کوردەکان، لە وڵاتی سویددا کەمینەیەکی نوێ بەڵام تا ڕادەیەک گەورەیان پێکهێناوە. لە دوای سویدی-فینلەندییەکان (نزیکەی ٤٤٠٠٠٠)، نەتەوە ئێرانییەکانی تر (٧٠٠٠٠)، تۆرندالییەکان (یان فینلاندیی تۆرندالی، نزیکەی ٥٠٠٠٠-٦٠٠٠٠) و سورییەکان (٤٥٠٠٠)، کوردەکان (٣٠٠٠٠) پێنجەمین نەتەوەی گەورەی سویدن. لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەم گرووپە کەمینەیە بە هۆی زۆربوونی بەرهەمی ئەدەبی بە زمانی کوردی، سەرنجی ژیانی ڕۆشنبیریی سویدیان ڕاکێشاوە. لە ئێستادا کوردەکان لەناو هەموو کەمینە نەتەوەییەکانی تری سویددا خاوەن زۆرترین بەرهەمی ئەدەبین. شایانی باسە کە لە ڕوانگەی نێونەتەوەییەوە، ئێستا سوید بۆتە ناوەندی ئەدەبیاتی تاراوگەی کوردی. لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا ژمارێکی زۆر کۆڕ و ناوەندی بڵاوکردنەوەی کوردی لە سویددا دامەزراون. وڵاتی سوید، بە تایبەت شاری ستۆکهۆڵم، بووەتە ناوەندی فەرهەنگی کوردی لە ئورووپادا.
دەوری ئەدەبیاتی منداڵان لە پاراستنی زمانی کوردیدا؛ تێبینییەک لەسەر ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی و سویدی
ساتو گرونداهل و ناهیدا کادیر
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: کیمیا بایزیدی، مەهیار ئەحمەدی
پێشەکی
کوردەکان، لە وڵاتی سویددا کەمینەیەکی نوێ بەڵام تا ڕادەیەک گەورەیان پێکهێناوە. لە دوای سویدی-فینلەندییەکان (نزیکەی ٤٤٠٠٠٠)، نەتەوە ئێرانییەکانی تر (٧٠٠٠٠)، تۆرندالییەکان (یان فینلاندیی تۆرندالی، نزیکەی ٥٠٠٠٠-٦٠٠٠٠) و سورییەکان (٤٥٠٠٠)، کوردەکان (٣٠٠٠٠) پێنجەمین نەتەوەی گەورەی سویدن. لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەم گرووپە کەمینەیە بە هۆی زۆربوونی بەرهەمی ئەدەبی بە زمانی کوردی، سەرنجی ژیانی ڕۆشنبیریی سویدیان ڕاکێشاوە. لە ئێستادا کوردەکان لەناو هەموو کەمینە نەتەوەییەکانی تری سویددا خاوەن زۆرترین بەرهەمی ئەدەبین. شایانی باسە کە لە ڕوانگەی نێونەتەوەییەوە، ئێستا سوید بۆتە ناوەندی ئەدەبیاتی تاراوگەی کوردی. لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا ژمارێکی زۆر کۆڕ و ناوەندی بڵاوکردنەوەی کوردی لە سویددا دامەزراون. وڵاتی سوید، بە تایبەت شاری ستۆکهۆڵم، بووەتە ناوەندی فەرهەنگی کوردی لە ئورووپادا.
زۆر ئاشکرایە کە پاراستنی فەرهەنگ و زمانی خۆیی گرنگایەتییەکی زۆری لە بنیاتنانی ناسنامەی گرووپی لە تاراوگەی کوردیدا هەیە. هەروەها فەرهەنگ و زمان لە ڕەوتی یەکگرتوویی لە وڵاتێکی نوێدا دەورێکی گرنگ دەگێڕن. ڕەوتی یەکگرتوویی کە گرنگی بە پێداویستیی کەمینەکان ئەدات، بە واتای ئەوەیە کە کەمینەکان دەرفەتی پاراستنی زمان و فەرهەنگی خۆیانیان پێئەدرێت و تەنانەت هەنگاوگەلێکیش بۆ پەرەپێدان و زیندووکردنەوەیان دادەنرێت. دۆخی کورد بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە گرووپە کەمینەییەکانی تری سویددا، ناوازەیە. لەبەر ئەوەی کە کوردان، لە زۆربەی بەشەکاندا، نەیانتوانیوە لە نیشتمانی خۆیاندا پەرە بە ئەدەبیاتی کوردی بدەن؛ بەم هۆیەوە چالاکییە فەرهەنگییەکان لە تاراوگەدا واتایەکی تایبەتیان پێدەبەخشرێت. بەگشتی پاراستنی زمانی دایک و گواستنەوەی بۆ بەرەی داهاتوو بەشێکی پێویستی ناسنامەی کوردییە، وەک چۆن زۆربەی کەمینەکانی جیهانیش بارودۆخێکی هاوشێوەیان هەیە.
لەم وتارەدا، دەوری ئەدەبیاتی منداڵان وەک نێوەنجییەک لە نێوان فەرهەنگی ڕەسەن و دۆخی نوێی لە تاراوگەدا تاوتوێ دەکەین و دەوری ئەم ئەدەبیاتە لە پاراستنی زماندا شیدەکەینەوە. جگە لەوەش، کورتەیەک لە ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی پێشکەش دەکەین هەتا بۆمان دەرکەوێ کە چۆن و تا چ ڕادەیەک دەکرێ لە ئەدەبیاتی منداڵانی نووسراو لە کوردستاندا بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی کورد لە تاراوگەدا کەڵکوەربگیردرێت. لە نێوان ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی و سویدیدا هەندێ لێکچوون بەدیدەکرێت. وتارەکە بە شێوەیەکی سەرەکی باس لە ئەدەبیاتێک دەکات کە بە شێوەزاری کوردیی سۆرانی نووسراوە و هەروەها بواری لێکۆڵینەوەی ناهیدە کادیریش پێکدەهێنێت. بۆمان ڕوونە کە پێویستییەکی زۆرمان بە لێکۆڵینەوەی ئەدەبیاتی شێوەزاری کوردیی کورمانجی هەیە، چونکە پێگەی کورمانجی لە پێگەی سۆرانی زۆرتر مەترسیدارە. بەو شێوازەی کە ڕێژەی ئەدەبیاتی منداڵانی شێوەزاری کورمانجی زۆر کەمە و شایانی ئاماژەیە کە کەرەستەی پێویستمان نییە بۆ لێکۆڵینەوەی بەراوەردی لە نێوان ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی و سویدیدا. بابەتگەلێکی زۆر کەم لەسەر ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی بۆ خوێنەرانی ڕۆژئاوا نووسراوە و ئێمەش دەمانهەوێ لەسەر گرنگایەتیی ئەم وتارە وەک یەکێک لە یەکەمین هەنگاوەکانی باس لەسەر دەوری ئەدەبیاتی منداڵان لە بارهێنانی کوردی بۆ کوردانی تاراوگەدا، جەخت بکەینەوە.
دۆخی فرەچەشنیی فەرهەنگیی کوردان
نیشتمانی کوردان لە ناوچەیەکی ڕۆژئاوای ئاسیا (کوردستان)ـە کە بەشگەلێک لە تورکیا، عێراق و ئێران لەخۆدەگرێت. هەروەها خاکی کوردان بەشێک لە یەکیەتیی سۆڤیەت، لە لوبنان و سوریەدا دەگرێتەوە. لە ساڵی ١٩٨٦دا نزیکەی ٨ هەزار کورد لە سویددا بوون و ئێستاش هەتا ژماری ٣٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێن. زۆربەی کوردانی سوید لە تورکیاوە هاتوون و گەورەترین گرووپی دوای ئەوانیش دەبێتە عێراق. لە دوای شۆڕشی نیزامیی تورکیا لە ساڵی ١٩٨٠، زۆرێک لە کوردەکان کۆچیان کرد بۆ ڕۆژئاوا. بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و عێراقـەوە، ژماری کوردانی عێراق لە ساڵی ١٩٨٠وە زیادی کردووە. شەڕی کەنداوی فارس و ڕاپەڕینەکانی دواتر بووە هۆی زیادبوونی پەنابەران بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا.
ئەو ڕاستییەی کە کوردان بە چەشنەگەلی زمانیی جۆربەجۆر قسە دەکەن و ئاستی زانست و پەروەردە بە زمانی دایک لە ناویاندا جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە، هەم لە پەروەردەی منداڵانی کورد و هەم لە ئەدەبیاتی کوردیی بڵاوکراوە لە سویددا، ڕەنگدانەوەی هەیە. زمانی کوردی بەسەر دوو دیالێکتی کوردیی باکووری (کورمانجی، زازا) و باشووری (سۆرانی) دابەش دەکرێت کە سێ سیستمی جیاوزای نووسینیان هەیە. لە عێراق لە ساڵانی ١٩٣٠ و هەروەها بۆ ماوەیەکی کورت لە ساڵی ١٩٤٦ لە ئێراندا، دەرفەتی فێرکاریی بە سۆرانی لە ئارادابووە. کوردانی تورکیا ئەو هەلومەرجەیان بۆ ڕەخسا کە بە زمانی دایکی خۆیان: کورمانجی یان زازا بخوێنن. وەک زمانێکی نووسراو سۆرانی زۆرترین گەشەی کردووە، لە کاتێکدا کورمانجی و زازا ئەمڕۆ تا ڕادەیەکی زۆر لە تاراوگەدا پەرەیان پێدراوە. لە کاتی ئێستادا چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەدەبیات بە کوردی لە تورکیادا ئەستەم و تەنانەت مەترسیداریشە. بۆ نموونە ئەمین بۆزارسلان کە ئەمڕۆ یەکێک لە بەناوبانگترین نووسەرانی کوردە لە سویددا، لە دوای بڵاوکردنەوەی کتێبێک لەسەر ئەلفوبێی کورمانجی، ناچار بە کۆچ کرا.
کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیرانی باکووری کوردستان پێش تەمەنی گەورەساڵی و پێش ئەوەی بڕۆنە سوید، زمانی دایکی خۆیانیان وەک زمانێکی نووسراو نەبینیبوو، لە کاتێکدا کوردانی عێراق بە شێوەی گشتی لە قوتابخانەکاندا بە زمانی کوردی خوێندوویانە. هەروەها هەندێ لە کوردانیش نەخوێندەوارن. هەر بۆیە، ئاستی پەروەردە و زانستی زمانی کوردی لە نێوان مامۆستایانی کورد لە سویددا جیاوازە. ئەمڕۆ دەرفەتی خوێندن بە زمانی کوردی، هەم بە دیالێکتی کورمانجی وهەم بە سۆرانی، لە زانکۆی ئۆپسالادا هەیە. ئەم خولانە بۆ کەسانی سەرەتایین، بەڵام خولە دەورەییەکان بۆ ئەو ئاخێوەرانەی کە زمانی دایکیان کورمانجییە، بەڕێوەچووە.
لە ساڵی ١٩٩٩، لە ستۆکهۆڵمدا، ١٢٨٢ خوێندکار لە تەمەنی خوێندندا مافی خوێندنیان بە زمانی کوردی هەبووە و ٧٧٩ کەسیشیان لە وانە کوردییەکاندا بەشدارییان کردووە. لە ڕێساکاندا هاتووە کە پێویستە لانیکەم پێنج خوێندکار لە هاوشاریان بەشداری بکەن هەتا پەروەردە بە زمانی دایک جگە لە سویدی دەست پێبکات. ئێستاکە درفەتی خوێندن بە دیالێکتەکانی سۆرانی، کورمانجی، و زازا لە سیستمی پەروەردەی سویددا هەیە. ئێستا لە ستۆکهۆڵمدا نزیکەی ٢٠ مامۆستای کورد لە قوتابخانە جۆربەجۆرەکاندا وانە دەڵێنەوە. پۆلە کوردییەکان زۆر فرەچەشنن: ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێک لە خوێندکاران بەم زوانە کۆچیان کردووە بۆ سوید، هەندێکی تریش لە سویددا لەدایک بوونە. بە واتایەکی تر جیاوازییەکی گەورە لە ئاستی زانین لە زمان و هەروەها فەرهەنگی کوردیدا هەیە. وانەوتنەوە لەو پۆلە جیاوازانە بە ئاستە جۆربەجۆرەکانەوە، هەوڵێکی زۆری دەوێت، بەڵام بە ئەوەشەوە دەرفەتگەلێکیش دەڕەخسێنێت. ئەو منداڵانەی کە تازە هاتوونە، زۆرجار شارەزاییەکی باشیان لە زمانی دایک و وڵاتی خۆیان هەیە، لە کاتی وانەکاندا دەتوانن ئەو زانیارییانە هاوبەش بکەن، لە کاتێکدا منداڵانی لەدایکبووی سویدی دەتوانن وەک نێوەنجییەک لە زمانی سویدی و شێوازی ژیانی سویدیدا لەسەری کار بکەن. بە ئەوەشەوە، جگە لەو بابەتانەی کە باسکراون، هۆکارگەلێکی تریش لەسەر فێرکاریی زمانێکی غەیری سویدی وەک زمانی دایک لە قوتابخانەکانی سویددا کاریگەرییان داناوە. هەندێک لە بەڵگەکان پیشاندەری خەسارەکانی پەراوێزخستنی بابەتەکان و پێگەی نزمیان لە قوتابخانەکانی سویدن: فێرکارییەکان تا ڕادەیەک سنووردارن، بارودۆخی کارکردنی مامۆستایان بە وانەوتنەوە لە قوتابخانە جۆربەجۆرەکاندا و هەستی نامۆیی لە کۆمەڵگای پەروەردەییدا هەیە. سەرەڕای ئەمانەش، هەموو بابەتەکانی تر لە کاتی دانانی پلانی کارەکانی قوتابخانەدا لە پێشترن. هەروەها توێژەران سەبارەت بە دووزمانەیی پێشنیاریان کردووە کە فێرکاریی زمانەکانی تر جگە لە سویدی وەک زمانی دایک، لە پلەی یەکەمدا کردەوەیەی هێمایینە لە سیستمی پەروەردەی سویدیدا.
سەرەڕای ئەو شێوازانەی کە فێرکاریی زمانە زگماکییەکانی تر لە قوتابخانەکانی سویددا دژوارتر دەکەن، هۆکارگەلێکیش بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگیی زمانە کەمینەکان لە ئارادانە: واتە ئەو شوێنانەی کە زمانی کوردی بەکاردێت لە کۆمەڵگادا سنووردارە. زاراوە کوردیەکان زۆرتر لە شوێنگەلێکی تایبەتدا قسەی پێدەکرێت، واتە لە ماڵەوە و ڕەنگە لە نێو هاوڕێیاندا. دۆزینەوەی کەرەستەی گونجاو بۆ وانەوتنەوە کاتێک کە باس لە زمانی کۆچەران و کەمینەکان لە سویددا دەکرێت، دەتوانێت ئەستەم بێت. سەبارەت بە فێرکاریی زمانی کوردی، گەیشتن بە ئەدەبیاتی وڵاتانی پێشو زۆر ئەستەم یان تەنانەت مەحاڵیش بێت. کاتێک باس لە پاراستن و زیندووکردنەوەی زمان دەکرێت، کێشەی بەدەستهێنانی کەرەستێکی گونجاو لە قاڵبی کتێبدا زۆر گرنگە.
پەیوەندیی ئەدەبیات
ئەدەبیاتێک کە بە زمانی دایک دەنووسرێت دەورێکی گرنگی لە فێربوونی زماندا هەیە، چ خوێندکار سەر بە گرووپی زۆرینە بێت و چ گرووپێکی کەمینە. منداڵان لە ڕێگای چیرۆکە خەیاڵییەکانەوە فێری فەرهەنگ و مێژووی خۆیان دەبن: ئەو چیرۆک، ئەفسانە و گۆرانیانەی کە جیهانمان بۆ وێنا دەکەن، کەسایەتیی جیاوازی ئەو گرووپە نەتەوەییە پێکدەهێنن و هەروەها بیرێکی گشتی دەردەبڕن. بە ئەوەشەوە، ئەزموونی زۆرێک لە مامۆستایان بۆمان دەردەخەن کە ئەمە بابەتێکی ئاسایی نیە کە منداڵان بتوانن لە چیرۆکە خەیاڵییە نووسراوەکان لە نیشتمانی خۆیاندا (وڵاتی یەکەم) تێبگەن، یان تەنانەت دەرفەتی بەکارهێنانی ئەم ئەدەبیاتەیان لە فێرکاریدا پێبدرێت. زانستی زمان و ئاشنابوون لەگەڵ فەرهەنگ و کۆمەڵگای خۆیان لەناو منداڵانی تاراوگەدا بە تەواوی جیاوازە. چیرۆکە خەیاڵییەکان بەشێک لە زانستی ئێمەن لە جیهاندا و گوزارشت لە بەها کۆمەڵایەتییەکان، سیستمی پێودانگی و جهانبینیی یەک فەرهەنگ دەکەن. ئەوەش شتێکی ئاسایی نیە کە تەنانەت گەورەساڵانیش بتوانن لەو چیرۆکە خەیاڵییە نووسراوانە کە لە قۆناغێکی مێژوویی جیاوازدا، لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیی تر یان لە وڵاتێکی تردانە، بەتەواوی تێبگەن.
بەکارهێنانی چیرۆکی خەیاڵی لە توێژینەوە زمانییەکاندا ڕەنگدانەوەی ئەو تێڕوانینە زانستیەیە کە فێرکاری لەسەری دامەزراوە. بە گوێرەی یۆرگێن نیکلاسن١ و بریتا ویلێر٢، دوو شێوازی جیاواز بۆ پێناسەکردنی زانست لە قوتابخانەکانی ڕۆژئاوادا هەیە. ئەم دوو ڕێگایە بە دوو هێمای گوڵدانێک و فینجانێکەوە وێنا کراون:
گوڵدان هێمای شێوازێک لە زانستە کە خوێندکاران وەک تۆوێک لە ناو گوڵدانێکدا دەبینێت کە بۆ گەشەکردن پێویستیان بە خاکی بەپیت و ئاوی پێویستە و بە تێپەڕبوونی کات دەپشکوێن و شین دەبن. بە پێچەوانەوە، فینجان هێمایەک لە زانستە کە تێیدا مامۆستا فینجانەکە پڕ دەکات لە زانست و بە سەبرەوە چاوەڕێی پڕبوونی دەبێت. ئەگەر فینجانەکە زۆر پڕ بێت، لێوڕێژ دەبێت و هیچی تێدا نامێنێت.
بەگشتی، دەکرێ بڵێین کە هەردوو بۆچوونەکە بۆ زانست، لە سیستمی پەروەردەی سویددا لە ئارادانە، لە کاتێکدا لە قوتابخانەکانی کوردستاندا، دووهەمییەکە زیاتر زاڵە. ئەوەی کە لە قوتابخانەکانی کوردستاندا لە کاتی فێرکردنی زمانی دایکدا بە هیچ شێوەیەک چیرۆکە خەیاڵییەکان بەکارناهێنرێت، کە ئەمەش پیشاندەری تێڕوانینێکی تا ڕادەیەک توندە بۆ زانست. لە عێراقدا، هەموو کتێبی وانەکان لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕدراون و بەگشتی بۆ حەشیمەتی زۆرینە نووسراون. ئەم کتێبانە هەروەها بۆ فێرکاریی منداڵانی کەمینەی کوردییش بەکاردەهێنرێن. ڕوانگەی دەسەڵاتخوازانەی سیستمی پەروەردە و خوێندکارانی کوردستان لەوەدا دەبینرێت کە لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێندا، بەناچاری دەبوو لە پلان و بۆچوونەکانی حیزبی دەسەڵاتداردا بیانخوێندایەت، هەروەها بەشداری لە ڕێکخراوەکانی لاوانی ئەو حیزبەشدا پێویست بووە. خوێندنی زانکۆیی تەنیا بۆ ئەندامانی حیزب ڕێگەپێدراو بووە.
لە سەرتاسەری جیهاندا مێژوو، ئەدەبیات و فەرهەنگی کەمینەکان لە پەروەردەدا هیچ پێگەیەکیان نیە و ئەمەش دۆخێکی هاوشێوەیە لەناو زۆربەی کەمینەکانی جیهاندا. لە سوید و ساڵی ٢٠٠٠دا جاڕنامە ئورووپاییەکان بۆ زمانە ناوچەییەکان یان کەمینەکان و پەیماننامەی چوارچێوەیی ئەنجومەنی ئورووپا بۆ پاراستنی کەمینە نەتەوەییەکان پەسەندکرا، کە زانیاریگەلێک سەبارەت بە گرووپە کەمینە نەتەوەییەکان (جوولەکە، ڕۆم، سامی، سویدی-فینلاندی و تۆرندالی) ئاراستەی منداڵانی قوتابخانەکان کرا. پێش ڕێککەوتنی پەیماننامەی یەکێتیی ئورووپا، کەمینە مێژووییەکان تاڕادەیەک لەناو کتێبی خوێندن و پەروەردە لە سویددا جێگەیەکیان نەبوو.
ئەدەبیاتی منداڵانی بڵاوکراوە لە کوردستاندا لە زۆربەی بەشەکانیدا مەبەستێکی ڕوون، ئەخلاقی و پەروەردەیی هەیە، هەروەک چۆن لە سەرانسەری ئەدەبیاتی منداڵان بەم شێوازەیە. بۆ نموونە لە وڵاتانی نۆردیک٣دا ئەدەبیاتی منداڵان تا کۆتایی سەدەی بیستەم مەبەستگەلێکی ئایینی و بارهێنانی ڕوونی هەبووە. ئەدەبیاتی منداڵان، ڕەنگە زیاتر لە ژانرە ئەدەبییەکانی تر، ڕەنگدانەوەی پێوەر و نۆرمە هاوچەرخەکانی کۆمەڵگای پێوە دیاربووبێت. ئەدەبیاتی منداڵان سەبارەت بە ڕوانگەی کۆمەڵگا بۆ منداڵ، منداڵی، و دەوری منداڵ لە بنەماڵە و کۆمەڵگادا باس دەکات. تا سەدەی هەژدەهەم لە وڵاتانی ئورووپا و نۆردیکدا (بەتایبەت لە نێوان چینە خوارینەکاندا)، تا ڕادەیەکی زۆر وەک گەورەساڵان بۆ منداڵان ڕوانیویانە، چونکە بۆ کارکردن پێویستیان پێیان بوو. منداڵان لە تەمەنی حەوت ساڵیدا شانبەشانی گەورەساڵان کاریان دەکرد. ئێستا، منداڵی لە وڵاتانی نۆردیکدا «درێژخایەن»ـە، و لە هەمان کاتدا جیهانی منداڵانە لە ژیانی گەورەساڵان جیا کراوەتەوە. بەڵام لە کوردستاندا، هێشتا کارکردنی منداڵان دیاردەیەکی باوە و زووتر لە منداڵانی وڵاتانی نۆردیک بە «گەورەساڵ» دادەنرێن.
بەگشتیی دەتوانین بڵێین کە تێڕوانینی دەوری کچان و کوڕان لە سیستمی پەروەردەی سوید و کوردستاندا بەتەواوی جیاوازە. پێشتر، لە وڵاتانی نۆردیکدا خوێندنی کچان پرسێکی گرنگ نەبوو، بەڵام لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا بوو کە بۆ یەکەمجار ڕێگەیان پێدرا لە زانکۆکاندا بخوێنن. کچان ئیجازەی پەروەردەیان پێنەدەدرا چونکە گرنگترین ئەرکیان ئامادەبوون بۆ هاوسەرگیری بوو. ئەمڕۆکە، کچان و کوڕان لانیکەم لە بنەماوە کاتێک باس لە خوێندن لە وڵاتانی نۆردیکدا دەکرێت، یەکسانن. بەڵام هێشتا، خوێندنی کوڕان و پیاوان لە کوردستان و بە تایبەت لە لادێکانیدا ئاساییترە. سەرەڕای ئەوەش، مافی کچان بۆ خوێندن لەسەر بنەمای یەکسانبوونیان لەگەڵ کوڕان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، لە لایەن زانا و نووسەرانێکی وەک زێوەر، بێکەس و مۆڵا موحەممەدی کۆجی باسکراوە. لە وڵاتانی نۆردیکدا، سزای جەستەیی قەدەغەیە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە کوردستاندا، وەک زۆربەی ناوچەکانی جیهان بە ئەرکێکی تایبەت و مافی دایک و باوک دادەنرێت. بە واتایەکی تر، هۆکارگەلێکی زۆری کۆمەڵایەتی و ڕامیاری لەسەر چەمکی منداڵ/منداڵی و هەروەها لەسەر گەشەسەندنی ئەدەبیاتی منداڵانیش کاریگەری دادەنێن.
ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی لە کوردستاندا بە مەبەستگەلێکی نیشتمانپەروەرانە و ڕامیارییەوە دەنووسرێن لەبەر ئەوەی کە منداڵان فێر ببن نەتەوە و زمانی دایکی خۆیانیان خۆشبوێت، هەروەها بۆ ئەوەی ببنە شارۆمەندێکی باش ڕابهێندرێن. ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی باس لەو بابەتانە دەکات کە لە ئەدەبیاتی منداڵاندا نێونەتەوەیین: ململانێی نێوان چاکە و خراپە، متمانە بە خودا، ڕێزگرتن لە گەورەکان، ڕاستگۆیی، پاکوخاوێنی و بوێری. بەڵام ئەو ئەدەبیاتی منداڵانەی کە لە کوردستاندا بەرهەمدەهێنرێت، زۆرتر بۆ مەبەستە پەروەردەیی و نەتەوەییەکان نووسراون. باس لە خوێندنی منداڵان و دەوری قوتابخانە و فێرکاری لە گەشەی کۆمەڵگای کوردیدا دەکات. لە ڕووی بنەما ئایدیۆلۆژیکەکانەوە ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی لە کوردستاندا لەگەڵ ئەدەبیاتی منداڵانی سویدی جیاوازە. پێشەکییەکەی شەونم بۆ کۆمەڵە شیعرەکەی، جریوە (جریوە، ١٩٧١)، تێڕوانینێک ئەداتە ئەو بنەما ئایدیۆلۆژیانەی کە لە ساڵانی ١٩٧٠کانی سەدەی ڕابردوودا بۆ ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی لە کوردستاندا بەکارهێنراون. جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەدەبیاتی منداڵان دەبێ لەگەڵ سەلیقەی ئەدەبیی منداڵان بگونجێت، بەڵام پێویستە بە شێوەگەلێکی «نوێنەرانە» و «بابەتی» بۆ کۆمەڵگا ناسبکرێن. بە واتایەکی تر، بەیاننامە ئایدیۆلۆژییەکان دەبێ لەگەڵ ئاراستەیەکی جوانیناسانە و کردەییدا تێکەڵ بکرێن. دەکرێ بیرۆکەکانی شەونم لەگەڵ ڕەخنەی ئەدەبیی سۆڤیەت، بەتایبەتی ڕیالیزمی سۆسیالیستی (بۆ نموونە گۆرکیج٤، دۆبرۆلیوبۆڤ٥ و مارسیاک٦)، بەراورد بکرێت، کە یەکێک لە بەڵگە سەرەکییەکان ئەوە بوو کە ئەدەبیات نە تەنیا دەبێ کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ڕاستەقینە پیشان بدات، بەڵکو پێویستە نێوەنجیگەریی نێوان هەندێک نۆرمی ئایدیۆلۆژییش بکات بۆ ئەوەی شارۆمەندێکی باش پێکبهێنێت.
بەرهەمە سەرەتاییەکانی ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی
لە ڕووی مێژووییەوە، کوردان کەم تا زۆر چەوساندنەوە و ئازاردانی بەردەوامیان بینیوە و ئەمانەش بوونەتە لەمپەڕێک لە ڕێگەی پەرەسەندنی ئەدەبیاتی نووسراوی کوردیدا. بەڵام ئەدەبیات دەورێکی بنەڕەتیی لە پاراستنی زمان و پەرەپێدانی فەرهەنگیی کوردیدا هەبووە. بۆیە کورد لە دۆخە دژوارەکانیشدا هەوڵی داوە بۆ بەرهەمهێنانی ئەدەبیات. یەکێک لە بەرهەمە سەرەتاییەکان کە لەم بوارەدا گرنگایەتییەکی زۆریان هەیە، فەرهەنگی عەرەبی-کوردیی ئەحمەدی خانی (١٦٥٠-١٧٠٦) و عەقیدەی ع. مەولەوییە کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا بۆ قوتابیانی قوتابخانە ئاینییەکان نووسراوە. هەروەک ڕۆژئاوا، کوردیش بەرهەمهێنانی ئەدەبیاتی بۆ بەردەنگی گەورەساڵ، خستووەتە پێشەوە. ئەدەبیاتی منداڵان بە زمانی کوردی تەنیا لە ماوەی ٧٥ ساڵی ڕابردوودا بەدی هاتووە. ئەم ژانرە لە دەیەی ١٩٢٠دا لە قاڵبی گۆرانی و شیعری فۆلکلۆردا، لە قۆناغێکی ڕامیاریی ئاڵۆزدا سەریهەڵدا. ئەمڕۆکە، ئەدەبیاتی منداڵان بە بەشێکی سەربەخۆ و پێگەیشتوو لە ئەدەبیاتی نەتەوەییدا دادەنرێت (کادیر، ١٩٨٦: ٦، ١٩٨٩).
بناغەدانەرانی ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی، زێوەر (١٨٧٥_١٩٤٨)، بێکەس (١٩٠٥_١٩٤٨)، پیرەمێرد (١٨٦٧_١٩٥٠) و گۆران (١٩٠٤_١٩٦٢) بوون کە یەکەم جار شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە. شیعر و هۆنراوەکانی بێکەس و گۆران لە ژێر کاریگەریی فەرهەنگیی منداڵانەدا (فۆلکلۆری بەکارهێنراوی منداڵان یان فۆلکلۆر بۆ منداڵان) بوون، کە بە شێوازێکی ڕاستەقینە و گۆڕانێکی خێرا بابەتەکان دیاری ئەکرا. ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی لە هەموو قۆناغە جیاوازەکانی پەرەسەندنیدا لەسەر ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی کاریگەریی هەبووە. ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی زۆرجار باس لە تەوەرە ئایینی و ئیلاهیاتییەکان دەکات (بۆ نموونە بنەمای دینی یان وتاری ئایینی) و مەبەستی ئەوە بووە کە بەشێک لە پەروەردە و فێرکاریی ئاینیی گەنجان پێکبهێنێت. ئەم بەرهەمە سەرەتاییانە بنەماکانی ئایدیۆلۆژیی ئەدەبیاتی منداڵانی کوردییان پێکهێنا. بەرهەمە کلاسیکەکان، بە تایبەت شیعر لە سەدەی ڕابردوودا لە لایەن زانایانی کوردەوە تەنانەت مامۆستا ئەمین باڵدار کە یەکەمین کتێبی ئەلفوبێی بە زمانی کوردی نووسیوە، بەکارهێنراون. بەرهەمەکانی باڵدار تا ئێستاش لە کوردستاندا وەک ئەدەبیات لە فێرکاریی زمانی دایکدا بەکاردەهێنرێن (کادیر، ١٩٨٩).
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، نووسەرانی کورد شیعری منداڵانیان لەسەر ئەو تەوەرانە داناوە کە جەختیان لەسەر گرنگایەتیی ڕۆشنبیری و پەروەردە دەکرد. باوترین تەوەرەکانی ئەدەبیاتی منداڵان لەم قۆناغەدا، بریتین لە خوێندنی منداڵان و دەوری قوتابخانەکان لە کۆمەڵگادا. ئەم بەرهەمە سەرەتاییانە لەسەر گرنگیی بەدەستهێنانی زانست بۆ هەر خەڵک و تاکێکی کورد، جەخت دەکەن. کاکەی فەلاح، شەونم و فەرەیدوون لەناو بەرهەمە لیریکییەکانیاندا کەسایەتی و پاڵەوانێکی نوێیان هێناوەتە ناو ئەدەبیاتی منداڵانی کوردییەوە: بە لەبەرچاونەگرتنی ئەوەی کە چەند نووسەری ئەم سەردەمە لەسەر مافی خوێندنی کچان نووسیویانە، وا دیارە زۆربەی ئەم جۆرە کتێبانە لە لایەن پیاوانەوە نووسراون و بەردەنگیان کوڕە. گرنگترین ئەرکی «پاڵەوانی بچووکی قوتابخانە»ش ئەوەیە کە باش بخوێنێت و هەتا دەتوانێ فێر بێت. هەموو حەز و کارەکانی بە قوتابخانەوە گرێدراون. لە ڕاستیدا، نووسەرانێکی وەک زێوەر، پیرەمێرد و گۆران توانیویانە لە بەرهەمەکانیاندا وێنەگەلی شیعری و جوانیناسیی ژیانی ڕۆژانەی قوتابیانی قوتابخانە بخولقێنن. جێگەی ئاماژەیە کە بەرهەمەکانیان هەردوو شێوازی ڕیالیزم و ڕۆمانتیزم تێکەڵ دەکەن. ئەم شیعرانە لە سەرەتادا لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکراونەتەوە و هەروەها بۆ بەردەنگانی گەورەساڵیش ئەدوێن.
کەسایەتیی پاڵەوانی بچووکی قوتابخانە لە ماوەی ساڵانی ١٩٤٠-١٩٦٠دا پەرەی سەند. ئەدەبیاتی منداڵان هێشتا پێویست بوو باس لە پرسە کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و نەتەوەییەکان بکات. خوێندن و پەروەردەیش بابەتی سەرەکی بوون، بەڵام پاڵەوانە بچووکەکەی قوتابخانە چەند ئەرکی نوێیشی لەسەر شان بوو: خوێندنی ڕامیاری و بەشداری لەو وتووێژانەی کە سەبارەت بە داهاتوو و چارەنووسی گەلی کورد، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر، لە پلەی یەکەمدا دەوری بیسەرێکی ناچالاکی دەگێڕا.
ئەم ئەدەبیاتی منداڵانە کە باس لە تەوەرەکانی قوتابخانە و پەروەردە دەکات، بە هۆی پەیامە ئایدیۆلۆژییەکەیەوە، بۆ گەنجانی کوردی نیشتەجێی تاراوگە، بەتەواوی نامۆیە. وەک بەراورد، لە ئەدەبیاتی منداڵانی سویدیدا بە بابەتەکانی قوتابخانەوە، باسی پرسگەلێکی وەک بێمتمانەیی بە دەسەڵات، گەورەساڵان و ڕاپەڕینی دژ بە کۆمەڵگایە. هەروەها زۆرجار مامۆستا و قوتابخانە بە شێوەیەکی نەرێنی وەسف دەکرێن. بە واتایەکی تر، یەکێک لە بەشە سەرەکییەکانی ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی، بەشێک کە لە قوتابخانەدا باسی بابەتگەلێک دەکرێت، مەحاڵە کە لە فێرکاری بە زمانی کوردی لە تاراوگەدا کەڵکی لێوەربگیردرێت. پێش هەموو شتێک ئایدیۆلۆژی و تێڕوانینی ڕامیاری بۆ دەوری منداڵان لە کۆمەڵگادایە کە منداڵانی کورد لە تاراوگەدا بە ئاسانی وەری ناگرن و تێیناگەن.
بەکارهێنانی نەریتی زارەکی لە پەروەردە بە زمانی دایکدا
زمانی کوردی خاوەن نەریتێکی زارەکیی زۆر دەوڵەمەندە و ژانرگەلێکی جۆربەجۆر لەخۆدەگرێت. هەروەک مایکل چایت٧ (١٩٩١:٢) ئاماژەی پێدەکات، هەموو خەڵکی کوردستان سەرەڕای ئایین و زمان، لە فولکلۆری کوردیدا بەشداری دەکەن. بە پێی ئەوەی کە ئەدەبیاتی نووسراوی کوردی لە باکووری کوردستاندا، واتە لە تورکیا قەدەغە کراوە، نەریتی زارەکی دەورێکی گرنگی لە بڵاوکردنەوەی زانستدا هەبووە. هەروەها چیرۆکی زارەکی و چیرۆکی ئەفسانەیی لە خوێندنی منداڵان بە زمانی دایک وەک هێمانەیەکی نایابن. وەک برۆنۆ بێتێلهەیم٨ (١٩٩٠:١٩) ڕوونی دەکاتەوە، منداڵان دەتوانن چیرۆکی ئەفسانەیی بە شێوەیەکی تەواو جیاواز لە فۆرمە هونەرییەکانی تر تێبگەن. بەڵام بە ئەوەشەوە، کەونارخوازی و فۆرمەکانی زاراوەی زماندا کە زۆرتر لە فۆلکلۆردا بەکاردەهێنرێن، بۆ منداڵانی تاراوگە، دژوارە. لە لایەکی ترەوە ئەم منداڵانە زۆرجار لەگەڵ هێماگەلێک کە لە فۆلکلۆردا بەکاردەهێنرێن (وەک کۆتر، ڕێوی، ئەهریمەن، جادووگەر، ئاو و باران، ئاگر، شمشێر و هتد) ئاشنان. هۆنراوە ئەویندارانە زارەکییە ناسراوەکان وەک خەجێ و سیابەند، لەیلی و مەجنوون و مەم و زین، لەلایەن گەنجانی کورد لە تاراوگەدا ناسراون. ئەگەرچی ئەم هۆنراوە ئەویندارانە لە کورمانجیدا بەدیهێنراون، بەڵام گەنجانی سۆرانیش بە هۆی وەرگێڕان و وەشانی سینەماییەوە، دەیانناسن. تا ڕادەیەک ئەم ئەویندارانەیانە وەک نەریتێکی زارەکی لە بەرەی پێشوودا دەمێنێتەوە، بەڵام کوردەکان زۆر کات لە وتووێژی ڕۆژانەیشدا ئاماژە بەو گێڕانەوەیانە دەکەن. ئەتوانین بڵێین نەریتی زارەکیی کۆن هێشتا بەشێکە لە ژیان و پەیوەندییەکانی کوردان، تەنانەت لە تاراوگەشدا. ئەو فۆلکلۆرەی کە لە گوڵبژێرەکاندا دەنووسرێت بەگشتی بۆ ئەوەی منداڵان بتوانن بیخوێننەوە، زۆر ئەستەمە. مامۆستا زۆرجار پێویستە چیرۆک، ئوستوورە و ئەفسانە بۆ منداڵان بگێڕێتەوە و جۆرێک زمانەکەی ڕێکبخات کە منداڵان لێیتێبگەن. ئاستی توانای دایک و باوک لە خوێندندا بۆ منداڵان لە ماڵەوە لەگەڵ ئاستی پەروەردەیی و زانستی دایک و باوک لە زمانی نووسراودا پەیوەندیی هەیە. وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد، ئاساییە کە کوردانی تورکیا ئەگەری فێربوونی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکییان نیە، وەک چۆن بە شێوەی گشتی بۆ کوردانی ئێران و عێراقیش دۆخێکی تاڕادەیەک هاوشێوە لە ئارادایە.
نەریتی زارەکی بە شێوەیەکی ئاسایی لە هەموو جیهاندا دەورێکی گرنگی لە خولقاندنی زمان و ئەدەبی نووسراودا گێڕاوە. هەروەها قۆناغگەلێک لە پەرەپێدانی ئەدەبیاتی منداڵان و لاوان بە زمانی کوردی هەیە کە لەو ماوەیەدا نەریتی زارەکی گرنگییەکی زۆری هەبوو. نەریتی زارەکی دەورێکی گرنگی لە پەرەپێدانی ئەدەبیاتی منداڵانی کوردیدا گێڕاوە لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٣٠ لە بەرهەمه ئەدەبییەکانی پیرەمێرد، بێکەس و گۆران و هەروەها لە ساڵانی ١٩٤٠-١٩٦٠ کە ئەدەبیاتی کوردی لە ژێر کاریگەری ڕیالیزمدا بووە. کاریگەری و دەوری نەریتی زارەکی لە پەیوەندی لەگەڵ گەشەی هۆشیاریی نەتەوەیی کورداندا زۆر بووەتەوە و بەکارهێنانی نەریتی زارەکی لە ئەدەبیاتدا نیشانەی پەرەسەندنی فەرهەنگی نەتەوەییە. کورد وەک هەندێ لە وڵاتە ئورووپاییەکان لە سەدەی نۆزدەهەمدا، نەریتە زارەکییەکەی بۆ بەهێزکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بەکارهێناوە. نووسەرانی ئەدەبیاتی منداڵان وەک کاکەی فەلاح، شەونم و فەرەیدوون عەلی نەخشە و هێمای نەریتی زارەکیی منداڵانیان بەکارهێناوە. ئەم نووسەرانە شێوازی شیعری و ئاستی هونەریی شیعری زارەکییان لە بەرهەمەکانیاندا پەرەپێداوە. هەندێک له بهرههمەکان کاریگەریی نەریتی زارەکییان لەسەرە کە بەتایبەتی وەک ئامرازی خوێندن بە زمانی دایک لە قوتابخانەکانی سویددا بەکاردەهێنرێن، ئەمانە بەرهەمەکانی گۆران، کاکەی فەلاح و شەونم لە خۆ دەگرن کە بەهۆی تەوەر و شێوازەکانیانەوە، دەکرێ تاڕادەیەکی باش گەنجانی تاراوگە لێیتێبگەن.
دوایین بابەتە تایبەتەکان لە ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی و سویدیدا
هەندێک لە نووسەرانی کورد لەسەر ڕۆڵی زانست لە گەشەی کۆمەڵگادا نووسیووە و منداڵانیان هانداوە بۆ خوێندنی زانکۆیی و توێژینەوەی زانستی. بۆ نموونە، فایەق بێکەس شیعرێکی لیریکی لەسەر بەکارھێنانی فڕۆکە وەک کەرەستەی گواستنەوە و چەکێک لە شەڕدا، نووسیوە. شەڕ لەوانەیە یەکێک لە کێشە گشتگیرەکانی ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی بێت. زۆربەی نووسەران سەبارەت بە کاریگەرییە دەروونییەکانی شەڕ لەسەر کۆمەڵگا نووسیویانە. سەرەڕای ئەوەی کە بەکارهێنانی ئەم بەرهەمانە وەک سەرچاوەیەک بۆ پەروەردەی کوردی لە تاراوگەدا کارێکی دژوارە؛ بۆ هەندێک لە منداڵانیش ئەستەمە کە بابەتگەلێکی وەک توندوتیژی، ئەشکەنجە، شەڕ یان ئەزموونە زەبربەخشەکانی تر بخوێننەوە کە ڕەنگە هەتا ڕادەیەکیش خۆیان ئەزموونیان کردبێت.
وەرزش و تەندروستی هەروەها لە دەیە دوایینەکاندا وەک بابەتگەلێکی گرنگی ئەدەبیاتی منداڵان لە کوردستان و سویددا دەرکەوتن. بۆ نموونە لە سویددا، کتێبی منداڵان زۆرتر ئاوڕ لە بابەتگەلێکی وەک هاوڕێیەتی، ئەمەگناسی و ناتەباییەکانی نێوان بازرگانی و وەرزش ئەداتەوە. لە ڕاستیدا وەسفی ژینگەی دەوروبەر لەو کتێبە کوردیانەی کە بابەتی سەرەکییان وەرزشە، زۆرجار بۆ منداڵانی تاراوگە نامۆیە. کتێبە سویدییەکان باسی شوێنە ناسراوەکان و یانە وەرزشییەکان دەکەن، بەڵام لە کوردییەکاندا زۆرتر ئاوڕیان لە بابەتگەلێکی وەک گەشەی جەستەیی و ڕۆڵی چالاکییە وەرزشییەکان لە ژیانی تاکەکەسیدا داوەتەوە.
ھەندێک لە نووسەرانی کورد وەک کاکەی فەلاح، گۆران و شەونم لەسەر سروشت و گەشەی منداڵان لە ژینگەی سروشتیدا نووسیویانە. ئەم کتێبانە دەکرێ وەک سەرچاوەیەک بۆ پەروەردەی منداڵانی کورد لە سویددا بەکاربهێنرێن چونکە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشت لە ئەدەبیاتی منداڵانی سویدییشدا بەربڵاوە.
سەرەتاییترین و بەرچاوترین بابەتەکانی ئەدەبیاتی منداڵان بریتیین لە باسی خۆشەویستی و ڕەگەز کە دیسان هیچ پێگەیەکیان لە ئەدەبیاتی چاپکراوی کوردیدا نیە. هەروەها ئەم کێشەیە لە وڵاتانی نۆردیکیشدا لە ئارادایە. بۆ نموونە، گەنێڵ بێکمەن١ لە ڕۆمانی (سێ هەفتەی دوایی٢، ١٩٧٣)دا باسی چیرۆکێک بە ناوەرۆکی ڕەگەزەوە دەکات کە دوایی لە لایەن ڕۆژنامە سویدییەکانەوە ڕووبەڕوی ڕەخنەیەکی یەکجار زۆر دەبێتەوە. هەروەها زۆربەی ڕەخنەگرانیش کاردانەوەیەکی نەرێنییان بۆ (ئاڤا و نێنێ٣، ١٩٧٤)ـی نیلز بێرگکڤیست٤ هەبووە وەک «کتێبێک کە زانیاریگەلی ڕەگەزی تێدایە». لە ئەدەبیاتی چاپکراوی کوردستاندا، بەگشتی هیچ بەرهەمێک لەسەر بابەتە ڕەگەزییەکان نەنووسراوە.
لە بابەتی چیرۆکی کچانەدا، ئەدەبیاتی منداڵان ژنان و کچان بە سەربەخۆ و سەربزێو ناو دەبات، بەڵام بە پێچەوانەوە لە ئەدەبیاتی چاپکراوی کوردستاندا ئەم ڕەوتە نابینرێت. لە ڕۆژئاوایشدا چیرۆکی کچانە بۆ ماوەیەکی دورودرێژ سنووردارتر بووە و ئازادیی ژنان لەم ژانرەدا وەک پرسێکی گرنگ لە بەرچاو نەگیراوە. لەگەڵ ئەمەشدا، چیرۆکی کچانە هەتا ئێستا بووەتە بزووتنەوەیەک بۆ یەکگرتنەوەی ژنان لەگەڵ قارەمانە متمانەپێکراوەکانیاندا.
خواستە نوێیەکان لە ئەدەبیاتی منداڵانی کوردیدا
ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی لە ماوەی دەیەی ١٩٧٠کاندا لەسای پەرەسەندنی دیموکراتیک لە کوردستانی عێراقدا گەشەیەکی بەرچاوی هەبوو، لە کاتێکدا کە کوردەکان توانیان هەتا ڕادەیەک بنەماکانی دەسەڵاتێکی نوێ دابمەزرێنن. زۆربەی گۆڤارەکان سەبارەت بە کێشەی منداڵان و ئەدەبیاتی منداڵان بابەتگەلێکیان بڵاودەکردەوە. ئەستێرە گۆڤارێکی تایبەت بە منداڵان بوو کە لە ماوەیەکی کورتدا بڵاودەکرایەوە. شایانی باسە کە گۆڤاری منداڵان، وەک ژانرێک لە وڵاتانی نۆردیک زۆر درەنگتر دەرکەوت، ئەم گۆڤارانە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە چاپ و بڵاوکرانەوە. یەکێک لە نیشانەکانی گەشەی ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی لە کاتێکەوە بوو کە ژانرێکی نوێ بە ناوی کورتەچیرۆک بۆ منداڵان، سەریهەڵدا. ئەم کورتەچیرۆکانە بە کاریگەریی بابەتە فولکلۆری و تەکنیکییەکانەوە دەنووسران کە لە ئاکامدا گێڕانەوەگەلێکی چالاک، سەرنجڕاکێش و ورووژێنەریان لێ بەدیدەکرا. هەرچەند کە، شێوازی ئەم چیرۆکانە زۆرتر فێرکارانە و پەروەردەیی بوون، بەڵام بۆ زۆربەی منداڵان لە کوردستاندا شێوازێکی نامۆ بوو.
لە سەردەمی هاوچەرخدا نووسەرانی کوردی وەک لەتیف ھەڵمەت، ئەحلام مەنسوور، شیرین ک.، عەزیزی مەلاڕەش، ئیسماعیل ڕۆژبەیانی و ئیسماعیل تانجا سەریانهەڵدا. زۆربەی ئەم نووسەرانە بەرهەمگەلێکیان لە بواری کورتەچیرۆک و گێڕانەوەگەلی ئەفسانەییدا بڵاوکردووەتەوە. هەروەها گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگای کوردیی کوردستانی عێراقدا کاریگەریێکی مەزنی دانا لەسەر پەرەسەندنی ئەدەبیاتی منداڵان و بەتایبەتی ئەدەبیاتی-وەرگێڕدراوی کوردی. بڕیارگەلێکی ئیجباری دران، بۆ نموونە زمانی دایک بۆ پەروەردە لە ئاستە سەرەتاییەکانی قوتابخانەکاندا بەکارهێنرا. بە زاری خوێندن بەکارهاتوو لە قوتابخانە. کتێبی منداڵان و کتێبی قوتابخانەکان وەک کەرەستەی سەرەکیی بارهێنانی منداڵان کەڵکیان لێوەردەگیرا؛ زۆر هیوایان بە فێرکاری بوو و وەک ئامانجێکی گرنگ هەوڵیان بۆ گەشەی نەتەوەدۆستی ئەدا. منداڵان دەبوو بۆ شارۆمەندانێکی باش و نەتەوەپەروەرانێکی ئەمەگناس پەروەردە بکرایەن. بابەتی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە هەمان کات لە سویددا، بەتەواوی گرنگی بە لایەنگەلێکی جیاوازتر ئەدرا لە ئەدەبیاتی منداڵاندا. ئامانجی سەرەکیی ئەدەبیاتی منداڵان «ورووژاندنی داهێنانی منداڵان و فێرکردنی شێوازەکانی بەدەستهێنانی خۆشی لە ژیاندا» بوو.
بە شێوەی گشتی, لە ئەدەبیاتی منداڵانی کوردیدا زۆرتر لە ئەدەبیاتی نۆردیک بە چاوی گەورەساڵانی داهاتووەوە بۆ منداڵان دەڕوانن کە بەرپرسیارێتیی گەورەساڵی و پەرپرسیارێتییە ئەخلاقییەکانیان لە ئەستۆیە. بۆ ماوەیەکی دورودرێژ، دونیای منداڵ، هەستەکان و خەونەکانی لە ئەدەبیاتی منداڵانی کوردیدا پرسێکی جێگەیسەرنج نەبوو. لە کاتێکەوە کە ئەدەبیاتی ڕۆژئاوایی کاریگەریی خۆی لەسەر ئەدەبیات و ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی داناوە، تووشی گۆڕانکاری هاتوونە و زۆرتر گرنگییان داوە بە ئەزموون، خەون و جیهانبینیی منداڵان. هەروەها، جێگەی سەرنجە کە لە سویددا ھەتا سەدەی بیستەم، ئەرکی سەرەکیی ئەدەبیاتی منداڵان بەکارهێنانی باشترین ڕێگەکانی پەروەردەی منداڵان بوو. قارەمانەکان لە ئەدەبیاتی منداڵاندا وەک ڕێنوێنێکی باش دەردەکەوتن و دەوری پێشڕەوێکیان بۆ منداڵان دەگێڕا. کاردانەوەی توندی دەروونناسان و ڕەخنەگران لەدوای بڵاوبوونەوەی (پیپیی گۆرەویدرێژ٥، ١٩٤٥) ئاماژەی سەرەکییان بۆ کاریگەریی نەرێنیی پیپی بوو لەسەر منداڵان. بەو جۆرەی کە ئەگەری هەیە خوێنەرانیش بزانن، پیپیی گۆرەویدرێژ کچێکی نائاساییە: ئەو بەتەنیایی لە ماڵێکی زۆر گەورەدا دەژیت، زۆر دەوڵەمەندە و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەهێزە. پیپی کەسایەتییەکی ئاژاوەگێڕ بووە کە نەتەنیا نۆرمە باوەڕپێکراوەکان و بۆچوونە کۆنەکان پێشێل دەکات بەڵکوو لە بنەماکانی منداڵی و پەیوەندیی نێوان منداڵان و گەورەساڵانیش بە شێوازێک لادەدات کە هەرگیز لە ئەدەبیاتی منداڵاندا نەبینراوە.
لە ماوەی١٩٩٠ـەکاندا، ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی لە کوردستان و هەروەها لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکانیشدا پەرەیسەند. لە نیوەی دووەمی ئەم دەیەوە، ئەدەبیاتی منداڵان سەرنجی توێژینگەکانی ئاکادمیای کوردی و ئەنجومەنی خوێندنی کوردستانـی ڕاکێشا. لەسای کۆچەرانی کورد لە وڵاتە ئورووپاییەکاندا و خوێندکارانی کوردی خاوەن زانستی زمانە رۆژئاواییەکان، کۆمەڵێک وەرگێڕان لە زمانگەلی ئەنگلیزی، فەڕەنسی، ڕووسی، ئەڵمانی و سویدییەوە بڵاوکرانەوە. ئەمانە سەرەکیترین وەرگێڕانەکانی ئەدەبیاتی منداڵانی سویدی بۆ کوردی بوون. هەروەها لە ئەدەبیاتی منداڵانی کوردیدا گرنگترین و بەناوبانگترین وەرگێڕانەکان لە زمانی سویدییەوە کراون.
ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی لە سویددا
لە ڕوانگەی نێونەتەوەییەوە دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە زۆرترین بەشی ئەدەبیاتی کوردی، بە ئەدەبیاتی منداڵانیشەوە، لە وڵاتی سویددا بەرهەمدەهێنرێت. نزیک بە ٨٠ لەسەدی نووسەرانی کوردی کۆچەر لە وڵاتی سویددا دەژین. ئێستا نزیكی ٥٠ لەسەدی نووسەرانی کورد ئەندامی لێژنەی نووسەرانی سویدن. لە سویددا، ئەدەبیاتی کوردی لە ناو ئەدەبیاتی کۆچەراندا زۆرترین یارمەتیی ماڵی لە لێژنەی فەرهەنگیی سوید وەردەگرێت. نەدیم دەگدێڤیرێن٦ بەڕێوەبەری کتێبخانەکانی ستۆکهۆلم ئاماژەی بەو خاڵە کردووە کە یارمەتییە ماڵییەکانی دەوڵەتی سوید بۆ ئەدەبیاتی کۆچەران کە لە سویددا نووسراون «لەگەڵ پێداویستیی کوردەکاندا دەگونجێت». کوردەکان توانیویانە بە پاڵپشتیی دەوڵەتی سوید ئەدەبیاتێکی نوێی کوردی بەرهەمبهێنن، کە ڕەنگە بکرێت وەک ئەدەبیاتی کوردیی نێونەتەوەیی پێناسەی بکەین. ئەم دیاردەیە لە کاتێکدا سەرنجڕاکێشتر دەبێت کە بزانین ژماری کوردان لە سویددا دەگاتە (٣٠,٠٠٠) کەس، شایانی باسە کە لە وڵاتی ئەڵماندا ئەم ژمارەیە هەتا زیاتر لە ٤٠٠,٠٠٠ کەس تێدەپەڕێنێت. لە ئێستادا نزیک بە ٦٠٠-٧٠٠ بابەت بە چەشنە یان دیالێکتە جۆربەجۆرەکانی کوردی لە سویددا بڵاوکراونەتەوە. هەروەها لە ڕەخنەی ئەدەبیی کوردییشدا، بابەتگەلێک لەسەر مەکتەبی سویدی ئاراستە کراوە.
بارودۆخی گونجاو بۆ بڵاوکردنەوەی ئەدەبیات بە زمانی کۆچەران لە سویددا کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر پەرەپێدانی ئەدەبیاتی منداڵانی کوردییش داناوە. لە سویددا خواستێکی ئاشکرا بۆ بەرهەمهێنانی ئەدەبیاتی ڕەسەنی منداڵانی کوردی لە ئارادایە. بۆ نموونە، عەلی چیفتچی٧ بەڕێوەبەری ناوەندی بڵاوکردنەوەی ئاپێک٨ لە ستۆکهۆلمدا پاڵپشتییەکی زۆری کردووە لە بڵاوکردنەوەی ئەدەبیاتی منداڵان بە زمانی کوردی، ئەوەش بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە کە کوردەکان لە ڕێگەیەکی هاوشێوەوە، بۆ نموونە وەک کەمینەی تۆرنێداڵی٩ لە سویددا و سائامییە ڕەسەنەکان، زمانی زگماکی خۆیان زیندوو دەکەنەوە و شێوازە نوێیەکان بۆ گەیاندنی زمانەکەیان بە جیلەکانی داهاتوو تاقیدەکەنەوە. یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان لەم ڕێگەیەدا چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەدەبیاتی منداڵانە. دەستپێکی ئەم ڕەوتە لە ساڵی ١٩٨٨ـەوە بوو کە ناوەندی بڵاوکردنەوەی ئاپێک زیاتر لە ٤٠ کتێبی منداڵانی چاپ و بڵاوکردەوە. بە پێی وتەکانی مێهمێت تایفون١٠ (١٩٩٨:٤٤)، دەوروبەری ٢٥ لەسەدی بابەتە کورمانجییەکان کە پێش لە ١٩٩٨ لە سویددا بڵاوکراونەتەوە، ئەدەبیاتی منداڵان بوونە (نزیک بە ١٠٠ بابەت).
بەکارهێنانی ئەدەبیاتی زۆرینە لە فێرکاریی منداڵانی کەمینەدا
لە ساڵی ١٩٨١ـەوە، لێژنەی فەرهەنگی سوید پارەیەکی تایبەتی تەرخان کردووە بۆ وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی ئەدەبیاتی منداڵانی سویدی بۆ زمانی کەمینە و کۆچەران لە سویددا. لە ماوەی ١٩٨١-١٩٩٩دا، لێژنەی فەرهەنگ زۆرترین یارمەتیی ماڵیی بۆ وەرگێڕان بە زمانەکانی عەرەبی، کوردی و سائامی سەرف کردووە (خشتەی ١). لەناو ئەوانی تردا، بەرهەمەکانی گوونیلا بێرگسترۆم١١، ئاسترید لیندگرێن١٢، ئوڵف لوفگرێن١٣، جوجیا و تۆماس ویسڵاندر١٤ و گوونیلا وۆڵد١٥ بۆ چەشنە و دیالێکتە کوردییەکان وەرگێڕدراون. ئەدەبیاتی وەرگێڕراوی منداڵان لە زمانی زۆرینەوە (سویدی) بۆ زمانی کەمینە و کۆچەران دەتوانێت کاریگەرییەکی باش لەسەر ڕەوتی گەشەی ئەو زمانانە دابنێت. بڵاوکردنەوەی وەرگێڕان لە زمانێکی زۆرینەوە پیشاندەری سیاسەتی تێکەڵکردنی ئاگامەندە و دەرفەتێکە بۆ منداڵان و دایک و باوکانی کەمینە کە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کۆمەڵگای زۆرینە بناسن.
خشتەی ١. یارمەتییە ماڵییەکانی دەوڵەتی سوید (لێژنەی فەرهەنگ) بۆ ئەدەبیاتی وەرگێڕراوی منداڵانی زمانی کەمینە و کۆچەران (١٩٨١-١٩٩٩). خشتەکە بریتییە لە چەند سەردێڕێک. لە سەردێڕێکدا یارمەتیگەیاندن بۆ فینلەندی، فینلەندیی تۆرنێداڵی، یۆنانی، مەقدۆنی، لەنکێسی، سووری و تایی. سەرچاوە: لێژنەی فەرهەنگ، ستۆکهۆلم. خشتە: ساتو گرۆنداهل.
پشتیوانی لە بڵاوکردنەوەی ئەدەبیاتی وەرگێڕراوی منداڵانی سویدی وادیارە کە بۆ کۆمەڵگای کۆچەران لە وڵاتی سویددا جێگەی خۆشحاڵییە. منداڵانی کەمینە توانیویانە لە تەمەنی خوارەوە و بە زمانی خۆیان لە فەرهەنگی زۆرینەدا بەشداری بکەن. شایانی باسە کە ئەدەبیاتی وەرگێڕراوی منداڵان، دەرفەتێک بۆ فەرهەنگەکانی کەمینە و زۆرینە دەخولقێنێت: لە ڕێگەی ئەم ئەدەبیاتەوە، کۆمەڵگەی سوید دەتوانێ بنەما بنەڕەتییەکانی سیستمگەلی ئەخلاقی و بایەخەکانی بۆ منداڵانی کۆچەر لە ڕێگای زمانی دایکییانەوە بگوازێتەوە. بۆ نموونە، هەندێک لە وەرگێڕانەکان لە کتێبەکانی ئوڵف لوفگرێن بۆ هەر دوو چەشنی کورمانجی/سۆرانی یان کورمانجی/زازاکی وەرگێڕدراون. بەکارهێنانی وەرگێڕانە هاوتەریبەکان بەرگری لە بەفیڕۆدانی تێچوو و جێگە دەکات، بەڵام دەکرێ ئەمەش لە ئەدەبیاتی کوردیدا وەک چالاکییەکی ڕامیاری لە بەرچاو بگرین: چەشنە یان دیالێکتە کوردییەکان پێکەوە ئاراستە دەکرێن و تەنانەت منداڵانیش دەتوانن باشتر چەشنە یان دیالێکتە کوردییەکانی تر بناسن.
بەکارهێنانی وەرگێڕانی زمانی زۆرینە بۆ فێرکاری لە کوردیدا مەسەلەیەکی ئاسان نیە. دەبێ وڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە کە ئەم کتێبانە لەگەڵ ڕاستیی ژیانی منداڵانی کەمینەدا ڕێککەوتنیان هەیە؟ بەگشتی، ئەم کتێبانە تەنیا باسی بابەتگەلی پەیوەندیدار بە منداڵانی سویدی دەکەن و لە بنەماوە بۆ بەردەنگانی بەڕەچەڵەک سویدی نووسراون. بنەماڵەی قەومی و ڕەسەنی سویدی، شێوازی ژیانی سویدی و بایەخەکانی زۆرینە وەک نۆرمێکی جیهانی لەم وڵاتەدا گرنگیی پێئەدرێت. منداڵان و تازەلاوانی کۆچەر لە ئەدەبیاتی منداڵانی سویدیدا بە شێوازێکی نەرێنی وەسف دەکرێن، ستافان تۆرسۆن ئەم دۆخە دەگەڕێنێتەوە بۆ: «ڕووبەڕووبوونەوەی کەم تا زۆر کێشەسازی کۆچەران لەگەڵ کۆمەڵگای سویدیدا، خەڵکەکان و فەرهەنگەکان» (لە نێتتێرویک، ١٩٩٤:١٩٥).
بابەتی گرنگ ئەوەیە کە ئەدەبیاتی وەرگێڕراو هیچ ناوەرۆک و بەستێنێکی هاوبەشی لەگەڵ منداڵە کۆچەرەکاندا نیە کە بتوانن پەیوەندیی لەگەڵدا بگرن. ئەم ئەدەبیاتە پیشاندەری ئەوەیە کە سوید ئێستا وەک وڵاتێکی یەکدەستی قەومی، دان بە هەبوونی حەشیمەتی کۆچەران و کەمینە لەو وڵاتەدا نانێت. منداڵانی کۆچەر هیچ جێگەیەک بۆ خۆیان لە ناو ئەدەبیاتی وەرگێڕراوە لە سویدییەوە نابینن؛ یان بەتەواوی لەم ئەدەبیاتەدا نین یان ئەگەریش هەبن بە نەرێنی و کێشەساز ناویان لێدەبرێت. بە پێچەوانەوە ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی لە نیشتمانی خۆیاندا، بایەخێکی هەرە زۆرتری پێبەخشراوە. ئەم پرسیارەمان بۆ دێتە ئاراوە کە لە ئەدەبیاتی کامە وڵاتدا منداڵانی کۆچەری کورد زۆرتر خراونەتە پەراوێزەوە: لە ئەدەبیاتی منداڵانی سویدیدا هیچ جێگایەکیان نەبووە یان بە دەستەواژەگەلێکی نەرێنییەوە وەسف کراون؛ لە ئەدەبیاتەکانی تورکی، فارسی و عێراقییشدا هیچ ناونیشانێکیان لێ بەدیناکرێت؛ یان لە ئەدەبیاتی (پێشووتری) کوردیدا جیهانبینی و ئایدیۆلۆژییەکی سیاسی لە ئارادایە کە بۆ منداڵانی تاراوگە بابەتگەلێکی نەناسراون. بە گوێرەی ئەم زانیارییانە دەکرێ بگەینە ئەو ئاکامە کە بۆ منداڵانی کورد لە تاراوگەدا وەک ئامانجێکی سەرەکی هیچ ئەدەبیاتێک نەنووسراوە یان زۆر بە کەمی نووسراوە؟
وەرگێڕان لە ئەدەبیاتی منداڵانی کوردیدا دیاردەیەکی نوێیە. هەتا ئێستا، هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ئەم بوارە نەکراوە. بەپێی زانیارییەکانمان، وەرگێڕان تەنیا گواستنەوەی دەقێک لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر نیە. وەرگێڕ پێویستە ڕێککەوتن و هاوسەنگیی نێوان هێمانە تایبەتەکانی هەر دوو زمانی سەرچاوە و مەبەست ڕەچاو بکات. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەدەبیاتی وەرگێڕراوی منداڵان ئەوەیە کە منداڵان بتوانن سەبارەت بە چۆنیەتیی ژیان و بارودۆخی فەرهەنگەکانی تر زانیاریگەلێک بەدەست بهێنن. بەم پێیە، پێویستە کە وەرگێڕان لەگەڵ گرووپی مەبەستدا ڕێککەوێت و دەرفەتێک ببەخشێتە بەردەنگ بۆ هەستی هاوبەشی لەگەڵ گێڕانەوە وەرگێڕراوەکاندا. لە وەرگێڕاندا پێویستە زانستێکی تەواومان لە هەر دوو زمانی سەرچاوە و مەبەست و زانستە شێوازناسانەکانیان هەبێت، هەروەها پێویستە لەگەڵ هەر دوو فەرهەنگ و کۆمەڵگا و هەروەها سیستمی ئەخلاقی و نۆرمەکانیاندا ئاشنا بین. وەرگێڕ پێویستە بڕیار بدات بۆ بەکارهێنانی ئەو هێما، خوازە، ناو، ناوەرۆک و گێڕانەوە تایبەتە فەرهەنگیانە کە لە گوتاری نوێدا دێتە تێگەییشتن.
ئێستا، بەرهەمگەلێکی زۆری ئەدەبیاتی منداڵانی سویدی بە چۆنایەتییەکی باشەوە بۆ کوردی وەرگێڕراون. بۆ نموونە: کتێبی میۆ، کوڕی من١٦ـی ئاسترید لیندگرێن (وەرگێڕراوە بۆ سۆرانی، ١٩٩٩، میۆ، کوڕی من) و برایانی شێردڵ١٧ (وەرگێڕراوە بۆ سۆرانی، ١٩٩٨، برایانی شێردڵ). ئەمانە کتێبە بەناوبانگەکانی ئەدەبیاتی منداڵانی سویدیین کە لەسەر فەلسەفەی بوون، مەرگ و پەیوەندیی منداڵ بە مەرگەوە ڕادەوەستن. ئەگەرچی ئەو منداڵە کوردانەی کە لە سویددا دەژین، دەتوانن وەکوو منداڵانی بەڕەچەڵەک سویدی لە ئەدەبیاتی وەرگێڕراوی سویدی تێبگەن، بەڵام ئەم بارودۆخە بۆ ئەو منداڵانەی کە لە کوردستاندا دەژین، بەتەواوی جیاوازە. بۆ نموونە، ئەو ڕاستیەی کە ژنان و پیاوان لە کوردستاندا لەچاو وڵاتی سوید پێگەیەکی جیاوازیان هەیە، دەتوانێ ئەدەبیاتی وەرگێڕراوی منداڵان بە کوردی ڕووبەڕووی کێشەگەلێک بکاتەوە. بە پێی وتەکانی ڕێواس قادر (٢٠٠٠: ٦)، ئەو ڕاستییە ئاساییەی کە لە کتێبە سویدییەکاندا کوڕ و کچێک پێکەوە یاری دەکەن، بۆ نموونە بەهارانی گوندی پڕهاروهاج١٨ـی ئاسترید لیندگرێن، بۆ زۆربەی منداڵ لە کوردستاندا نامۆیە. وەک قادر دەلێ: «کچان و کوڕان [لە کوردستاندا] هێندە پێکەوە ناڕۆنە دەرەوە و لەگەڵ یەکتردا یاری ناکەن». ئەگەرچی، تێگەیشتن لە جیهانی پیپیی گۆرەویدرێژ زۆر مەحاڵە، بەتایبەت لە بەشی کێڵگەکانی کوردستاندا کە کچان و ژنان بەتەواوی ژیانیان جیاوازترە لە خوشکانیان لە نۆردیکدا. کتێبی منداڵانی وەک (باوکی میا دەچێتە دەرەوە١٩، ١٩٧١)، کە باسی جیابوونەوەی دایک و باوک دەکات، لە کوردستاندا بەتەواوی دۆخێکی نامۆیە، چونکە لە کوردستاندا مافی سەرپەرەشتیی منداڵ ئەدرێتە باوک و دەبێ دایک ماڵەکە بەجێبهێڵێت (قادر، ٢٠٠٠ :٥).
ماوەیەکی زۆرە کە لە ڕۆژئاوادا بەرهەمگەلێک بۆ کوردی وەردەگێڕرێت کە بە ئەگەری زۆر گرنگایەتییەکی زۆریان لەسەر گەشەپێدانی ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی دەبێت لە داھاتوودا. گرووپی مەبەست و بازاڕی ئەدەبیاتی وەرگێڕراوی منداڵان هێشتا هەر لە ڕۆژئاوادایە. لە ڕاستیدا، ئەوە خەیاڵێکی خاوە کە بتوانین ڕادەیەکی بەرچاوی وەرگێڕانەکان لە زمانە ڕۆژئاواییەکانەوە بۆ منداڵان لە قوتابخانەکانی کوردستاندا بەکاربهێنین. وەرگێڕانە سویدییەکان هەتا ئێستا هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کتێبی منداڵانی نووسراو لە کوردستاندا دانەناوە. ئەگەری هەیە کە لە ماوەیەکی درێژدا، ئەدەبیاتی وەرگێڕراو بۆ منداڵان کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر پەرەپێدانی چەشنە و دیالێکتە کوردییەکان لە ڕۆژئاوادا هەبێت، بەڵام نابێ چاوەڕوانی کاریگەرییەکی زۆری ئەم ڕەوتە بین لەسەر پەرەپێدانی زمانی کوردی لە خودی کوردستاندا.
ئاکام
خوێندن بە زمانی دایک مافی بنەڕەتیی هەر مرۆڤێکە. هەر منداڵێک دەبێ دەرفەتی خوێندەواری بە زمانی خۆی پێبدرێ تاکوو بتوانێ لە کۆمەڵگادا گەشە بکات و وەک کەسایەتییەکی بەسوود لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەرکەوێت. بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ کۆمەڵگای زۆرینەدا پێویستمان بە زمانی زۆرینە هەیە، بەڵام ئەو منداڵانەی کە زمانی دایکی جیاوازیان هەیە، دەبێ بە زمانی خۆیان پەروەردە بکرێن تاکوو بتوانن هەست بە بەشداریی تەواو بکەن لە کۆمەڵگادا.
بەجێهێشتنی وڵاتێک و کۆچ بۆ وڵاتێکی تر لە منداڵیدا دژوارە. لەدەستدانی شوێنکاری ئاسایی و پێشووی منداڵ، هەستی ناخۆشی و دڵەڕاوکێی پێئەدات. پەروەردە بە زمانی دایک دەتوانێ شوناسی منداڵان لە وڵاتی نوێدا مسۆگەر بکات و بەرەو لای یەکسانییەکی ئەرێنی بیانبات. هەروەها خوێندنی منداڵ بە زمانی دایک ئەو دەرفەتە بە منداڵان ئەبەخشێت کە شانازی بە زمان و ڕەچەڵەکی خۆیان بکەن و بۆ بەستێنی فەرهەنگیی خۆیان ڕێز دابنێن.
بەکارھێنانی ئەدەبیاتی منداڵان بە زمانی خۆیان لە کاتی خوێندن بە کوردی، دەورێکی گرنگی هەیە لە زیندووکردنەوە و پاراستنی زمانەکەدا. بەگشتی، بەدیهێنان و بەکارھێنانی ئەدەبیاتی منداڵان بۆ ئەو زمانانەی کە ئەگەری لەناوچوونیان هەیە و دیار نیە کە بۆ بەرەی داهاتوو زیندوو بمێنن، زۆر بابەتێکی گرنگە.
بەڵام، ژیان لە تاراوگەدا ئەو واتایە دەگەیێنێت کە بارودۆخێکی نوێ بۆ منداڵ و بنەماڵەکەی دروست دەبێت. بایەخە کۆنەکان، و ڕوانگەی زانستی و سیستمی نۆرمەکان، لەناکاودا ئیتر دەگۆڕدرێن یان دەبێ لە بەستێنی نوێدا بگونجێندرێت. بە هۆی جیاوازیی زۆری ئاستی زانستی کوردیی خوێندکاران لەگەڵ ئەدەبیاتی بڵاوکراوە لە وڵاتانی پێشوودا زۆرتر لەگەڵ بایەخەکان، دابونەریت و دیکەی بابەتەکەنای تردا پەیوەندیی هەیە، بەکارهێنانی ئەدەبیاتی منداڵان لە کوردستاندا بۆ فێرکاری زۆر دژوارە. بۆمان دەرکەوتووە کە لە کاتی پەروەردە بە زمانی کوردی لە سویددا، دژوارترین بابەتەکان بۆ منداڵانی کورد، ئەو کتێبانن کە لە کوردستاندا نووسراون. ئەم کتێبانە ژیانێکی ڕۆژانە وەسف دەکەن کە بۆ خوێندکارانی کوردی لە سویددا تا ڕادەیەک نامۆیە؛ و ناتوانن لەگەڵ ئەو بارودۆخ و گێڕانەوەیانەدا پەیوەندی بگرن.
زۆربەی بەرهەمگەلی ئەدەبیاتی منداڵان کە لە کوردستاندا دەنووسرێن، منداڵان هان ئەدەن بۆ ئاگاداری لە ئەو کەسانەی کە لە خزمەتی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندان. ئەم کتێبانە لەچاو ئەدەبیاتی منداڵانی سویدی باوەڕێکی پتەوتریان بە دەسەڵات هەیە. هەروەها جیاوازیگەلێکی تریش لە نێوان کتێبەکانی ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی و سویدیدا هەیە کە سەبارەت بە چەمک و پێناسەی منداڵ و منداڵییە، کە بە پێی بارودۆخی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی ئەم وڵاتانە پێکهاتوونە. بە گوێرەی وتەکانی نێتێرویک (١٩٩٤)، منداڵیی سویدی «درێژخایەن»ـە. کتێبی منداڵانی کوردی بە پێچەوانەوە بۆ ئەو منداڵانە نووسراون کە منداڵیێکی «کورت»یان هەیە، بە واتای ئەوەی کە منداڵانی کورد زووتر ئەرکی گەورەساڵان لە کۆمەڵگادا لە ئەستۆ دەگرن لەچاو منداڵانی هاوتەمەنیان لە وڵاتانی نۆردیکدا.
بەم جۆرە، دەوری ئەدەبیاتی منداڵان لە ڕەوتی بووژانەوە بەتەواوی لە تاراوگە و لە ڕۆژئاوادا جیاوازە لە کۆمەڵگای کوردی لە کوردستاندا. ڕەوتی بووژانەوە لە نێوان کوردانی کوردستاندا دیاردەیەکی یەکسان نیە، چونکە دۆخی زمانی کوردی بۆ نموونە، لە ناوچەکانی کوردستانی تورکیا و عێراقدا بەتەواوی جیاوازن. لە سویددا ڕەوتی بووژانەوە پەیوەندییەکی چڕی هەیە لەگەڵ ڕەوتی تێهەڵکێشان لە وڵاتی نوێدا. بێگومان یارمەتییە ماڵییەکانی دەوڵەتی سوید بۆ ئەدەبیاتی وەرگێڕراوی منداڵانی سویدی بۆ زمانی کۆچەران، دەکرێ وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی پیویستییەکانی تێهەڵکێشان لە بەرچاو بگیردرێت. بەکارەهێنانی ئەدەبیاتی وەرگێڕراوی منداڵان لە سویدییەوە کارێکی زۆر ئاڵۆزە. ئەم ئەدەبیاتە لە ئاستی یەکەمدا وەسفی منداڵ و بنەماڵەی سویدی دەکات، لە کاتێکدا کە کەمینە قەومییەکان بەگشتی جێگەیان چۆڵە. بەکارهێنانی ئەدەبیاتی وەرگێڕراوی منداڵان لە فێرکاری و بارهێناندا پرسیارگەلێکی ئادیۆلۆژیک سەبارەت بە بنەماکانی بووژانەوە دەهێنێتەپێشەوە. هەوڵ بۆ گواستنەوەی زمان بۆ بەرەی نوێ بەسە یان لایەنگەلێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییش لە ئارادانە کە پێویستە لەم ڕەوتەدا سەرنجیان پێبدرێت؟ لە ئاستی ئایدیۆلۆژیک و کردەییەوە، دەکرێ زمانێک و فەرهەنگێک گەشە پێبدەین، ئەگەر لە خاڵی ڕۆیشتنی فەرهەنگی زۆرینەوە پێناسە بکرێت؟
پاراستنی زمان بۆ زۆربەی کۆمەڵگاکانی کەمینە گرنگە، بەڵام بەس نیە بۆ ئەوەی کە دەرفەتێکی ڕاستەقینە بدرێتە ئەندامانی کۆمەڵگای کەمینە بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی و شارۆمەندیی تەواو لە کۆمەڵگای سویددا. بووژانەوەی زمان و کۆمەڵگای خۆیی بەشێکی پێویستی ڕەوتی یەکپارچەسازیە کە پێشینەی فەرهەنگیی کۆچەران تێیدا بە هەمان ڕادەی فەرهەنگ و زمانی زۆرینە بایەخی پێئەدرێت. مامۆستای زمانی دایک، لەم بەستێنەدا، نەتەنیا دەوری فێرکارێک دەگێڕێت بەڵکوو پەیوەندیدەری نێوان ڕابردوو و داهاتوویشە، ئەمە ئەرکێکی دژوار، پێویست و گرنگە. پەرەپێدانی کەرەستە و سەرچاوەکان بۆ پەروەردە بە زمانی دایک و بەرهەمهێنانێکی ئەدەبی کە پێداویستییەکانی ئێستای منداڵانی کۆچەر لە بەرچاو بگرێت، پێویستە لە داهاتوودا ببێتە ئەرکێکی گرنگ لەسەر شانی سیستمی قوتابخانەکانی سوید.