Image
ئەم هەڵبژاردنە، تەنیا ڕووداوێکی هونەری نییە؛ بەڵکوو هەنگاوێکی هێمایین و گرینگە لەمەڕ پەیوەندیی نێوان هونەرمەندان، توێژەران و چالاکانی ئەدەبی منداڵان لە کوردستان و جیهاندا. پەیوەندییەک لە نێوان ئەندێشە و جوانیدا، لە نێوان ڕوانگەیەکی جیهانی و دەنگێکی ناوخۆیی.  ئەمە، ئەو ئەرکەیە کە ئەدەبی منداڵ دەبێت پێیەوە پابەند بێت: تێپەڕاندنی سنوورەکان بۆتێگەیشتنی باشتری منداڵی، وەک جیهانێکی هاوبەش.

ئەوبەر وێنە، ئەوبەر وشەلە جیهانێکدا کە ئەدەبی منداڵ هەندێک جار دەکەوێتە تەڵەی کات بەسەربردنی ڕووکەش یان فێرکاریی ڕاستەوخۆیانەوە، هەندێک لە وێنەکێشەکان، ڕێگایەکی دیکە دروست دەکەن- ڕێگایەک کە ئەزموونی منداڵ لە ڕێگەی بێدەنگی، بیرکردن و زمانی ڕەنگەکانەوە، قووڵتر دەکاتەوە. ماریت تورن‌کویست وێنەکێش و نووسەری هۆڵەندی-سویدی، یەکێکە لەوانەی کە بە سەبر، تێگەیشتوویی و بیرکردنەوە لەم ڕێگایەدا ڕۆیشتووە و گەشە و نەشەی کردووە.

تورن‌کویست لە ساڵی ١٩٦٤ لە سوید لەدایک بووە و لە هۆڵەندا گەورە بووە. ئەم دووانەیە فەرهەنگییە، کەشێکی دەروونیی ناوازەی بە کارەکانی بەخشیوە؛ بەرهەمگەلێک کە هەم ڕەگیان لە سروشتی بێدەنگی سکاندیناڤیادا داکوتییوە و هەم لەنێو بۆچوونی شیعر و هونەری ئەوروپای ناوەڕاستدا ڕەنگی داوەتەوە. 

ئەو وێناکردن تەنیا بە "نیگارکێشان بۆ منداڵان" نابینێت، بەڵکوو وەک جۆرێک لە زمانی گێڕانەوەی سەربەخۆ دەبینێت کە بتوانێت بابەتەکانی وەک ترس، تەنیایی، ئاوارەبوون، یان هیوا، بەبێ پێویستی بە وشە، بۆ منداڵ و مرۆڤایەتی زەق بکاتەوە. 

گێڕانەوە بە ڕەنگ، گێڕانەوە بە شوێن

لە کارەکانی تۆرنکڤیستدا، ڕەنگەکان باری سۆزدارییەکی مانایی هەڵدەگرن. شوێنە چۆڵەکان، پالێتە تەمومژاوییەکان، تێکەڵکردنی ڕووناکی و سێبەر و جووڵە نەرمەکانی قەڵەمەکە هەموویان پێکەوە بۆ ئەوەی منداڵەکە لە ئەزموونێکی هەستیاریدا نوقم بکەن دێنە کار. ئەم شێوەکارە بەرهەمی زۆری پێشکەش بە منداڵان کردووە و لەگەڵ زۆرێک کە نووسەرە بەنێوبانگە جیهانییەکاندا وەکوو ئاسترید لیندگێرن هاوکاریی کردووە. 

کتێب گەلێک وەکوو:

باڵندەی سوور(Red Bird )

دوورگەکە(The Island)

چیرۆکێکی بچووک سەبارەت بە خۆشەویستی

ئەم کتێبانە، تەنها باسی ئەزموونی منداڵانە ناکەن، بەڵکوو منداڵ وەک مرۆڤێک دەناسێنێت کە قووڵە و مافی پرسیارکردنی هەیە.

ماریت تۆرن‌کویست، هونەرمەندێکە کە هەمیشە پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی لە کارەکانیدا جێگیر کردووە. لە پەنابەرانی جەنگەوە تا منداڵانی بێ باوک، لە توندوتیژیی شاراوەی نێو پەروەردە تا برینە بێدەنگەکانی خێزان. ئەو هەوڵدەدات "ئەو دەنگانەی کە نابیسترێن" بە دەربڕینێک کە نە ترسناک و نە هەستیارە، پیشان بدات.

چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەردەنگ دەبێت هونەری منداڵان بە جیددی بگرێت. منداڵ دەبێت هەست بکات کە دەبینرێت و تێدەگات و مافی ئەوەی هەیە لە ڕێگای وێنە و شێوەکارییەوە لە جیهانی دەوروبەری بگات. 

تورن‌کویست لەگەڵ نووسەرانێکی گەورە وەک ئاسترید لیندگرێن هاوکاری کردووە و شێوەکارییەکانی بووەتە جێگای ستایش و ڕێزلێنانێکی زۆر لە ئاستی جیهانیدا و گەورەترین خەڵاتی جیهانیی منداڵ (ئاستریدلیندگێرن)-ی بەدەست هێناوە. 

بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنین کە دیزاینی بەرگی ژمارەی دووەمی دوو-وەرزنامەی ڕەخنەی ئەدەبی منداڵ و مێرمنداڵ، لەلایەن ماریت تورن‌کویستەوە دیزاین کراوە.

ئەم هەڵبژاردنە، تەنیا ڕووداوێکی هونەری نییە؛ بەڵکوو هەنگاوێکی هێمایین و گرینگە لەمەڕ پەیوەندیی نێوان هونەرمەندان، توێژەران و چالاکانی ئەدەبی منداڵان لە کوردستان و جیهاندا. پەیوەندییەک لە نێوان ئەندێشە و جوانیدا، لە نێوان ڕوانگەیەکی جیهانی و دەنگێکی ناوخۆیی.  ئەمە، ئەو ئەرکەیە کە ئەدەبی منداڵ دەبێت پێیەوە پابەند بێت: تێپەڕاندنی سنوورەکان بۆتێگەیشتنی باشتری منداڵی، وەک جیهانێکی هاوبەش.

هاوکاری ئەم بەشە:

کیمیا بایزیدی