Image
بە خوێندنەوەی  کتێبی شیعری منداڵانی من ئەتوانم بڵێم نا، ئەوەی کە لە هەمووی گرنگترە، شیکردنەوەی میکانیزمە گێڕانەوەیی، پەروەردەیی و زمانەوانییەکەیەتی لە پەیوەندی لەگەڵ بەردەنگە تایبەتەکەی، واتا منداڵ. لە ڕوانینی یەکەم و سەرەتادا، ئەم دەقە شێعرییە، ئامانجی، فێرکردنی یەکێک لە کارامەییە بنەڕەتییەکانە لە پەروەردەی کۆمەڵایەتی منداڵدا، واتا توانای دژایەتیکردنی ڕێزدارانە یان هەمان " نا" وتنە. بەوەشەوە، بە سەرنجدان بە پێکهاتەی گێڕانەوەیی و گوتاری پەروەردەیی، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە سەرەڕای مەبەستی ڕواڵەتیی ئەم بەرهەمە، شیعر لە چوارچێوە بناغەکانیدا، کۆمەڵێک بیرۆکەی سنووردارکردن، ڕێگریکردن و تەنانەت زیانبەخشیش بۆ پێکهێنانی بوون و شوناسی منداڵی لەخۆ گرتووە.

من ئەتوانم بڵێم "نا"

ئارش مێهرەبان

توێژەری ئەدەبی منداڵ

بە خوێندنەوەی  کتێبی شیعری منداڵانی من ئەتوانم بڵێم نا، ئەوەی کە لە هەمووی گرنگترە، شیکردنەوەی میکانیزمە گێڕانەوەیی، پەروەردەیی و زمانەوانییەکەیەتی لە پەیوەندی لەگەڵ بەردەنگە تایبەتەکەی، واتا منداڵ. لە ڕوانینی یەکەم و سەرەتادا، ئەم دەقە شێعرییە، ئامانجی، فێرکردنی یەکێک لە کارامەییە بنەڕەتییەکانە لە پەروەردەی کۆمەڵایەتی منداڵدا، واتا توانای دژایەتیکردنی ڕێزدارانە یان هەمان " نا" وتنە. بەوەشەوە، بە سەرنجدان بە پێکهاتەی گێڕانەوەیی و گوتاری پەروەردەیی، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە سەرەڕای مەبەستی ڕواڵەتیی ئەم بەرهەمە، شیعر لە چوارچێوە بناغەکانیدا، کۆمەڵێک بیرۆکەی سنووردارکردن، ڕێگریکردن و تەنانەت زیانبەخشیش بۆ پێکهێنانی بوون و شوناسی منداڵی لەخۆ گرتووە.

چوارچێوەی تیۆریی ئەم شیکارییە لەسەر بنەمای تیۆریی "چوارچێوەی ئەخلاقی لە دەقەکانی منداڵان" دامەزراوە کە لەلایەن کیمبەرلی کرین شافێر (2019)ەوە پێشکەش کراوە. ئەم تیۆرییە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەدەبیاتی منداڵ بە پێچەوانەی باوەڕی باو، تەنیا ئامرازێک بۆ گواستنەوەی پەیامی ڕەفتاری نییە، بەڵکوو گوتارگەلێک لەخۆدەگرێت کە شێوازی پێکهاتنی ناسنامە و شوناسی منداڵ، بوونی و پەیوەندیی دەسەڵاتی نێوان منداڵ و گەورەساڵ بەرهەم دەهێنن یان پێناسەی دەکەنەوە. بەم پێیە، دەقی منداڵانە نەک تەنیا لە ڕووی ناوەڕۆکێکی ڕووکەش و  ئاشکراوە، بەڵکوو دەبێت لە ئاستگەلێکی قووڵترەوە وەک ڕستەسازیی زمان، پەیوەندیی هۆکارەکان لە گێڕانەوە و دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان کەسایەتیەکان‌دا شیکارییان بۆ بکرێت.

لەم کتێبەدا، کرداری ناوەندیی گێڕانەوەکە لەسەر بنەمای بەریەککەوتنی کۆتر (خاڵخاڵی) کە نوێنەرایەتیی چەمکێکی منداڵانە دەکات،  لەگەڵ دۆخێکی فریودەرانە دامەزراوە کە تیایدا بە وێناکردنی بوونەوەرێکی فریودەر (پشی یان پشیلە) بە پێشنیاری هاوڕێیەتی و بەڵێنیی چێژوەرگرتن و کات و ساتێکی خۆش، بەرەو دەرچوون لە سەقامی باس‌کراو و چوارچێوەی دیاری بنەماڵە، هاندەدات. پێکهاتەی ئەم دۆخە، لەجیاتی ئەوەی لەسەر بنەمای هەڵبژاردن، وتووێژ یان پرسیارکردن بێت، بە فۆرمێک نوێنەرایەتی دەکرێت کە لەسەر بنەمای دووبەرەکییەکی ساکارانە "چاکە/خراپە و گوێڕایەڵی/هەڵە" دامەزراوە. لەم بواره‌دا منداڵ نەک وەک سووژەیەکی بیرکەر وێنا دەکرێت، بەڵکوو وەک بەرکارێکی بێ‌چالاک کە بەهۆی هەڵەیەکی لەناکاو، تووشی سەرزەنشت و چاکسازی دەبێت، دێتە پیشاندن.

ئەم لۆژیکە لە ڕوانگەی پەروەردەییەوە، درێژەپێدەری هەمان گوتاری ئەخلاقیی پێش مۆدێرنە کە تێیدا پەروەردە نەک لە ڕێگەی پەرەپێدانی تواناکانی شیکاری و بڕیاردانەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی داکۆکیکردن و داسەپاندن، ئاگادارکردنەوە، سزای ڕەمزی و نموونەیی "پەشیمانی/چاکسازی" دێتە ئەنجامدان. لە ڕوانگەی دەروونناسیی گەشەی کۆمەڵایەتییەوە، ڕێبازێکی لەو جۆرە لەگەڵ ڕێبازە مۆدێرنەکاندا ناکۆکە کە لەسەر بنەمای فێربوونی ئەخلاقی بەشداریکردن دامەزراوە (وەک تیۆری فێربوونی کۆمەڵایەتی به‌ندورا یان مۆدێلەکانی پەروەردەی ڕەخنەگرانە). لەم گێڕانەوەیەدا ئەزموونی هەڵە بۆ منداڵ نەک دەرفەتێکە بۆ بەئاگاهاتنەوە، بەڵکوو ساتێکە بۆ سەرزەنشتکردن و زاڵبوونی گەورەساڵانە بەسەر منداڵدا.

لە ئاستی زمانییەوە، شیعرەکە وێڕای هەبوونی ڕیتم و سەروا، لە ڕووی گونجانی وشەسازییەوە، لەگەڵ توانای زمانەوانیی بەردەنگی منداڵدا، نەگونجاوە و ناڕوونیی تێدا بەدی دەکرێت. شیعرەکە پڕە لە پێکهاتە و زاراوە و وشەسازی کە یان لە چوارچێوەی زمانەوانیی منداڵانی هاوچەرخدا جێگەیان نییە یان ڕوونییەکی ماناییان بۆ بەردەنگی منداڵ تێدا بەدی ناکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکان و نەهێشتنی بەشداریی دەروونیی منداڵ لە تێگەیشتنی ڕەوتی گێڕانەوەکە؛ کە بە بڕوای شافر یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی نەگەیشتنی پەیامی پەروەردەیی لە دەقی تایبەت بە منداڵاندا. بە واتایەکی تر زمانێک کە نەتوانێت لە چوارچێوەی ئەزموونی و مەعریفی خۆیدا منداڵێک بکاتە بەردەنگ، تووشی دۆڕانە و لە گەیشتن بە ئامانجە گێڕانەوەکانیدا ئامانجی سەرەکیی خۆی ناپێکێت.

لە لایەکی دیکەوە، شیکاری گێڕانەوەی بەرهەمەکە ئاماژەیە بۆ لاوازی لە یەکگرتوویی پێکهاتەیی و ڕێکخستنی دراماتیک. گەڵاڵەی چیرۆکەکە کاریگەر و سۆزدارییەکی قەناعەتبەخشی نییە. کەسایەتییەکان، بە شێوەیەکی تاک ڕەهەندی لێک‌ئەدرێن و هیچ ڕەوتێکی دەروونی ئەرێنی لە ڕەفتار و بڕیاردانیاندا بەدی ناکرێت. هەروەها نوێنەرایەتی دایک و باوک نەک وەک هاوڕێیانی پەروەردەیی، بەڵکوو لە پێگەیەکی ڕەهاگەرای دەسەڵاتدا دەردەکەوێت. بۆ نموونە دایکی "خنجیلە " چەندین جار بانگی دەکات و بیرۆکە و بۆچوونی خۆی بەسەردا دەسەپێنێت، بەبێ ئەوەی تەنانەت یەکجاریش گوێی بۆ بگرێت، تەنیا جەخت لەسەر چاکسازی و گوێڕایەڵی دەکاتەوە. ئەم شێوازە گێڕانەوەیە بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندیی پلەبەندی و نادیموکراسی لە پەروەردەدا، کە لەگەڵ ڕێبازە پەروەردەییەکانی ئەمڕۆ کە لەسەر بنەمای هاوکاری، وتووێژ و هەڵبژاردن دامەزراوە، دژیەکن.

شیعرەکە له کۆتاییدا، بە دەرکردنی فەرمانێکی بایەخدارانەی گەورەساڵانەکۆتایی پێدێت: ئەویش ئەوەیە "بتوانێ بڵێی نا." ئەم فەرمانە دەرئەنجامی دۆزینەوەی منداڵ و لێهاتووییەکانی نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی ئامۆژگاری ئەو دایک و باوکانەیە کە ڕۆڵێکی ڕزگارکەرەوەیان لە گێڕانەوەکەدا گێڕاوە. ئەم کۆتاییە نەک هەر ڕێگە نادات منداڵ چەمکی هەڵبژاردن ئەزموون بکات و لێی تێبگات، بەڵکوو لە ڕوانگەی دەروونییەوە جۆرە پەیامێکی دوولایەنە و دژیەک دەگەیەنێت کە دەبێت بڵێیت "نا"، بەڵام ئەم "نا" یەش دەبێت لەگەڵ خواستی گەورەکاندا بگونجێت.

لە ڕوانگەی بۆچوونە بنەماییەکانی خوێندنەوە و زمانەوانیی دەروونیی منداڵانەوە، ئەم جۆرە بەرهەمهێنانی گوتارە، توانای منداڵ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ بارودۆخی ژیانی ڕاستەقینە کەمدەکاتەوە و دووری دەخاتەوە لە ناوەکیکردنی چەمکە ئەخلاقییەکان. لە ئاکام‌دا وتنی "نا"، کە ئەبێت نیشانەیەک لە سەربەخۆیی، شیکردنەوە، و بەرپرسیارێتی بێت، لەم دەقەدا بۆ چەمکێکی سەپێنراو، پاوانخوازانە و ترسناک کورت دەکرێتەوە.

ئەم بەرهەمە سەرەڕای ڕواڵەتە منداڵ‌خواز و مەبەستە ئەرێنییە ئەخلاقییەکەی، لە ڕوانگەی پەروەردەی مۆدێرن، دەروونناسیی گەشە و زمانی منداڵانەوە ڕووبەڕووی کێشەی جیددیە. پابەندنەبوون بە بنەماکانی گێڕانەوەی بەشدارانە و بەکارهێنانی زمانی لێڵ و نوێنەرایەتیکردنی کەسایەتییە تاک ڕەهەندەکان و لە هەمووی گرنگتر، درێژەدان بە گوتاری پاوانخوازانە لە پەروەردەدا، ئەبێتە هۆی ڕێگری لەوەی بەرهەمەکە بەو ئامانجە دیاریکراوەی خۆ واتا فێرکردنی لێهاتوویی "نا"وتن بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بگات. پێدەچێت پێداچوونەوەی بنەڕەتی لە ناوەڕۆک، زمان و پێکهاتەی گێڕانەوەی شێعرەکە بۆ گۆڕینی ئەم بەرهەمە بۆ دەقێکی پەروەردەیی چێژبەخش، پێویست بێت.