Image
قەبووڵ کردنی ئەو بابەتەی کە منداڵ دەتوانێ ببێتە بەردەنگی وێژە، ڕەنگە لە هەموو شتێک زیاتر، لە هەوڵی وەڵام دانەوەی ئەو پرسیارە دا بێ کە منداڵ دەتوانێ ببێتە بەر دەنگی وێژە و توانایی ئەوەی هەیە کە حوکمی جوانی ناسانە دەرکا، ئەی بڵێی بتوانێ کاتی بەرە ڕوو بوون لە گەڵ دەقێک لە باری جوانی ناسییەکەی بگا و «کانت » گوتەنی حوکمی سەلیقەیی دەرکا یان نا؟ ئەگەر ئەو تواناییەی منداڵ بە لامانەوە پەسەندە و بە سەرنجدان بەو نەبوونی ئاوەزە جیاوازەی لای ئەو ، دەکرێ بڕوا بەو هۆگرییەی بکەین و دەتوانین ئەو لە پێگەی بەردەنگێکی چالاک دانێین کە لە توانایدا هەیە سنوور لە نێوان جوانی و ناحەزییەکاندا بکێشێ.

توانایی منداڵ لە پێگەی بەردەنگی ئەدەبیدا

سەلماندنی وزەی جوانی ناسیی منداڵ لە دەزگای ناسیاریی«کانت»دا

نووسەر: موحسین هیجری

وەرگێڕ: ئەمین گەردیگلانی

قەبووڵ کردنی ئەو بابەتەی کە منداڵ دەتوانێ ببێتە بەردەنگی وێژە، ڕەنگە لە هەموو شتێک زیاتر، لە هەوڵی وەڵام دانەوەی ئەو پرسیارە دا بێ کە منداڵ دەتوانێ ببێتە بەر دەنگی وێژە و توانایی ئەوەی هەیە کە حوکمی جوانی ناسانە دەرکا، ئەی بڵێی بتوانێ کاتی بەرە ڕوو بوون لە گەڵ دەقێک لە باری جوانی ناسییەکەی بگا و «کانت » گوتەنی حوکمی سەلیقەیی دەرکا یان نا؟ ئەگەر ئەو تواناییەی منداڵ بە لامانەوە پەسەندە و بە سەرنجدان بەو نەبوونی ئاوەزە جیاوازەی لای ئەو ، دەکرێ بڕوا بەو هۆگرییەی بکەین و دەتوانین ئەو لە پێگەی بەردەنگێکی چالاک دانێین کە لە توانایدا هەیە سنوور لە نێوان جوانی و ناحەزییەکاندا بکێشێ. پرسیاری دواییش ئەوەیە کە بێژی منداڵ کاتی دەرکردنی حوکمی جوانی ناسیانە، لە گەڵ بەردەنگی گەورە جیاوازیی تەواوی هەبێ، یان بە بۆ چوونکێکی تر لە هێندێ بارەوە کەموکووڕیی هەیە؟ یان نا، بە پێچەوانە دەتوانین ئەو لە بەردەنگی گەورە بە چاکتر بزانین و قەبووڵی بکەین ئەو ڕادەی تێگەیشتنی لە دەقێکی جوانی ناسانە زیاترە لە گەورە.

وەڵامی ئەو پرسیارانە، لەو بابەتەوە گرینگە کە لە ڕوانگەی بڕێک لە خاوەنڕایانی وێژەی منداڵەوە، لە پێک گرتنی تایبەتمەندییەکانی بەردەنگ لە گەڵ ئەو نوێنەرە جوانی ناسییانەی لە دەقی وێژەییدا هەیە کەمتر سوودیان لێوەردەگێرێ. هەر بەو هۆیەش وێژە‌ی منداڵ زیاتر ئاوڕ لە دەقە فێرکارییە‌کان دەداتەوە و بە بۆچوونێکی‌تر خۆ لە قەرەی وێژەی‌ پەتی و بێ خەوش نادا. هێندێکی‌تر ناو لێنانی وێژە وەک دەقی مناڵ تەوەر بەباش دەزانن، چونکە پێیان وایەبەردەنگی وێژە دەبێ توانایی دەرکردنی حوکمی جوانی ناسییانەی هەبێ. بەڵام منداڵ بە هۆی نەبوونی ئاوەزی جیاواز لە و چەشنە تواناییە بێ بەشەو هەر بەو هۆیەشەوە دەقی ئەدەب بۆ منداڵ خۆ لە قەرەی جورێک پاشکەوتوویی، یان داچوونی ناچاری دەدا و ڕەنگە هەر لەو ڕوانگەیەشەوە بێ کە بڕێک کەس وێژەی منداڵان بە شێوەییەکی ناتەواو و نیوە چڵی وێژەی گەوران دەزانن و بۆ نووسەرانی ئەو بوارە سەرکەوتنی زیاتر لە ژانری وێژەی گەوراندا بە ئاوات دەخوازن!

ئێمە لەم نووسراوەیەدا بە سوود وەرکرتن لە ڕوانگەی «کانت» لە چۆنییەتی دەرکردنی حوکمی جوانی ناسییانەدا، یان بە بۆچوونێکی‌تر حوکمی سەلیقەیی ئاماژە بەو بابەتە دەکەین. کە نە بوونی ئاوەزی جیاواز توانایی منداڵ لە دەرکردنی حوکمێکی ئەو تۆدا نافەوتێنێ و هەر بەو هۆیەش نابێ پێمان وا بێ کە وێژەی منداڵ بە هۆی نەبوونی لێهاتوویی بەردەنگی تایبەتی خۆی، کەمتر سوود لە تایبەتمەندییەکانی جوانی ناسی وەردەگرێ. تەنانەت ئەگەر ئەو بابەتەشمان بە دڵ بێ کە بە هۆی سنووردا بوونی چوارچێوەی وشە و فامی منداڵ، دەبێ دەقی وێژەیی پابەندی بەردەنگ بێ، دەبێ بپرسین کام دەقی وێژەیی گەوران هەیە کە بە بێ سەرنجدانی بە سنووردار بوونی بەرد نگەکەی گووڕاوە و نووسەرێک کە زمانێکی تایبەت بۆ نوسین هەڵدەبژێرێ، ناتوانین بڵێین بە شێوەیەکی سروشتی خۆی بە تایبەتمەندیی زمانی و تێگەیشتنی تاقمێک لە بەر دەنگە کانییەوە بە ستوتەوە؟

گریمانە نەسەلمێندراوەکان

«ئێمە هەر لە منداڵییەوە بیر و باوەڕێکمان سەبارەت بە عەداڵەت و جوانی هەیە کە شوێنی ئەوان لە سەر پەروەردە بوونی ڕۆح، وەک شوێن دانانی دایک و باوک وایە و ئێمەش خوومان بەوە گرتووە کە ڕێزی بۆ دانێین .» جگەلە ئەفلاتوون کەسانێکی تریش وەک ڕۆسۆ هۆگری منداڵ بەو نیشاندەرە جوانی ناسانەیە بە شتێکی زاتی دەزانن. بەڵام ئەم هۆگرییە بە جوانی ناسی، یان بە بۆ چوونێکی گشتی‌تر، شتی جوان چ پێوەندییەکی لە گەڵ سیستمی فیکریی منداڵ هەیە. لەو چەشنە گریمانەیەدا وەڵامێکی دڵنیاکەرانە نادۆزرێتەوە و ئەگەر بۆچوونی «پیاژە» لە تەمسیلێکدا وەک خوێندنەوەی بیرۆکەی منداڵ چاولێکەین و قەبووڵمان بێ و ئەگەرپێمان وا بێ هەمیشە خەریکی پێک گرتنی وردەکارییەکانە، کەوایە ئەو چۆن دەتوانێ بچێتە نێو دۆزێکی وەک ئەدبیاتەوە کە لەودا درگای مەجاز و خوازە و کینایە و ئاماژە ئاواڵەیە و هەموو شتێک تەنانەت ڕاستەقینەش لە پانتاییەکی جیاواز و بەرچاودا هەست پێدەکرێ.

لێرەدا بە پێڕەوی لە فرۆید ئەگەر قەبووڵمان بێ کە هۆگری بە هونەر، بە هۆی نەستی خنکێندراوەوەیە یان بە دژواز بوون لە گەڵ یۆنگ بڵێین کە نەستێکی هەمووانی ئێمە بەرەو ئەو لایە ڕێنوێنی دەکا، یان ئەوەی کە وەکوو شوێن کەوتووانی ڕێبازی دزەی هەستەوەری بەو شێوەیە بەڵگە بێنیەوە کە مرۆڤ کاتی دیتنی ڕاستەقینەی هەست پێکراو، دەرگای زەینی ئاوەڵا دەکا بۆیان و بە هۆی هەستی ئەوەوە ئەوشتانە دەبیندرێن، بە هەر شێوەیەک بێ زۆربەی مەسەلە نەسەلمێندراوەکان دەستیان لێهەڵدەگیرێ و وێژەی منداڵان لە پاڵەوپشتێکی فەلسەفی بێبەش دەبێ. لە ڕاستیدا ئێمە بە سەلماندنی فەلسەفییانەی توانایی منداڵ لە تێگەیشتنی جوانی، بەو باوەڕە دەگەین کە لێوەشاوەیی زاتیی بەردەنگی وێژەی منداڵان باشە و ئەم گرنکایەتییە لە دەست ئەم هەوڵانە نایە کە ئاماژەمان بە برێکیان کرد.

بەردەنگی وێژەی منداڵان لە ڕوانگەی کانتەوە

بە سەرنجدان بە وتەکانی کانت کە سەبارەت بە سەلماندنی هۆگری مرۆڤ بۆ جوانی، بە دۆزو دەرنجامێکی باش دەگا و لە دەسپێکی باسکراودا، ئاکامێکی باش بەدەستەوەدەدا، هەر بۆیە بە باشی دەزانین کە بە کەڵک وەرکرتن لە جوانی ناسیی کانتی، پێگەی منداڵ وەک بەردەنگی ئەدەبیات زەق کەینەوە، بە تایبەت ئەوەیکە دەستکەوتەکانی کانت لە گەڵ تیێۆرییەکانی نێو ڕەوانناسی منداڵیش سازگارە.

کانت دەڵێ:« لە بەرەوڕوو بوونەوەی مرۆڤ لە گەڵ سروشتدا، مرۆڤ هەوڵ دەدا جۆرێک هاولێکی لە نێوان ناسیاریی خۆی و دیاردەکانی بەرامبەریدا دروست بکا؛ بە جۆرێک کە پڕژوبڵاویی جیهانی دەرەوە لە ئەندێشەی خۆیدا کۆکاتەوە و هەموویان بخاتە ژێر فەرمانی یاساو و ڕێسای گشتیی خۆیەوە. کاتێک ئەو هاولێکییە پێک دێ، هەست بە چێژێکی خۆش دەکا چونکە وا هەست دەکا کە لە سرۆشتدا، ئامانجداری هەیە و ئەویش توانیویەتی تێیبگا، بەڵام کاتێک لە گەڵ نالێکی بەرەوڕوو دەبێ هەست بە وەڕەزی دەکا. »

کانت لە سەر ئەوە باوەڕەیە کە هەست کردن بە چێژ و ئازار، ئەگەر چی بەشێک لە سیستمی ناسیاریی ئێمە نین، بەڵام پێوەندییەکی بەردەوامیان لەگەڵیدا هەیە. ئامانجداریی دیاردەکانیش شتێکی هەست پێکراو و لەبەرچاونییە، بەڵکووچەمکێکە کە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین و لە هەمبەر دیاردەی ناسیاریدا شتێکی ڕواڵەتییەو وەک چێژ و ئازار ناتوانین بە بەشێک لە سیستمی ناسیارییان دانێین. لەو حاڵەتەدا مرۆڤ کاتێک سرۆشت بە ئامانجدار دەزانێ کە بۆ چوونی ئەو بۆشناس هاوڕێ لە گەڵ چێژبێ و ئەو بۆچوونە خۆشی، بۆچوونێکی جوانی ناسانە لە ئامانجدار بوون بێ.

بە بڕوای کانت، زەین کاتی ڕووبەڕوو بوون لە گەڵ ئامانجداری دیاردەیەکە، بێ ئەوەی بیهەوێ لە گەڵ چێژ ئاوێتە دەبێ و لەو کاتەدایەکە ئەو دیاردەیە بە جوان دەزانین. بە واتایەکی‌تر چێژی نائاگایانەی ئێمە لە ئامانجداریی دیاردەیەک، پێمان دەسەلمێنێ کە بە جوانی بزانین. کانت ئەو حوکمەی کە دەبێتە هۆی چێژێکی ئەو تۆ، بە حوکمێکی سەلیقەیی دەزانێ. ئەگەر ئەوەی کانت دەیڵێ بە گریمانەی بزانین، ئەو کاتە تێدەگەین کە بۆچی منداڵ سەرەڕای کەموکۆڕیی دەزگای ناسیاری و نەبوونی ئاوەزمەندیی جیاواز، حوکمی جوانی ناسیانە بە شێوەیەکی ڕاست و دروست دەردەکاو لەو چوارچێوەیەدا، نەک جیاوازیی لە گەڵ گەوران نییە، بەڵکوو چونکە واتای جیاواز نابێتە مێمڵ و مڵۆزمیان تا ڕادەیەکی زۆر لە مەترسی بە دوورن. لە گەڵ ئەوەی تووشی جوانی دەبن لە ڕێوە تێی‌دەگەن و دەبنە هۆگری. بەوەدا کە کانت ئاوا بە باشی بەڵگەدێنێتەوە بۆمان دەردەکەوێ کە حوکمی(سەلیقەیی) لە ڕووی ئەزموون و بارستایی ئەوەوەنییە، هه‌ر بۆیە نەبوونی ئەزموونی منداڵیش ناتوانێ ببێتە کۆسپێک لە سەر ڕێی دەرکردنی حوکمی جوانی ناسی.

(هاوڕێژەیی حوکمی سەلیقەیی لە گەڵ ئەندێشەی تەمیسلیی منداڵ) خاڵێک کە زۆر گرینگ و شیاوی ئەوەیە هەڵوەستەی لە سەر بکرێ، هاوڕێژە‌یی حوکمی سەلیقەیی لە گەڵ ئەندێشەی تەمسیلیی منداڵە کە بەر لەوە بە ئاماژە کردن بە بواری دەروونناسی، ئاورمان لێدایەوە، لە ڕوانگەی کانتەوە حوکمی سەلیقەیی‌یان دەستنیشان کردنی باری جوانی، کاتێک مسۆگەر دەبێ کە زەین لەگەڵ دیاردەیەکی پاژەکی بەرەوڕوو بێ و پاشان بیگەڕێنیتەوە بو ماکی ئامانجداری کە لە زەیندا نیشتەجییە. کانت لە سەر ئەوباوەڕەیە کە بۆ بڕینی دیاردەیەکی پڕدەستکەوت پێویست ناکا زەین بە دوای یاسایەکی کشتیدا بگەڕێ؛ چونکە بەرلەوە ئەم ئامانجدارییەی وەک بنەما و ماکێکی گشتی قەبووڵ کردووە، هەر بۆیە لە گەڵ دیتنی دیاردەیەکی ئامانجدار بواری دەرکردنی حوکمی سەلیقەیی بۆ دەڕەخسێ. چونکە بە شێوەیەکی نائاگایانە یابەتی پاژەکی بۆ قاعیدەی گشتی، یانی ئامانجداری دەگێڕدرێتەوە و بەم شێوەیە حوکمی سەلیقەیی دەردەکرێ کە ڕاست ئەو دیاردەیەیە وا مەبەستی ئێوەیە.

کەوابوو ئەندێشەی تەمسیلیی منداڵ کە تەنیا لە گەڵ پاژەکان هەڵسوکەوت دەکاو دەرەقەتی جیاوازیی واتا گشتییەکان نایەت، بۆ دەرکردنی حوکمی سەلیقەیی سەبارەت بە واتای جوانی لەگەڵ هیچ کۆپسێک بەرەوڕوو نابێ و بەم شێوەیە دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە بۆچی منداڵ بەر لە گەیشتن بە تێگەیشتنی جیاوازی توانایی دەرکردنی حوکمی جوانی ناسانەی هەیە و داوەری ئەو سەبارەت بە واتای جوانی، نەک بایەخی بەقەد داوەریی گەوران‌ نییە، بەڵکوو بە هۆی نەبوونی دەخەزداری و بەرژەوندخوازی، زیاتر لەگەڵ پاکی و ڕاستی ئاوێتەیە. توانایی منداڵ بۆ دەرکردنی حوکمی سەلیقەیی، چۆنیەتیی بەرەوڕوو بوونەوەی وزەی ئەو لە بەستێنی وێژە و هونەردا بە جوانی شی دەکاتەوە. چونکە لەو بەستێنەدا پێوەندیدانی پاژەکان لەگەڵ ئەسڵێکی ئامانجداردا کە ماکی حوکمە جوانی ناسییەکانە، قسەی یەکەم دەکا. کەوایە لە لایەنی جوانی ناسانەوە، وێژەی منداڵان لەگەڵ بەردنگێکی بێ توانا بەرەوڕوو نییە و تووشی بەربەست نابێ و ئەگەر نووسەر خوازیاری ئەوە بێ کە واتای جوانی ناسانە لە دەقەکەیدا بێنێ، لە لایەن منداڵەوە هیچ کۆسپێکی بۆ نایەتە پێشێ. تەنانەت دەتوانین لە سەر ئەوە پێداگری بکەین کە سەرەکیترین بەردەنگی وێژە و ئەدەب منداڵانن؛ چونکە تێگەیشتنی جوانی ناسیی ئەو لە مەترسیی دەستەبەندیی زەینیدا نییە و ئەو بە سانایی دەتوانێ بە بێ ئەوەی بچێتە ژێر باری دەسەڵاتی واتا گشتییەکان، جوانی بدۆزێتەوە و شاتوشوویش نییە ئەگەر بڵێین بەردەنگی گەورەی ئەدەبیاتیش لە حاڵی گەڕانەوەدایه بەرەو بارودۆخێکی وا کە چێژی وێژەیی بدۆزێتەوە؛ چونکە ئەگەر ئاوەز هەڵگەڕێتەوە بۆ سەر ئاکام و بەرژەوەندبین دەسەڵاتداربێ(یانی هەر ئەوشتەی کە پێداویستیی ژیانی ئاوەزمەندە). چوون بۆ نێو دنیایەک کە تەنیا لە دەرووی خەیاڵەوە بەردەنگ دەدۆزێتەوە، بە هیچ کولۆجێ ناڵوێ

 

سه‌‌رچاوه: پژوهشنامه‌ی ادبیات کودک و نوجوان شماره 51، 1386 تهران.

پەراوێز:

  ئیمانوئیل کانت (immanuel kant 1724- 1804)

  گیرسانی نمانا لە منداڵاندا،یان play,dreams and imitation childhood ژان پیاژە وەرگێڕانی زینەت توفیق، 2002

  مەبەست لە وێژەی پەتی و بێخەوش بەستێنێکە کە لەودا چێژی ئەدەبی لە سەروو هەموو واتایەکی ترەوە و تەنانەت لە فێر کردن و پەوەردەش باشترە.

  کۆماری ئەفلاتوون، ورگێڕانی فوئاد رۆحانی. پەخشانگەی زانستی و فەرهەنگی 2001

  ئەمیل، ژان‌ژاک ڕۆسۆ، وەرگێڕانی غوڵامحوسێن زیرەکزادە و پەخشانگەی ناهید،2003

  مورتە‌زا مووتەهەری زات وەک سروشت و خۆماک بە شتێکی گووراو دەزانێ؛ بەو جیاوازییەوە کە زات لە خۆماک ئاگاترە. زات، لاپەڕە 33 پەخشانگەی سەدرا 2005

  ئاماژە بە دەخەزی نووسەر کە لە ئەندێشەی فرۆید دا کە کار و کاردانەوەی مرۆڤ لە منداڵییەوە هەتا پیری دەخاتە ژێر کاریگەیی خۆی.

  جوانی ناسی بە زمانێکی سادە. مەحموود عیبادیان، لاپەڕەی 41، ناوەندی زایناری و لێکۆڵینەوەی هوونەری 2001

  ڕیبازی دزەی هەستەوەری، چەمکێک لە ڕەوانناسی خۆ ڕاوانانە، یان introspeclive دێتە ئەژمار.

  ڕەخنەی وزەی حوکم، ئیمانوئێل کانت، وەرگێڕانی عەبدوولکەریم ڕەشیدیان، پەخشانگەی 2007

فه‌رهه‌نگۆک:

پاژه‌کی: جزئی

په‌خشانگه: انتشارات

ئامانجدار: هدفمند

مناڵ‌ته‌وه‌ر: کودک محور

دزه‌ی هه‌سته‌وه‌ری: رسوخ حسی

به‌رده‌نگ: مخاطب

وێژه: ادبیات

ملۆزم: مزاحم

مێمڵ: مزاحم

هاوڕێژه‌یی: تناسب

ده‌سته‌به‌ندی: طبقه‌بندی

نمانا:نماد

گیرسان: شکل‌گیری

خۆماک: غریزه

گووران: تکوین

ده‌خه‌ز: عقده

خۆڕوانانه: خودنگرانه