دوازدەی فێبریوێری، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بەسەربازگرتنی منداڵان، بیرخەرەوەی یەکێک لە تاڵترین ڕووداوە کارەساتبارەکانی مرۆڤایەتییە. ئەو کاتەی کەوا پاکێتی منداڵان بوو بە دیلی شەڕ و توندوتیژی. ئەم ڕۆژە کە بە ناوی“ ڕۆژی دەستە سوورەکان “یش دەناسرێتەوە، هەلێکە بۆ ئاگادارکردنەوەیەکی جیهانی سەبارەت بە کەڵکوەرگرتنی نایاسایی لە منداڵان لە پێکدادانە چەکدارییەکان و هەوڵێکە بۆ بە کۆتاییهێنان بەم دیاردە تۆقێنەرە.
کورتەمێژوو و ناساندنی حەفتەی جیهانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بەسەربازگرتنی منداڵان
وەرگێڕ: گوڵاڵە زەمانی
دوازدەی فێبریوێری، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بەسەربازگرتنی منداڵان، بیرخەرەوەی یەکێک لە تاڵترین ڕووداوە کارەساتبارەکانی مرۆڤایەتییە. ئەو کاتەی کەوا پاکێتی منداڵان بوو بە دیلی شەڕ و توندوتیژی. ئەم ڕۆژە کە بە ناوی“ ڕۆژی دەستە سوورەکان “یش دەناسرێتەوە، هەلێکە بۆ ئاگادارکردنەوەیەکی جیهانی سەبارەت بە کەڵکوەرگرتنی نایاسایی لە منداڵان لە پێکدادانە چەکدارییەکان و هەوڵێکە بۆ بە کۆتاییهێنان بەم دیاردە تۆقێنەرە.
بۆچی ئەم ڕۆژە گرنگە؟
لە گەلێ ناوچە و دەڤەری جیاجیای جیهاندا، منداڵانێک کە دەبوا خەریکی خوێندن، گەمە، خەیاڵکاری لەمەڕ داهاتووی خۆیانەوە بن، بەزۆر چەک ئەدرێتە دەستیان و بەرەو گۆڕەپانی شەڕ دەنێررێن. گرووپە چەکدارییەکان و تەنانەت هەندێ لە سوپا و هێزە حکومییەکانیش لەم منداڵە بێپەنایانە بۆ شەڕ، کرداری خۆتەقاندنەوە، سیخوڕی، چاندنی مین و کاری زۆرەملی کەڵک وەردەگرن. ئەم منداڵانە نەک هەر منداڵیان بێبەش دەکرێن، بەڵکوو تەنانەت دەشبنە قوربانیی توندوتیژییە جەستەیی، دەروونی و تەنانەت سێکیسیەکانیش.
کورتەمێژوویەکی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بەسەربازگرتنی منداڵان
لە ساڵی ٢٠٠٢، ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکەوتننامەی دڵخوازانەی پەیماننامەی مافەکانی منداڵانی سەبارەت بە بەشداریی منداڵان لە پێکدادانە چەکدارییەکانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم ڕێکەوتننامەیە، سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە واژۆیان کردووە پێبەند دەکات بە قەدەغەکردنی کەڵکوەرگرتن لە مرۆڤی ژێر هەژدە ساڵ لە شەڕ و پێکدادانە نیزامییەکاندا. بەو حاڵەشەوە، هێشتا لە زۆرێک لە وڵاتەکاندا ئەم یاسایە لە بەرچاو ناگیررێ و دەیان هەزار منداڵ بەزۆر شەڕیان پێ ئەکررێت. لە ساڵی ٢٠٠٧، گرووپەکانی مافی مرۆڤ بۆ بەرزکردنەوەی وشیاری جیهانی “ ڕۆژی دەستە سوورەکان “ ـیان وەکوو هێمای ناساندنی ئەم بەرخۆدانە دەستنیشان کرد. لەم ڕۆژەدا، منداڵان و گەورەساڵان دەستەکانی خۆیان بە ڕەنگ، سوور دەکەن و لەسەر پلاکارد و لافیتەکان جێ دەستیان دیاری دەکەن بۆ ئەوەی دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر بە بەکارهێنانی منداڵان بۆ سەربازی دەرببڕن. ڕەنگی سوور هێمایەکە لە دەستی کەسانێک کە تێوەگلاون لە ڕشتنی خوێنی بێتاوانانەوە؛ شەڕێک کە پاکێتی منداڵانی قوربانی کردووە.
بارودۆخی ئەمڕۆ و هەنگاوە جیهانییەکان
سەرەڕای هەوڵە نێونەتەوەیییەکان، هێشتا لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی، لەو شوێنانە کە شەڕ و پێکدادانی تێدایە وەکوو: وڵاتانی ئەفریقی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا، هەزاران منداڵ بەزۆری شەڕیان پێ ئەکررێت. ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یوونیسێف و زۆرێک لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئەیانەوێت لە ڕێگەی گوشاری دیپلۆماسی و پڕۆگرامگەلی پاڵپشتییەوە، ئەو منداڵانە ڕزگار بکەن و ژیانێکی نوێیان بۆ درووست بکەن. یەکێک لە گرنگترین هەنگاوە جیهانییەکان بۆ بەرەنگاربووەنەوە لەگەڵ ئەم قەیرانەدا، واژۆکردنی “ پەیمانی پاریس “ لە ساڵی ٢٠٠٧دا بوو، کە وڵاتە جۆراوجۆرەکان بڕیاریان سەبارەت بە گەڕاندنەوەی منداڵە سەربازەکان بۆ ژیانی ئاسایی و پێشگرتن لە دووبارە بەسەربازکردنیان دا. هەروەها زۆرێک لە ڕێکخراوەکان بەرنامەگەلێکیان بۆ سەرلەنوێ پەروەردە و فێرکردنەوەی ئەم منداڵانە ڕێک خستووە بۆ ئەوەی بتوانن هەمدیسان بگەڕێنەوە بۆ ناو کۆمەڵگا.
چۆن دەتوانین یارمەتیدەر بین؟
هەرکام لە ئێمە دەتوانین ببین بە دەنگی ئەم منداڵانە، لە ڕێگەگەلی وەک: زانیاریدان، پاڵپشتی لە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی پەیامی ئەم ڕۆژە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەتوانین لە بڵاوکردنەوە و پەرەدانی ئەم وشیارییە جیهانییەدا ڕۆڵمان هەبێت. لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بە سەربازکردنی منداڵان، دەستی خۆمان سوور بکەین و وێنەیەکی لێ بڵاو بکەینەوە بۆ ئەوەی نیشاندەری ئەوە بین کە ئێمە له بەرانبەر ئەم زۆردارییەدا بێدەنگ نابین.
هیچ منداڵیک نابێت سەرباز بێت، هیچ منداڵێک نابێ ئەزموونی شەڕی ببێت. جیهان پێویستە بۆ هەموو منداڵێک، لێوانڕێژی ئاشتی و خەیاڵ بێت.