ئەگەر کوردی زانستی پێ نەخوێنرێ، وەک زمانێکی زیندوو لە دنیای مۆدیڕن لە پاش دەمێنێ و بە کەڵکی سەردەم نایەت و دەبێتەوە بە زمانی فۆلکلۆر و شیعر و چیڕۆک، واتە کوردی دەبێت بە نیوە زمان، نیوەکەی دی دەبێ بە ئینگلیزی.
ئەزموونی خوێندنی بابەتە زانستییەکان لە سیستەمی پەروەردە بە ئینگلیزی، "ئەزموونی مالیزیا بە نموونە"
حکومەتی هەرێم لە دە ساڵی ڕابردوودا، هەوڵێکی زۆری داوە بۆ ئەوەی هەردوو بابەتی زانست و بیرکاری لە سیستەمی پەروەردە بە ئینگلیزی بخوێنرێن. ئەمە لە کاتێکدا ئێمە زمانێکی پێشکەوتووی بابەتە زانستییەکانمان بە کوردی هەیە، زاراوەسازیی هەموو بوارەکانی زانست بەکوردی کراون، کەواتە بۆچی خوێندنی بابەتە زانستییەکان بە ئینگلیزی بێت؟ لە یادداشتێکی دیکەدا ئاماژەم بە ئەزموونی نەیجیریا دا کە لە خوێندنی زانستەکان بە ئینگلیزی کێشەیان هەیە و قوتابییان لە ماڵەوە لە تەمەنی سفر بۆ شەش ساڵی بە زمانە خۆزاییەکان پەروەردە دەکرێن و قسە دەکەن، کاتێک دەچن بۆ سیستەمی خوێندن، ناتوانن زانست بە ئینگلیزی فێر بن، زمانەکەیان پێ سەختە، هەر بۆیە ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، لە ٤٠٪ بۆ ٦٠٪ ی قوتابییان خوێندن بە جێ دەهێڵن، لەبەر ئەم هۆکارە وەزیری زانست و تەکنەلۆجیی نەیجیریا پلانی ئەوەی هەیە بابەتە زانستییەکان لە سیستەمی پەروەردە لە مەودوا بە زمانە خۆجێییەکانی نەیجیریا بخوێنرێن نەک بە ئینگلیزی.
لەم یادداشتەدا باسی ئەزموونی مالیزیا دەکەم کە ئەوان بە پێچەوانەی نەیجیریا، بابەتە زانستییەکان لە سیستەمی پەروەردە بە مەلاوی دەخوێنن، بەڵام ویستیان بیگۆڕن بۆ ئینگلیزی. لە ساڵی ٢٠٠٣ حکومەتی مالیزیا بەرنامەی خوێندنی بابەتی زانست و بیرکاری بە ئینگلیزی لە وڵاتەکە جێبەجێ کرد، بە پاساوی ئەوەی مالیزیا لەڕووی زانستەوە لە جیهاندا لە دواوە نەمێنێت بە تایبەت لەم جیهانە کە هەموو شتێک بە خێرایی بە جیهانی دەکرێت. ئەم بەرنامەیە بۆ ماوەی شەش ساڵ بەردەوام بوو، لەلایەن زمانەوان و چالاکوانانی مالیزیا زۆر بەتوندی ڕەخنەی لێ گیرا کە ترسی ئەوەیان هەبوو زمانی مەلاوی لە ڕووی زانست و بیرکارییەوە بێبایەخ بێت. لە ٧ مارتی ساڵی ٢٠٠٩ خۆپیشاندانێکی گەورە لە کوالالمپور پایتەختی مالیزیا دژ بەم خوێندنە ئینگلیزییە ئەنجام درا، دوای ئەمە، حکومەت بڕیاری دا کە ئەم بەرنامەیە بۆ ساڵی ٢٠١٢ وازی لێ دێنن و دەگەڕێنەوە دۆخی پێشووی خۆی، واتە هەردوو بابەت جارێکی دی بە زمانی مەلاوی دەخوێنرێن. سەرنەکەوتنی ئەم بەرنامەیە لە مالیزیا بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنەوە: مامۆستای ئینگلیزیزانی پێویستیان نەبوو بە تایبەت لە گوندەکان، ئاستی قوتابییان لە ئینگلیزی زۆر لاواز بوو بۆ تێگەیشتن لە چەمکە زانستییەکان بە ئینگلیزی، دەبوایە بە مەلاوی ڕوون بکرێنەوە بۆ ئەوەی لێی تێ بگەن، هەروەها شارەزایان بە گشتی پێیان وا بوو خوێندنی ئەم دوو بابەتە بە زمانی دایک منداڵ باشتر لێی تێ دەگات تا بە زمانێکی بیگانەی وەک ئینگلیزی بێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی، خەڵک بەگشتی ناڕازی بوون بەم بەرنامە ئینگلیزییە و پێیان وابوو زمانی نەتەوەییان لە بواری زانستدا بێبایەخ دەبێت. وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، حەوت ساڵ دوای ئەزموونی سەرنەکەوتووی مالیزیا، لە نێوان سالانی ٢٠١٦ – ٢٠١٩ هەمان بەرنامەی خوێندنی بابەتی زانست و بیرکاری بە سیستەمی ئینگلیزی لە زۆربەی قوتابخانەکانی هەرێم جێبەجێ کرد، ئەم خوێندنە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام بوو، بەڵام دواتر بەهۆی نەبوونی مامۆستای ئینگلیزیزان و سەختیی فێربوونی ئینگلیزی لای قوتابیی کورد، بەردەوام نەبوو و شکستی هێنا. لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە ٢٠١٩ بڕیار درا کە ئەم سیستەمە ئینگلیزییە بۆ خوێندنی زانست و بیرکاری لە قوتابخانەکان، سەرکەوتوو نەبوو و وازیان لێ هێنا. ئەم ئەزموونە سەرنەکەوتووەی مالیزیا دەبوایە حکومەتی هەرێم بیکات بە سەرمەشقی خۆی، ئەویش هەمان ئەزموونی سەرنەکەوتووی مالیزیا لە کوردستان دووبارە نەکاتەوە. من دڵنیام حکومەت ئاگاداری ئەو ئەزموونە سەرنەکەتووە نەبووە، ئەگەر ئاگاداریش بێت، هیچ پێی گرنگ نەبووە، چونکە ئەوان هەر سیستەمێکی خوێندن دێنن بۆ قوتابخانەکان، پرس بە کەسانی شارەزا ناکەن و سوود لە ئەزموونی گەلانی دییش وەرناگرن. دەرکردنی بڕیارێکی لەم شێوەیە بەبێ پلانی زمان و پەروەردە هەر ئەم ئەنجامەی لێ دەکەوێتەوە کە سەدان هەزار قوتابی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە هەرێم لە خوێندنێکی ڕاستەقینەی زانست و بیرکاری بە زمانی دایک بێبەش بوون. ئەوانەی کە ئەم بەرنامەیان لە پەروەردە جێبەجێ کرد بە هیچ شێوەیەک دیراسەی ئەم بابەتە هەستیارەیان نەکردبوو، ئەگەر پرس و ڕاوێژ بە شارەزایانی زمان و پەروەردە بکرایە، نەدەبا ئەم هەنگاوە هەڵێنن کە هەر لە سەرەتاوە شکستی پێوە دیار بوو. ئەوەی بە ڕوونی دیارە لەم سێ ئەزموونە سەرنەکەوتووە: نەیجیریا و مالیزیا و کوردستان، دەیسەلمێنن کە خوێندنی بابەتە زانستییەکان بە زمانی دایک گرنگترە تا بە زمانیکی بێگانەی وەک ئینگلیزی بێت. هەندێک پێیان وایە ئەگەر زانستەکان بە ئینگلیزی بخوێنرێن ئەوا ئێمە لە ڕووی زانستەوە پێش دەکەوین، بەڵام ئەوە نازانن کە پێشکەوتنی زانست بە ئینگلیزی نییە، بەڵکوو لە پێشخستنی سیستەمی پەروەردەیە. یابان و چین و کۆریا لە ئاسیا لە ڕووی زانستەوە پێش کەوتوون، زانست بە زمانی خۆیان دەخوێنن، بەڵام سۆماڵ و زۆربەی وڵاتانی ئەفەریقا زانست بە ئینگلیزی دەخوێنن، کەچی لە ڕووی زانستەوە زۆر لە دواوەن. ئەزموونی ئەم وڵاتانە بەڕوونی پێمان دەڵێن کە ئینگلیزی ئەو زمانە نییە موعجیزەی زانستمان بۆ بخوڵقێنێ ئەگەر خۆت سیستەمێکی پێشکەوتووی خوێندنت نەبێ. بێگومان ئینگلیزی گرنگە وەک زمانی سەرچاوە زانستییەکان فێری بین، بەڵام نابێ بە نرخی لەدەستدانی زمانی دایک بێت، نابێ بۆ هیچ بابەتێکی پەروەردە جێگەی زمانی دایک بگرێتەوە، لە هەموو دەوڵەت -نەتەوەکان ئینگلیزی تەنیا وەک زمانی دووەم دەخوێنرێ، زمانێکی جیهانی کە دەکرێ وەک ئامرازێک بەکار بێت بۆ سوودوەرگرتن لەو سەرچاوانەی بەم زمانە نووسراون.
ئەگەر کوردی زانستی پێ نەخوێنرێ، وەک زمانێکی زیندوو لە دنیای مۆدیڕن لە پاش دەمێنێ و بە کەڵکی سەردەم نایەت و دەبێتەوە بە زمانی فۆلکلۆر و شیعر و چیڕۆک، واتە کوردی دەبێت بە نیوە زمان، نیوەکەی دی دەبێ بە ئینگلیزی. بە چاوپۆشی لە ناسنامە نەتەوەییەکەی زمان، لە ڕووی پەروەردەییەوە، هەموو توێژینەوە پەروەردەییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە زمانی دایک باشترین زمانە بۆ منداڵ پێی بخوێنێ بۆ هەموو بابەتەکان، چونکە مێشکی منداڵ هەر لەسەرەتاوە بە زمانی دایک گەشەی کردووە، کاتێک دەچێتە بەر خوێندن، پێویستە بە هەمان زمان درێژە بە خوێندن بدات باشتر چەمکەکان وەردەگرێت و لێی تێ دەگات، ئەمە پەیوەندیی بە چۆنیەتی کارکردنی هزر لەگەڵ زمانە کە پێکەوە کار دەکەن، ئەو زمانەی کە منداڵ پێی هزر دەکات و پێی دەدوێ، دەبێ هەر بەو زمانەش زانست بخوێنێ، ئەوجا لە زانست تێ دەگات و شی دەکاتەوە، نەک بە پێچەوانەوە. دوای ئەم هەموو ئەزمونە سەرنەکەوتووە، هێشتا حکومەتی هەرێم هەر سوورە لەسەر خوێندنی بابەتە زانستییەکان بە سیستەمی ئینگلیزی. بە سەدان خوێندنگە لە باخچەی منداڵانەوە بۆ خوێندنی ئامادەیی، لەلایەن حکومەتەوە ئیجازەیان پێ دراوە، کە هەموو خوێندنێکیان بە ئینگلیزییە، یان بە هەردوو سیستەمی ئینگلیزی و کوردییە.
بەردەوامبوونی خوێندن بەم سیستەمە ئینگلیزییە لە هەرێم، ئایا خوێندن بە زمانی کوردی پاشەڕۆژی دەبێت؟
سوداد ڕەسوول


