ئەدەبی منداڵ لە چەند دەیەی ڕابردوودا کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بنەڕەتیی تەجروبە کردوە؛ بەتایبەت بە هاتنەئارای ڕوانگە و تیۆریگەلێکی نێوانبەشیی وەکوو ڕەخنەی ژینگەیی (Critical Ecocriticism) و لێکۆڵینەوە نوێیەکانی ئەدەبی منداڵ ( New Childhood Studies ) چووەتە نێو قۆناغێک لە پێناسەکردنەوەی دووبارەی تیۆری و کارکردییەوە. لەم بەستێنەدا، ئەدەبی ژینگەیی منداڵ چیدی تەنیا وەک ئامرازێکی فێرکارییانەی ڕاستەوخۆ نابینرێت، بەڵکوو بەستێنێکە بۆ تەجروبە، دۆزینەوە و بەشداریی منداڵ لە خولقاندنی مانای ژینگەناسانەدا. بەپێی ئەم ڕوانینە، هەر دەقێک کە ئیدیعای "ئەدەبی ژینگەیی منداڵ" بکات، دەبێت بتوانێت هەم لە ڕووی جوانیناسی و هەم لە ڕووی ژینگەیی و پەروەردەی ژینگەییانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. بەپێی ئەم ڕوانینە، خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر بەرهەمی منداڵان، تەنیا لە ڕووی ناوەڕۆکەوە باسی لێ ناکرێت، بەڵکوو دەبێت ئەم دەقانە لە کۆمەڵێک ڕوانگەوە وەکوو پێگەی منداڵ، مەنتیقی گێڕانەوەیی، فرەچەشنیی ژینگەیی، نواندنەوەی بوومپێک و لێهاتوویی ئەو دەقە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی ئەخلاقی- جوانیناسانە لەگەڵ ژینگەی جیهانیدا، هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
منداڵ، جیهان، وشە: سیانەیەکی ژینگەخوازانە
ڕەخنە و لێکدانەوەی کتێبی هاوڕێی ژینگەم
ئارش مێهرەبان
ڕەخنەگر و لێکۆڵەری ئەدەبی منداڵ
ئەدەبی منداڵ لە چەند دەیەی ڕابردوودا کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بنەڕەتیی تەجروبە کردوە؛ بەتایبەت بە هاتنەئارای ڕوانگە و تیۆریگەلێکی نێوانبەشیی وەکوو ڕەخنەی ژینگەیی (Critical Ecocriticism) و لێکۆڵینەوە نوێیەکانی ئەدەبی منداڵ ( New Childhood Studies ) چووەتە نێو قۆناغێک لە پێناسەکردنەوەی دووبارەی تیۆری و کارکردییەوە. لەم بەستێنەدا، ئەدەبی ژینگەیی منداڵ چیدی تەنیا وەک ئامرازێکی فێرکارییانەی ڕاستەوخۆ نابینرێت، بەڵکوو بەستێنێکە بۆ تەجروبە، دۆزینەوە و بەشداریی منداڵ لە خولقاندنی مانای ژینگەناسانەدا. بەپێی ئەم ڕوانینە، هەر دەقێک کە ئیدیعای "ئەدەبی ژینگەیی منداڵ" بکات، دەبێت بتوانێت هەم لە ڕووی جوانیناسی و هەم لە ڕووی ژینگەیی و پەروەردەی ژینگەییانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. بەپێی ئەم ڕوانینە، خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر بەرهەمی منداڵان، تەنیا لە ڕووی ناوەڕۆکەوە باسی لێ ناکرێت، بەڵکوو دەبێت ئەم دەقانە لە کۆمەڵێک ڕوانگەوە وەکوو پێگەی منداڵ، مەنتیقی گێڕانەوەیی، فرەچەشنیی ژینگەیی، نواندنەوەی بوومپێک و لێهاتوویی ئەو دەقە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی ئەخلاقی- جوانیناسانە لەگەڵ ژینگەی جیهانیدا، هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
کتێبی هاورێی ژینگەم لە ڕواڵەتدا هەوڵ دەدات منداڵ لەگەڵ سروشت، گیاکان، ئاژەڵان و چەمکی "هاوڕێیەتی لەگەڵ ژینگە"دا ئاشنا بکات، بەڵام بە سەرنج و خوێندنەوەی وردی ئەم کۆمەڵە شێعرە بەپێی چوارچێوە و بنەما زانستییەکانی ژینگەناسی" Ecocriticism" و لێکۆڵینەوە نێوانبەشییەکانی ئەدەبی منداڵ، لاوازیگەلێکی بنەڕەتی لە چوارچێوەی تیۆریکی، زمانی و ناوەڕۆکیدا بەدی دەکرێت کە تا ڕادەیەکی زۆر ئەم بەرهەمەی کردووە بە بەرهەمێکی دووپاتەکراو و کڵێشەیی. یەکەمین و دیارترین ڕەخنەی ئەم کتێبە، زاڵبوونی گوتاری فێرکارییانەی ڕاستەوخۆ و یاسادانەرانەیە بەسەر کۆی شێعرەکانیدا. منداڵ لەم شێعرانەدا نەک وەکوو سووژەیەکی کردەوان، بەڵکوو وەکوو بەردەنگی هەڵڕسکاو، بێدەنگ و وەرگری یاسایەکی ڕەفتاری دێتە بەرچاو. لە زۆربەی شێعرەکاندا بەردەنگی منداڵ دەبێت ژینگەی خۆش بوێت، درەختەکان نەشکێنێت، ئازاریی باڵندە و ژینگە" نەدات و ئەم " دەبێتانە" بەبێ پرسیار، بەبێ هیچ جۆرە ململانێیەک و بەبێ ئەوەی کە بەستێنێکی واتایی لەم هۆنراوانەدا دروست ببێت، منداڵیان کردووەتە بەردەنگی خۆی.
بەرهەمەکانی ئەم کۆمەڵە شێعرە، لە ڕووی زمان، ناوەڕۆک و پێکهاتەی گێڕانەوەییەوە، بەزۆری و زەقی، تووشی کۆمەڵێک کڵێشەی دیار و بەرچاوی ئەدەبی منداڵانی دەیەگەلی ڕابردووە. ئەو چەمکانەی لەم بەرهەمەدا بەکار ڕۆیشتوون سەدان جار لە ئەدەبی فێرکاریی ڕابردوودا دووپات بوونەتەوە و بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئەم کتێبە هیچ جۆرە نوێگەرییەکی مانایی و جوانیناسانە لە بەرهەمهێنانەوەی ئەم چەمکانەدا بەدی نەهێنێت. لە ڕاستیدا خوێنەر لەگەڵ کۆمەڵێک هەڵبەستی ئەخلاقخوازانەدا ڕووبەڕوو بووەتەوە، نە تەجروبەگەلێکی داهێنەرانە.
جیهانی ئەمڕۆ لەگەڵ کێشە و گرفتێکی ژینگەیی زۆر ڕووبەڕووە.گەرمبوونی زەوی، لەنێوچوونی جۆرە ژینگەییەکان، لەنێوبردنی دارستان، پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان، قەیرانی زبڵ و شارنشینیی لەڕادەبەدەر. بەڵام لە کتێبەدا وێنەیەکی فانتێزی، ئارمانی و تا ڕادەیەک ناڕاستەقینە لە سروشت پیشان دەدەرێت. نە هەواڵێک لە ڕەنجی سروشتە و نە لە تیاچوونی. سروشت لێرەدا بەردەوام شاد، جوان و وەسفکراوە. وەها وێنەیەک نەتەنیا هەڵەیە، بەڵکوو خوێنەریش تووشی گومڕایی دەکات. منداڵی ئەمڕۆ پێویستە لەگەڵ مەسەلەدا ڕووبەڕوو بێتەوە، نەک لێی دوور بێتەوە. شاردنەوەی کێشە ژینگەییەکان لە منداڵ، بەشداریی ئەو منداڵە لە ڕەوتی تێفکرین و تێگەیشتنی بۆ چارەسەرکردنیان، تووشی دۆڕان دەکات. هەر بۆیە لەم بەرهەمەدا چەمکێک بەنێوی مەسەلە و بابەت بەدی ناکرێت و گێڕانەوەیەکی گەورەساڵانەی بەسەردا زاڵە.
پەراوێزخراویی منداڵ لە سووژەبوون و بەشداریکردن
بەپێی بۆچوونی نوێی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی منداڵ، بەتایبەت ڕوانگەگەلێک وەکوو " منداڵ وەکوو سووژەیەک" (child-as-subject) و ڕەخنەی پاش داگیرگەخوازیی منداڵ، منداڵ نەک وەکوو بەکارهێنەرێکی ناچالاکی ئەدەبیات، بەڵکوو بەرهەمهێنەرێکی مانا لە ڕەوتی خوێندنەوەدا دەبینرێت. لەم بەرهەمەدا منداڵ تەنیا فەرمان و ئەمر وەردەگرێت. نە ڕێگای پێ دەدرێت کە هەڵە بکات، نە دەرفەتێکی هەیە بۆ دۆزینەوەی چەمکە نەبینراوەکان و تەنانەت مافی ئەوەشی نییە کە لەگەڵ ژینگەدا پەیوەندییەکی تۆکمە، پڕ لە پرسیار و ململانێ و دژیەکی هەبێت. ئەم روانینە پاشڤەڕۆیانە بۆ منداڵ، هەم پێچەوانەی ئەدەبی مۆدێڕنی منداڵە و هەم لەگەڵ زاتی چەندلایەنەی مرۆڤ- سروشتدا نامۆ و دژیەکە. ئەدەبی ژینگەپارێزی کاتێک کارا و کاریگەرە کە بنچی لەنێو سروشت و ژینگەی خۆماڵیی خۆیدا داکوتابێت. ئەم بەرهەمە وێڕای ئەوەی کە لە جوگرافیای کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە، بەڵام هیچ جێپێیەک لە جۆرگەلی گیایی، ئاژەڵ، پێکهاتەی فەرهەنگی، دەستەواژەی پەیوەندیدار یان تەنانەت کێشە ژینگەییەکانی تایبەت بە کوردستان نابیندرێت. ئەم کتێبە دەیتوانی لە هەر وڵاتێکدا بڵاو کرایەتەوە، لەبەر ئەوەی توخم و ماکێکی کوردیی پێوە دیار نییە، ئەم بۆشاییە منداڵ لە تەجروبەی هەستپێکراو و ماناداری سروشتی خۆی دوور دەخاتەوە و ژینگە دەکاتە چەمکێکی خەیاڵی، بێ شوێن و بێ کات.
ئەدەبی ژینگەیی دەبێت بەستێنێک بخولقێنێت بۆ وتووێژ، ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، تەجروبە، هەستکردنی بە سروشتێکی بریندار و بیرکردنەوە لەو ڕێگاچارانەی کە لە ڕواڵەتدا بچووکن بەڵام ڕاستەقینە و کاریگەرن. ئێمە پێویستمان بە بەرهەمێکە نەتەنیا لەگەڵ منداڵدا قسە بکات، بەڵکوو منداڵیش بهێنێتە قسەکردن لەگەڵ زەوی، بوونەوەران و دارەکان.
کتێبی هاوڕێی ژینگە ئەگەرچی هەوڵێکە بۆ ئاشناکردنی منداڵی بەردەنگ لەگەڵ چەمکە ژینگەییەکان، بەڵام بەپێی ئەو چوارچێوە و تیۆرییە نوێیانەی ئەدەبی منداڵ، ئەم کتێبە بەرهەمێکی یەک لایەنە و فێرکاریی تەوەرە. ئەم بەرهەمە پێش لەوەی کە تەجروبەیەکی ئەدەبی بۆ منداڵ بخولقێنێت، بەرهەمهێنەرەوەی گوتاری گەورەساڵانە و ئەخلاقتەوەری سەدەی پێشووە کە منداڵ وەکوو سووژەیەک نابینێت، بەڵکوو ئاستی بۆ وەرگرێکی بێمەرجی بایەخگەلی سەقامگیر و لەپێش دیاریکراو، دادەبەزێنێت. کەوایە دەتوانین ئەم کتێبە بە بەرهەمێکی " مەیلەو ژینگەخوازی " ناو ببەین کە پێش لەوەی ژینگەیی بێت، ئەخلاقییە و پێش لەوەی چێژبەخش بێت بۆ منداڵ، ئیدئۆلۆژیکە. ڕەوتی داهاتووی ئەدەبی منداڵ لەم بوارەدا پێویستی بە پێداچوونەوەیە بە ناوەڕۆک، زمان، فۆڕم و تەنانەت فەلسەفەیەکی منداڵتەوەرانەدا. ئەدەبیاتێک کە تێیدا منداڵ بتوانێت تەجروبە بکات، لەگەڵ کێشە و ململانێیەکان ڕووبەڕوو بێتەوە، لەسەر ژینگەی و بوومپێکی خۆی بیر بکاتەوە و لە ئاکامدا ڕۆڵێکی مانادار لە جیهانی بگۆڕدا بگێڕێت.