا لە حەقیقەتدا رووبەڕووی ئەمری هێمایی دەبێتەوە و وردە وردە ئەو هەستەی لە سەرەتادا دەستەبەری کردبوو لە دەستی دەچێ. نەبوون یا کەم بوونی ئەو هەستە دەبێتە هۆکارێک بۆ وەی کە منداڵ بە یارمەتی کەسانی تر فێری زمان بێ و پێویستییەکانی خۆی دابین بکا. لە راستیدا ئەو شتەی لە پڕۆسەی گەمەی وێنەیی و وێژەیی لە داستاندا دەقەومێ، جێگۆڕکێی نێوان ئەمری خەیاڵی و ئەمری واقیعییە. ئەم گەمەیە هەمان ئەو وەهمەیە لە کاتی نەبوونی(فقدان)دا بۆ مرۆڤ ڕووی دەدا، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ مەسئەلەی دابین نەکردنی پێویستییەکانی منداڵ لە لایەن دایکییەوە. بۆ وێنە فڕۆید لە لێکۆڵینەوەیەکی تەک ئەزموونی لە کتێبی ” ئەوپەڕی لیبیدۆ “دا باس لە خوشکەزاکەی دەکا تەمەنی هەژدەمانگانەیە و خەریکی یاری کردن بە فڕفڕەیە. فڕفڕەکەی داوێ و دەڵێ فۆڕت(لە زمانی ئاڵمانی دا بە مانای “رۆیشت”ە) پاشان بەنی فڕفڕەکەی بۆ لای خۆی رادەکێشێ دەڵێ: دا یانی ” ئێرە”. فڕۆید دەڵێ: ئەم یارییە رۆڵێکی نمادینی بۆ منداڵ هەیە و رێگایەکە بۆ کەم کردنەوەی دڵەڕاوکێ لەو کاتانەی دایکی لەوێ نییە و لێی دوورە. لە حەقیقەتدا دووبارە هەست بە نەبوونی ئۆبژەیەکی خۆشەویست دەکا، کاتێکیش فڕفڕەکەی بۆ لای خۆی دەکێشێتەوە چێژ وردەگرێ.
لە راستی دا واژەکان بە شێوەیەکی هێمایی دێنە ناو جیهانی منداڵانەوە. وێنە لە داستاندا هێمایەکە لە نەبوونی ئەو ئۆبژەیەی منداڵ ئارەزووی دەکا و تامەزرۆیانە بە دوایدا دەگەڕێ. منداڵ خوازیاری گەیشتن بە کەماڵە، ئەو خۆی بە پڕۆسەیەکی نەوێستاوی(سیال) سەمبۆلیک لە داستاندا دەسپێرێ تا لە نەهایەتدا ئۆبژەی لەدەسچوو دەستەبەر بکاتەوە. لێرەدا حەز و پێویستییەکانی منداڵێک کە تازە لەگەڵ جیهانی راستییەکان ڕووبەڕوو دەبێتەوە لە قۆناغی خەیاڵی تێدەپەڕێ. شەڕی نێوان جیهانی ئاڵۆز و دژواری دەرەکی و وێناکردنی خۆی وێچوویی هەیە لەگەڵ یاری فڕفڕە. داستانی منداڵانە چەشنێک راهێنانە بۆ ململانێی نێوان ئەمری واقیع و خەیاڵی. نەتیجەی ئەو کارەش دەبێتە هۆکارێک بۆ وەی کە منداڵ لە دنیای سەمبۆلیکی داستان و وێنەدا خۆی لە شوناسێکی ئۆبژەیی بێدەسەڵاتڕا بگوازێتەوە بۆ قۆناغی سووژەیەکی کارتێکەر(سوژە کنش گر) لە کۆمەڵگادا(دگربودگی). کاتێک منداڵ بە دوای نیشانە وێنەیی و واژە داستانییەکاندا دەگەڕێ، لە حەقیقەتدا خوازیاری دەستەبەر کردنی نیازەکانی خۆیەتی بە شێوەیەکی سەمبۆلیک لە دنیای خەیاڵیدا. منداڵ دەزانێ غەیر بوونی هەیە؛ هەرچەند ئێستاش خۆی بە تەواوەتی نەناسیوە و هێندێک لە مەفهووم و فاکتەرەکانی ناو داستان وەکوو غەیر دەبینی کە دەتوانێ مەکۆی ئەمنییەت بێ بۆ منداڵ و هەروەها هەمزادپێنداریشیان لەگەڵ بکا. ئەو مەفهووم و فاکتەرانە لەوانەیە قارەمانی داستان، پەرستگەی زێڕین، عەشقی ئەبەدی و هتد بێ. چونکە قارەمانی ئوستوورەکان لە هەر وڵاتێک بەسەر هەموو گیر و گرفتەکاندا زاڵ دەبێ. رۆستەم، هێرکوول، زیگفڕید و هتد هێمای مرۆڤێکی چاو لەدەستن کە دەیهەوێ خۆی لە قۆناغی شوناسێکی ئۆبژەیی را بگوازێتەوە بۆ قۆناغی سووژەیەکی کارتێکەر. هەروەها بە هەمزادپێنداری لەگەڵ ئەو قارەمانانە بە ئەمنییەتی ڕەوانی دەگا. فەهمی ئەو لە کەسایەتییەکانی داستان وەکوو کەسایەتییەکی بێ کەم و کۆڕی دەبێتە هۆی وەیکە هەم چێژێکی یەکجار زۆر لە داستان وەربگرێ هەم لەگەڵ کەسایەتییەکان خۆی بکا بە یەک . وێناکردنی بێ کەم و کورت لە قارەمانەکانی داستان و بەراوردکردن لەگەڵ وێنای چاو لەدەستی خۆی، هۆکارێکە بۆ وەی هەستی بەدواداچوون و گەڕان لە منداڵدا ساز بێ و بۆ ئەو هەستە پەنا دەباتە جیهانی دەرەکی. لە راستیدا ئەو شتانەی منداڵ لە دەڤەری(محیط) خۆی وەری دەگرێ بە جۆرێک بەستراوەتەوە بە ڕادەی تێگەیشتنی ئەو لە ئێگۆکەی(ego). کەواتە ئەو شتەی دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی دەرکی منداڵ، ئۆبژەیەکی ناڕوون و نەناسراوە. هەر وەک هۆسرێل لە چوارچێوەی مەکتەبی دیاردەناسی دا لەسەر ئەو باوەڕە بوو: ” شتەکان یا بوونی ئۆبژەکانی جیهان ئاکامی تێگەیشتنی ئێمەن”. هەر بۆیە ئەو شتانەی منداڵ دەرکی ناکا، پێی وایە سەیر و سەمەرەن و هەرگیز ڕوو نادەن. سەرەتای دەرک و تێگەیشتنی منداڵ لە کەسێتی خۆی هاوکاتە لەگەڵ قایل بوونی جیاوازی لە نێوان خۆی و جیهانی سەیر و سەمەرەی دەرەوە.
لە ڕوانگەی لاکانەوە تاک کاتێک خۆی لە دەڤەر جیا دەکاتەوە، لە حەقیقەتدا سەرەتایەکە بۆ پڕۆسەی گەڕان بە دوای شوناسدا. منداڵ بە تێپەڕاندنی قۆناغی ئاوێنەیی و جیاوازی قایلبوون لە نێوان خۆی و وێنەکەیدا دێتە ناو ئەو پڕۆسەیە. منداڵ لەو قۆناغەدا دەیهەوێ خۆی وەکوو تاکێکی سەربەخۆ بناسێ و ئەوەش بزانێ سەرەڕای سەربەخۆ بوونی، وێچوویی هەیە لەگەڵ خەڵکانی تر.ئەو هەمزادپێندارییە جۆرێک خراپ تێگەیشتنە لە خۆی. بەڵام وێنەی ناو ئاوێنەکە تەنیا وێنای خۆی نییە لە وێنەکەی، دایکیش لەو خراپ تێگەیشنەدا رۆڵی هەیە و پێی دەڵێ: ئەوە تۆی و بەو پێیە هەمزادپێنداری لە منداڵدا بەهێز دەکا. وەکوو لاسایی کردنەوەی منداڵان لە بەتمەن، زۆرۆ، سووپێڕمەن و نموونەکانی نوێتر وەکوو ” سپایدێڕمەن” و ” هەری پاتێر”.
منداڵ گومانی وایە هەمان ئەو بوونەوەرە کامڵ و بێ کەم و کورتەیە. ئەو بە هەمزاپێنداری لەگەڵ مۆدێلێک بۆ کردارەکانی خۆی، وێنەیەکی ئاوێنەیی بێ کەم و کورت لە خۆی ساز دەکا و بە وتەی لاکان ئەو خراپ تێگەیشتنە دەبێتە زرێیەک(زره) بۆ سووژە. وەهمێک لە کامڵبوون جەستەیەکی چەند پارچەکراو دادەگرێ و ئاگاداری لێدەکا. لە روانگەی لاکانەوە، لە هێندێک لایەنەوە، ئێگۆ خەیاڵات و هەمزادپێندارییەکە لەگەڵ وێنەی دەرەکی؛ نەک دەرکێکی لۆژیکی لە شوناسێکی سەربەخۆ. لە ڕەوانکاوی و قۆناغی ئاوێنەییدا، منداڵ بە هەڵە ئێگۆیەکی ئاڕمانی بۆ خۆی ساز دەکا. ئێگۆی ئاڕمانی دەروونییە و بەم جۆرە شوناسی منداڵ لە ڕێگای هەمزادپێندارییەکی نادرووست ساز دەبێ. کاتێک منداڵ چاو لە وێنەکانی ناو داستان دەکا و هەروەها لەگەڵ قارەمانەکانی ناو داستان هەمزادپێنداری دەکا لە راستیدا خەریکە شوناسی خۆی دەستەبەر دەکا و فۆڕمی پێدەدا. ئەو بە مەبەستی خۆپاراستن لەگەڵ قارەمانەکانی داستان خۆی دەکا بە یەک، لە حەقیقەتدا بە دوای قەرەبوو کردنەوەی دیاردەی ” نەبوونی ئێحساسی یەکڕەنگی(یگانگی) لەگەڵ دایک”ە کە لە سەرەتادا بەدی نەکردبوو. بەڵام ئەو خراپ تێگەیشتنە لە خۆی، هیچ کات لەگەڵ کەسایەتییەکەی سازگار نییە. لە ڕاستیدا منداڵ پێی وایە خۆی غەیر یا هەمان وێنەی ناو ئاوێنەیە(یا داستان) و بە کەڵک وەرگرتن لە دوو دیاردەی فەرافکەنی و پاڕادۆکس وجوودی غەیر ئیسبات دەکا. لە نەهایەتدا دەبینین منداڵ لە پڕۆسەی خودئاگاییدا، تەنیا غەیر دەناسێ و خۆی هەمان غەیر وێنا دەکا.
تا ئێرە بۆمان دەرکەوت ئەوەی لەو پڕۆسەیەدا یارمەتی منداڵ دەدا تا خۆی بناسێ تێکەڵ بوونەوەیەکی عەقڵانی لەگەڵ غەیرە کە دەبێتە هۆی شکڵ گرتنی ئێگۆ و لێک جیاکردنەوەی وێنەی خەیاڵی و مەجازی لەگەڵ وێنەی راستەقینە. وێنەیەکی بێ کەم و کورت لە خۆی کە هەوێنی نارسیسیزمە پێی دەسەلمێنێ جیهانی خەیاڵ، جیهانێکی بێ کەمایەسییە. ئەم جیهانە وێنایەکی هێمن، پتەو و بەشکۆی پێ دەبەخشێ. منداڵ بە گەڕان لە دنیای خەیاڵی داستاندا ئاواتەخوازی ورووژێنەرێکە بۆ ئاشکرابوونی حەقیقەت. بێ گومان ئەگەر جیهانی خەیاڵ نەبوایە، حەقیقەت و باوەڕمەندی بە حەقیقەت هیچکات وەبەر چاو نەدەهات. لە درێژەی گەشەی ڕەوانی منداڵدا وەهمی نارسیسیزم لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پارچەپارچە بوونی حەقیقەتدا تووشی وەستان دەبێ و وەدوا دەکەوێ، ئەم جێگۆڕکێیە لە رێگای زمانی وێنەیی و وێژەییدا بە ئەنجام دەگا. ئەو، وەهمەکەی لە قارەمانی داستاندا دەبینێتەوە و سووژە هەر دێت و گەورەتر دەبێ. لە ڕاستیدا ئەو سووژەیە وێنەیەکی مەجازییە کە دەگۆڕدرێ ودەبێتە بایەخگەلی بەکەڵکی کۆمەڵگا و(دلێرییەکان، هەقایەتەکان، کلتوور و…) منداڵ لەگەڵ جیهانی رێئاڵ رووبەڕوو دەبێتەوە.
لاکان باس لە مەفهوومێکی تر دەکات بە نێوی “فانتێزیای نەست” (فانتزی ناخودآگاه). لە حەقیقەتدا ناواخنەکانی نەست لە جیهانی فانتێزیادا دێنە ڕوو. فانتێزیا سەحنەیەکی خەیاڵاوییە کە لەودا سووژە قارەمانی داستانە. هەر وەکوو سەحنەیەکی خەیاڵی لە چیرۆکی پەرییەکان، قارەمانی داستان، کچەکە لە دەستی نەیاران ڕزگار دەکا. بە واتایەک فانتێزیای داستان بەستێنێکە بۆ دەرخستنی مەیلی سووژە. بە وتەی ئێسلاڤۆی ژیژێک: ” فەزای فانتێزیا وەکوو پەردەی شانۆ وایە لەوێدا حەز و ئاوات و ئارەزوویەکانی مرۆڤ نیشان دەدرێن”.