Image
ئەدەبی منداڵان ئیتر بوارێکی پەراوێزخراو نییە؛ بەڵکوو بەشێکی زیندوو، فرەچین و له گۆڕانکاریی  سیستەمی فەرهەنگی کۆمەڵگا هاوچەرخەکانە. لەم ڕووەوە، ڕەخنەی ئەدەبی منداڵانیش لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بە جۆرێک گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە کە چی‌تر ناکرێ تەنها بە خوێندنەوە کلاسیکییەکان سنووردار بکرێت. ئەمڕۆکە، ئەم ڕەخنەیە بە کەڵکوەرگرتن لە تیۆرییە فرەپسپۆرییەکان، ڕوانگەیەکی تێکەڵاوتر لە منداڵان، زمان، ناسنامە، دەسەڵات و نوێنەرایەتی دەگرێتەبەر و هەوڵ دەدات جیهانی منداڵان نەک تەنیا وەک بابەتێک، بەڵکوو وەک مەیدانێکی کردەوەیی گوتاری لێک بداتەوە.

ڕەخنەی ئەدەبیاتی منداڵان: دیمەن، ڕێباز و بەرەنگارییە نوێیەکان

نووسەر:  دەستەی نووسەرانی چراوۆک 

ئەدەبی منداڵان ئیتر بوارێکی پەراوێزخراو نییە؛ بەڵکوو بەشێکی زیندوو، فرەچین و له گۆڕانکاریی  سیستەمی فەرهەنگی کۆمەڵگا هاوچەرخەکانە. لەم ڕووەوە، ڕەخنەی ئەدەبی منداڵانیش لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بە جۆرێک گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە کە چی‌تر ناکرێ تەنها بە خوێندنەوە کلاسیکییەکان سنووردار بکرێت. ئەمڕۆکە، ئەم ڕەخنەیە بە کەڵکوەرگرتن لە تیۆرییە فرەپسپۆرییەکان، ڕوانگەیەکی تێکەڵاوتر لە منداڵان، زمان، ناسنامە، دەسەڵات و نوێنەرایەتی دەگرێتەبەر و هەوڵ دەدات جیهانی منداڵان نەک تەنیا وەک بابەتێک، بەڵکوو وەک مەیدانێکی کردەوەیی گوتاری لێک بداتەوە.

١. تێپەڕین لە ئەدەبیاتی منداڵانەوە بۆ خوێندنی منداڵی

یەکێک لە گرینگترین دەستکەوتە تیۆرییەکانی ساڵانی ڕابردوو، جیاکردنەوەی ئەدەبی منداڵان وەک بەرهەمێکی فەرهەنگی بۆ منداڵان و خوێندنی منداڵی وەک بوارێکی نێوان زانستەکانە. لەم چوارچێوەیەدا، ڕەخنەی ئەدەبیاتی منداڵان چی‌تر تەنیا خەمی هەڵسەنگاندنی چۆنیەتیی دەقەکان نییە، بەڵکوو بەدواداچوون بۆ ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژی و مێژووییانە دەکات کە لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ئەو دەقانەدا دەوریان هەیە.

٢. شیکاریی گوتار و ناسینی دەسەڵات لە دەقی منداڵاندا

شیکاریی گوتار(Discourse Analysis) بەتایبەتی لە نەریتی فۆکۆدا، ئامرازێکی سەرەکی لە ڕەخنەی ئەدەبیاتی منداڵان لە دەیەی ڕابردوودا بووە. زانایان بە گرینگیدان بە نوێنەرایەتیکردنی «منداڵ»، «ئەوەی دیکە»، «دەسەڵات» و «ڕاستی» لە دەقەکانی منداڵاندا، نیشانیان داوە کە زمانی ئەدەبیاتی منداڵان چۆن هەڵگری میکانیزمەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییە. بۆ نموونە، نوێنەرایەتیکردنی منداڵی «گوێڕایەڵ»، «پاک» و «هۆگر» لە زۆرێک لە دەقە کلاسیکەکاندا، بە جۆرێک لە خزمەتی گوتاری فەرمان، کۆنترۆڵ و ئەخلاقی کۆنەپەرستانە کاری کردووە.

٣. خوێندنەوەی ڕەخنەیی لەسەر بنەمای تیۆریی ڕەگەز و جەستە

ڕەخنەی ڕەگەزی لە ئەدەبیاتی منداڵاندا، بە تایبەت لە ساڵانی ٢٠١٠ەوە، گەشەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە دیتووە. لەم ڕێبازەدا، شیکاران بە دوای نوێنەرایەتیکردنی چەشنی ڕەگەزی، پەیوەندیی نابەرابەری نێوان کەسایەتییەکان‌، دەوری جەستە و تەنێتی و نموونە باڵادەستەکانی ژنانە-پیاوانە لە چیرۆکی منداڵاندا دەکەون. بەرهەمی زانایانی وەک Kimberley Reynolds و Kerry Mallan دەریدەخەن کە زۆرێک لەو دەق‌گەلەی بە ڕواڵەت سادە و بێتاوانی منداڵانە، هەڵگری پەیامی ڕەگەزیی زۆر بەهێزن.

٤. ڕەخنەی ترانزۆمۆنیستی و ژینگەیی

ئەدەبی هاوچەرخی منداڵان، بەشێوەیەکی هەراو، ئاوڕی لە پرسگرێکی ژینگەتەوەر داوەتەوە. بەڵام ڕەخنەی ئەدەبیش هاوتەریب لەگەڵ ئەم ڕەوتە، ڕێبازی نوێی گرتووەتە بەر. یەکێک لەوانە ڕەخنەی ئیکۆفێمینیست و ترانزس مرۆڤایەتییە، کە باس لە چۆنیەتی نوێنەرایەتیکردنی پەیوەندیی غەیری مرۆڤ، ئاژەڵ، سروشت و پێوەندیی منداڵان لەگەڵ ژینگە دەکات. لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە دەریدەخەن کە کارەکانی منداڵان دەتوانن بنەمایەک بۆ پێکهاتنی جۆرێک لە بابەتی ئیکۆلۆژی دابین بکەن کە لە دەرەوەی ئەنترۆپۆسێنتریزمی کلاسیک، کارلێکی بەرپرسیارانە لەگەڵ جیهانی نامرۆیی پەروەردە دەکات.

٥. گۆڕانکاری لە پێگەی بینەردڵ: منداڵ وەک خوێنەرێکی سەربەخۆ

لە تیۆرییەکانی ئەم دواییەدا، منداڵ چی‌تر بە بینەرێکی ناچالاک داناندرێت کە تەنیا پێویستی بە پەروەردە و بەسەربردنی کات هەیە، بەڵکوو بابەتێکی چالاک، لێکدانەوەیی و بەشداری‌کەرانەیە. تیۆرییەکانی «خوێنەری وەڵامدەرەوە» و «تیۆری قبووڵکردن» لە دەیەی ڕابردوودا، لەسەر دەوری داهێنەرانەی منداڵ لە دروستکردنی ماناسازیی دەقەکەدا چڕ بووەتەوە. لەم ڕوانگەیەوە ڕەخنەی ئەدەبیاتی منداڵان ئەرکی ئەوەیە کە گوێ لە دەنگ و ئەزموونە جۆراوجۆرەکانی منداڵان بگرێت –بەتایبەت ئەوانەی لە گرووپە پەراوێزخراوەکانەوە هاتوون.

٦. فرەفەرهەنگ‌خوازی، وەرگێڕان و به‌جیهانی‌کردنی دەقی منداڵان

لەگەڵ زیادبوونی وەرگێڕان و تیراژی جیهانی کتێبی منداڵان، ڕەخنەی بەراوردکاریش لە ئەدەبیاتی منداڵان جێگەیەکی نوێی دۆزیوەتەوە. ئەمڕۆ نەک تەنیا لێکچوونی شێوە و ناوەڕۆک، بەڵکوو جیاوازیی گوتاری لە نوێنەرایەتیکردنی شوناس، نەتەوە، فەرهەنگ و زماندا هاتووەتە بەرچاو. ڕەخنەگرانی ئەم بوارە خەریکی لێکۆڵینەوە لەسەر هێزی فەرهەنگی شاراوە لە وەرگێڕان و میکانیزمەکانی جیهانگیری لە پیشەسازیی بڵاوکردنەوەی منداڵاندان.

دەرەنجام: بیرکردنەوە لە ڕەخنە، دروستکردنەوەی دووبارەی ئەدەبیاتی منداڵان

ئەوەی ئێستا لە ئاسۆی ڕەخنەی ئەدەبی منداڵاندا دیارە، گوزەر لە ڕەخنەی ڕواڵەتی و وەسفییەوە بۆ خوێندنەوەی ڕەخنەیی، بنەمای تیۆری و سەربەدەقە. لەم ڕێگایەدا منداڵان تەنیا بینەر نین، بەڵکوو بابەتێکی بەکار و فرەیی و هەندێکجاریش لە چەشنە کۆنەپەرستانەکانی گەورەساڵان ناڕازین. ڕەخنەی ئەدەبی منداڵان، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە توێژەرێک هەیە کە بە شارەزایی لە تیۆری، مێژوو، زمان و دەروونناسیی منداڵان، بەوردی دەقەکان شی بکەنەوە و بە ڕوانگەیەکی داهێنەرانە، دەرفەتی نووسینی داهاتوویەکی دیکە بۆ ئەدەبی منداڵان دابین بکەن.

هاوکارانی ئەم بەشە:

ئەستێرە چابوک

ئەمیر تازیک

سارا ڕەسووڵی