Image
لە بابەت ڕوانینی جۆری دووهەم ڕای من وایە ئاکامی ئەو شێوازە لە بیر کردنەوە بە نیسبەت مەسئەلەیەکی گرینگ وەک ئەدەبی منداڵان و دەقی منداڵانە، دەق‌گەلێکن کە لە ڕووی تێگەیشتن و تەفسیری نووسەر بۆ چەمکی منداڵ چێ دەکرێن. ئەو تێگەیشتنە لە ڕوانگەی منەوە تێگەیشتنێکی هەڵەیە و دەبێتە هۆی وەی کە تەنیا ئەو دەقانە بە ئی منداڵ بزانرێ کە نووسەر پێی وایە بۆ منداڵ دەبێ و لە ڕاستی‌دا نووسەر خەریکە نیاز، کەمایەسی و نەدارییەکانی خۆی وەک پێویستییەکی منداڵ پێناسە دەکا.

"ئەدەبیاتی منداڵان، خەسارناسی، شێوازناسی و ڕەوانناسی".

چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز "یاقووب خزری" سەبارەت بە ئەدەبیاتی منداڵان.

ئامادەکردنی: ڕۆستەم خامۆش

پرسیار: لەکەیەوە پێنووسەکەت تەرخان کردووە، کە لەسەر ئەدەبیاتی منداڵان بنووسی؟
وەڵام: ساڵی 1999 ی زایینی بە شێوەی فەرمی دەستم بە نووسین کردووە. نووسینەکانیشم لە چوارچێوەی ڕەخنەی ڕەوانناسانەی دەقی ئەدەبیی کوردی بووە بە گشتی...نووسینەکانم لەسەر ئەدەبیاتی منداڵانیش هەر هاوکات لەگەڵ ئەو ڕێکەوتە بووە. هەمووی کارەکانی کە لە ئەدەبیاتی منداڵان ئەنجامم داوە  و نووسیومن کاری ڕەخنەیی و تیۆری بووە بۆ منداڵی کورد و دەقی کوردی.

پرسیار: بە هزر و تێڕوانینی تۆ، ئەدەبیاتی منداڵان چیە، یان چۆن پێناسەی ئەدەبیاتی منداڵان کراوە؟
وەڵام: ئەگەر بمانهەوێ پێناسەیەک بۆ ئەدەبیاتی منداڵان دیاری بکەین، دەکرێ لە چەند گۆشەنیگاوە سەیری ئەو پڕۆسەیە بکرێ. یەکەم پێناسە فەرمی و ئاکادێمییەکانن، دووهەم پێناسەیەکە کە نووسەر خۆی بە دەرکی شهوودی و زەینی خۆی دیاری دەکا و کاری لەسەر دەکا. بۆیە بە ڕای من ئاکامی هەر کام لەو دوو تێڕوانینە دوو ناسنامەی جیاواز لە ئەدەبیاتی منداڵان دەخاتە ڕوو. یەکەم ئەدەبیاتێک کە خاوەنی مێتۆدۆلۆژی و پێکهاتەیەکی دیاری‌کراو و زانستییە و لەسەر ئەساس و بنەمای تیۆری و بیری ئەندیشەیی دەڕوانێتە پرسەکانی پێوەندیدار بە ئەدەبیاتی منداڵان؛ ئەو شێوازە لە تێفکرین و ڕوانینە بۆ ئەدەبی منداڵان پێوەیە بۆ هەر نووسراوە و بابەتێکی پێوەندیدار بۆ منداڵان فۆڕمۆڵ، چوارچێوە و پێکهاتەیەکی زانستی دیاری بکا. بۆ نموونە بۆ داستانی منداڵانە پێی وایە دەبێ فاکتەرە ڕەوانناسی و کەسایەتییەکان لە ڕووی زانستی ڕەوانناسی لەبەر چاو بگیرێ و تەنانەت شێوازی داڕشتنەکەشی هاوئاهەنگ بێ لەگەڵ ڕەوتە نوێیەکانی باوی ئەدەبی و فکری لە بابەت چەمکی منداڵ و چییەتی ئەو چەمکە. 
لە بابەت ڕوانینی جۆری دووهەم ڕای من وایە ئاکامی ئەو شێوازە لە بیر کردنەوە بە نیسبەت مەسئەلەیەکی گرینگ وەک ئەدەبی منداڵان و دەقی منداڵانە، دەق‌گەلێکن کە لە ڕووی تێگەیشتن و تەفسیری نووسەر بۆ چەمکی منداڵ چێ دەکرێن. ئەو تێگەیشتنە لە ڕوانگەی منەوە تێگەیشتنێکی هەڵەیە و دەبێتە هۆی وەی کە تەنیا ئەو دەقانە بە ئی منداڵ بزانرێ کە نووسەر پێی وایە بۆ منداڵ دەبێ و لە ڕاستی‌دا نووسەر خەریکە نیاز، کەمایەسی و نەدارییەکانی خۆی وەک پێویستییەکی منداڵ پێناسە دەکا. کە واتا ڕوانینی شهوودی و شەخسی بۆ ئەدەبی منداڵ پێناسەیەک لە شوناسی منداڵ دەستەبەر دەکا کە خاوەنی هیچ مێتۆد و پێکهاتەیەکی ئەوڕۆیی و زانستی نییە و ئەو دەقانەی لە ئاکامی ئەو شێوە ڕوانینە بۆ منداڵ دەخوڵقێن، دەق‌گەلێکن کە بە ڕای من وا باشە نێویان لێ بنێین "دەقی وێران‌کەر". بە داخەوە ئەو سەبکە لە بیرکردنەوە لە نووسەرانی کورد زۆر بەرچاوە.
پرسیار: شاعیران و چیرۆکنووسانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان، بۆ ئەوەی سەرکەوتووبن لە نووسینەکانیاندا، چی بەمەرج و پێویست دەزانی کە لێی شارەزابن؟
وەڵام: شارەزایی ئەو نووسەرانە پێویستە فڕەڕەهەندی بێ؛ نووسین بۆ منداڵان دژوارترین و مێتۆدیک‌ترین ژانری ئەدەبیاتە؛ کە وایە نووسەرانی ئەو ژانرەش پێویستە دژوارترین نووسەرانی ئەدەبی بن. مەبەستم ئەوەیە نووسەری ئەدەبی منداڵان زەروورەتی هەیە لە تیۆری ئەدەبی بە گشتی و ئەدەبی منداڵان بە تایبەتی شارەزا بێ. هەروەها ڕەوانناسیی منداڵ بە شێوەیەکی زانستی بزانێ. شتێکی دیکەش کە پێویستە نووسەری منداڵان لێی بزانێ ئەوەیە کە ئاگاداری دۆخی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و مێژوویی منداڵی کورد بێ. چونکە ئەدەبیاتی منداڵان گەرچی دیاردەیەکی جیهانییە، بەڵام پێویستە تەفسیر و شڕۆڤەی لۆکاڵیش لەبەر چاو بگیرێ. ئەو جوگرافیایەی منداڵی کورد تێی‌دا دەژی، نووسەر دەبێ بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە بیناسێ و لەسەری شارەزا بێ. ئاشنایەتی لەگەڵ ڕەوتە نوێ و جیهانییەکانی ڕوانین بۆ منداڵ و تیۆری منداڵ یەکێکی تر لەو شتانەیە کە نووسەری کورد پێویستە شارەزایی هەبێ لەسەری.

پرسیار: لایەنی دەروونناسیی، چۆن دەڕوانێتە ئەدەبیاتی منداڵان؟
وەڵام: چەمکی منداڵ و تەفسیری لایەنەکانی چەمکی منداڵ یەکێک بووە لە پرسە هەرە گرینگەکانی مێژووی ڕەوانناسی. تەنانەت لقی ڕەوانناسیی منداڵ لە سەرەتای بە ئاکادێمیک بوونی ڕەوانناسی لە ساڵی 1879 لە زانکۆی لایپزیکی وڵاتی ئەڵمانیا(Germany) هەوێنی ئەو زانستە بووە. ئەوەی کە ڕەوانناسی چۆن دەڕوانێتە ئەدەبی منداڵان، پرسیارێکی زۆر گرینگ و هەستیارە. ڕەوانناسی بە هۆی وەی کە منداڵ بە خاوەنی پێکهاتەیەکی تایبەت و دیاری‌کراو دەزانێ، یەعنی منداڵ لە ڕوانگەی ڕەوانناسییەوە خاوەنی پێکهاتە، قالب و چوارچێوەیەکی فکرییە بە نیسبەت تەمەن و قۆناغێک کە تێی‌دا دەژی. مەکتەبە فکری و تیۆرییە جۆاروجۆرەکانی ڕەوانناسیش هەر کام بە مێتۆد و شێوازی خۆیان چەمکی منداڵیان لێک داوەتەوە و ئانالیزیان کردووە. ڕەوتە کلاسیکەکەکان سەرەڕای وەی کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە مێژووی ڕەوانناسیی منداڵ‌دا، بەڵام بە هۆی وەی کە ئەو مەکتەبە فکرییانە وەڵام‌دەری زەینی ئەکتیڤ و پرسیارخوڵقێنی منداڵ نەبوون و منداڵ لە ڕوانگەی ئەوانەوە وەکوو ئێگزیستێکی گۆشەگیر و بێ‌دەسەڵات چاوی لێ دەکرا، بۆیە دەقێکیش کە بۆ منداڵ بە نێوی ئەدەبی منداڵ لەو سەردەمان‌دا دەخوڵقا دەقێک بوو لەسەر بنەمای ئەو شێوازە لە ڕوانین. بۆ نموونە مەکتەبی دەروون‌شیکاری پێی وابوو بیر و کەسایەتی منداڵ لە تەمەنی پێج ساڵان‌دا ئیتر بە تەواوییەتی خۆی دەگا و کامڵ دەبێ. یانی هەر چی هەیە بەر لە تەمەنی پێنج ساڵان لە منداڵ‌دا شکڵ دەگرێ. یان لە ڕوانگەی  مەکتەبی کردەوەخوازی(Behaviorism)، منداڵ وەرگرێکی بێ‌دەسەڵاتی زانیارییەکانی دەڤەری خۆی بوو. بەو واتایە کە منداڵ زانیارییەکان لە دەڤەر و ژیانگەی خۆی وەردەگرێ بەبێ وەی بتوانێ شرۆڤەیان بکا و لێکیان بداتەوە. لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم ئەندیشە و قوتابخانە فکرییەکانی ڕەوانناسیی منداڵ کەوتنە قۆناغێکی نوێ و شۆڕشێکی تیۆری و عەقڵانیان تێدا ساز کرا. شۆڕشێک کە کاگنیتیڤیسم(cognitivism) خوڵقاندی. ئەو مەکتەبە فکرییە منداڵی وەک شڕۆڤەکار و ئانالیزۆر پێناسە کرد. ئیتر لەو ئاستەدا منداڵ ئەو ئێگزیستە بێ‌دەسەڵات و گۆشەگیرە نەبوو؛ بەڵکە سووژەیەکی پرسیارگەر و شڕۆڤەکارە و بۆ هەموو پرسەکان خاوەنی بیرۆکە و سیستمی فکری و داهێنانی خۆیەتی. یەکێک لە بیرمەندانی ئەو پانتاییە ژان پیاژە ڕەوانناسیی سویسرا بوو. ئەو پێی‌وا بوو منداڵ لە بەرابەر پرسەکانی دەڤەردا ئەکتیڤە و خاوەنی زەینێکی شڕۆڤەکارە. زەینی شڕۆڤەکاریش بەردەوام مەسئەلە، ڕووداو و پرسەکان لێک دەداتەوە و ڕێچکە و ڕێگایان بۆ دیاری دەکا. لەسەر ئەو بنەما فکرییە و هاوکات وەدی هاتنی ڕەوتی نوێ لە ئەدەبی منداڵان‌دا، ڕەوانناسی پێی‌وا بوو دەقی منداڵانە دەبێ هەوێنی خسڵەت‌گەلێک بێ کە ئەو زەینە ئەکتیڤ و پرسیارخوڵقێنە تێرئاو بکا. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە فۆڕم و ناوەڕۆکی دەقی منداڵانەدا ڕوو بدا. ئەو گۆڕانکارییە هەم لە شێعر و هەم لە چیرۆکی منداڵانەدا زۆر پێویستە و زەروورەتێکی جیددییە.

پرسیار: تایبەتمەندیی شیعری منداڵان چیە؟
وەڵام: بە پێی ئەو بابەتانەی پێش‌تر باسم کرد دەکرێ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە ئاوا بدوێین: تایبەتمەندیی شێعری منداڵان پەیوەستە بە جۆری ڕوانین بۆ چەمکی منداڵ. بەو واتایە کە ئەگەر ڕوانینمان ڕوانینێک بێ لەسەر بنەمای ئەو دەرکە شهوودی و شەخسییەی کە لە پێناسەی ئەدەبی منداڵان‌دا باسم کرد؛ ئەوە تایبەتمەندیی شێعری منداڵان خاوەنی ئەو خسڵەتانەن کە نووسەری شهوودی بۆی دیاری دەکا و پێی وایە شێعر دەبێ ڕەنگ‌دانەوەی هەموو ئازار، نیاز و خواستە دەروونی و دەرەکییەکانی خۆی بێ نەک منداڵ. بەڵام ئەگەر ڕوانینمان ڕوانینی زانستی و لەسەر ئەساسی تیۆرییەکی عەقڵانی و ئەوڕۆیی بێ ئەو کات دەکرێ بڵێین تایبەتمەندییەکانی شێعری منداڵانە پێویستە خاوەنی چەمک‌گەلێک لە ناو شێعرەکان‌دا بن کە پاڵنەری ئەو زەینە پرسیارخوڵقێن و پرسیارگەرەی منداڵ بن. شێعر بۆ منداڵان لە ئێستادا پێویست ناکا هەمان سیکلی ڕابردوو بپێوێتەوە و تەنیا وەسفی شتە جوانەکان بکا و باسی جوانی باران و چەتر و پەپوولە بکا. بە ڕای من وا باشە شێعری منداڵان هەوێنی پرسیاری تازە بێتەوە. پرسیارگەلێک کە شاعیری منداڵان بە ئاگاهی و زانستەوە بۆ منداڵ بیخوڵقێنێ. منداڵ دەبێ بێتە ناو دنیای شێعرەوە و خۆی لە ناو شێعرەکەدا حزووری هەبێ نەک ئەوەی کە بیسەرێکی داماوی شێعر بێ و تەنیا پێی  بڵێین باران ئاوایە و چەتر ئاوایە و پەپوولە ڕەنگینە و هتد...چونکە ئەوە ئێمەین باسی باران، چەتر و پەپوولە دەکەین نەک منداڵ. بەڵام لەو ڕەوتە شێعرییەی کە مەبەستی منە منداڵ بۆخۆی دیاری دەکا چ جوانە و چ شتێکیش ناشیرینە. منداڵ بۆخۆی دیاری دەکا دیاردەکان چۆن لە شێعردا پێناسە بکا، بەو شێوازە منداڵ دەبێتە بەشێکی گرینگ لە شێعر و لە ڕاستی‌دا خودی شێعرەکەیە. لە ناوەڕۆک و فۆڕمی شێعریش‌دا منداڵ ڕۆڵیکی بەرچاوی هەیە. خاوەنی شێعرەکە خودی خۆیەتی. هەم فۆڕم هەم ناوەڕۆک منداڵ دیاری دەکا. بۆ ئەو شێوازە نوێیەش پێویستە بۆ نموونە جیا لە کارکردی سەرەکی کارکردی تر و جیاواز بۆ ئۆبژە شێعرییەکان دیاری بکەین. مەسەلەن چەتر تەنیا بە بەرگری لە تەڕ بوون بەکار نەهێنین بەڵکە سووژەیەکی زیندووی لێ ساز کەین و لەگەڵ منداڵ بیانخەینە دیالۆگ و بیکەینە کاراکتێرێکی فانتاستیک بۆ منداڵ.

 پرسیار: تایبەتمەندیی چیرۆکی منداڵان چیە؟
وەڵام: چیرۆک بە هۆی وەی کە خاوەنی چەندین فاکتەر و خسڵەتی تایبەتییە بەشێکی زۆر گرینگ لە ئەدەبیاتی منداڵان لە ئەژمار دێ. یەکەم بە هۆی ڕەوایەت(گێڕانەوە) کە لە چیرۆک دایە؛ دووهەم کاراکتێرەکانی ناو چیرۆک، شێوەی ئاخافتن و هەڵس‌وکەوتیان و شێوازی داڕشتنیان و سێهەم مەسئەلەی فۆڕم و ناوەڕۆکی چیرۆک.
 پرسیار: تۆ، وەک یەکەم کورد بەشداربووی لە ۳۷مین کۆنگرەی جیهانیی ئەدەبیاتی منداڵان بە نێوی کۆنگرەی ( IBBY ) کە لە شاری مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا بەڕێوەچوو، ئەگەر بە وردی باسێکی گرنگیی ئەو کۆنگرەیەو بانگهێشت کردن و چوونی خۆت بکەی، تا خوێنەرانی بەڕێز زیاتر پێی ئاشنابن؟
وەڵام: بەڵێ من وەکوو یەکەم کورد بە خۆشییەوە توانیم بە وتارێکی زانستی لەسەر دەقی ئەدەبی منداڵانی کورد بگەم بەو کۆنگرەیە. بۆ ڕاست کردنەوەش بێ ئەو کۆنگرەیە سێپتامبری 2021 بڕیارە بەڕێوە بچێ، بە هۆی کۆڕۆناوە کاتی بەڕێوەچوونەکەی دوا خرا. کۆنگرەی ibby  دوو ساڵ جارێک لەسەر بابەتەکانی پێوەندیدار بە ئەدەبی منداڵان بەڕێوە دەچێ. بۆ نموونە هەموو ژانڕەکانی ئەدەبی منداڵان، وێنەگەری بۆ منداڵان، کار کردن بۆ خوێندنەوە و پەرە پێدانی کلتووریی خوێندنەوەی کتێب و بە گشتی هەموو ئەو بابەتانەی بە شێوەیەک پێوەندیان بە ئەدەبیاتی منداڵانەوە هەیە. لەو کۆنگرەیەدا خەڵاتی "هانس کریستین ئەندێرسێن" دەدرێ بە یەکێک لە پاڵێوراوانی نووسەری داستان و شێعری منداڵان بە مەرجێک توانیبێتی شوێن‌دانەر و کاریگەر بێ لەسەر ڕەوتی کتێبی منداڵان؛ شایانی باسە ئەو خەڵاتە بە نۆبێلی ئەدەبیاتی منداڵان دەناسرێ؛ هەروەها باشترین وێنەگەری جیهان بۆ منداڵان دیاری و خەڵات دەکرێ. ئەو کۆنگرەیە بەشێکی هەیە کە بۆ زانست و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەدەبی منداڵان تەرخان کراوە؛ منیش توانیومە بە وتارێک لەسەر ئەدەبی منداڵان لەڕووی خوێندنەوەیەکی ڕەوانناسانە شانازی بەشدار بوون لەو کۆنگرەیەم وەکوو یەکەم کورد هەبێ. 
پرسیار: وەکو دەزانین منداڵ زۆر حەز بە وێنە دەکات، بۆ نمونە کاتێ شیعر و چیرۆک دەخوێنێتەوە، پێی خۆشە وێنەی لەگەڵدا بێ، هۆکار چیەو بۆچی؟
وەڵام: وێنە و زمانی وێنە بە هۆی وەی کە زیاتر هێزی بەرقەرار کردنی دیالۆگی هەیە لەگەڵ منداڵ و زمان‌حاڵی ئۆبژەکانی ناو ژیانی منداڵە و لە ڕاستی‌دا مەعریفە و دەرکی منداڵ لە دەق‌ زیاتر دەکا، ناکۆکییەکانی دەق لە ناو دەبا، دژوارییەکانیشی ئاسان دەکاتەوە. ناوەڕۆک و تێمی داستان بەرهەست‌تر دەکا. زانیاری و ئاگایی منداڵ بە نیسبەت پرس‌گەلێک وەکوو هەستی هونەری و جوانی‌ناسی زیاد دەکا. لە ڕووی وێنە منداڵ فێری مانای ڕەنگەکان دەبێ، لەگەڵ کارکردەکانی ئاوێتە‌کردن، پێرسپێکتیڤ(perspective) و چوارچێوە ئاشنایەتی پەیدا دەکا. فامی منداڵ لە پێوەندیی نێوان ئۆبژەکان لە ڕووی وێنە ئاسان‌تر دەبێ. هەروەها منداڵ بەکەلک‌وەرگرتن لە وێنە ڕەها دەبێ لە دەق و خەیاڵەکانی وەگەڕ دەخرێن و لە چوارچیوەی بەرتەسک و تەنگی دەق دێتە دەرەوە. 
وێنە یەکەم کەرەسەیە بۆ وەی منداڵ بتوانێ جیهانی خۆی پێ مانا بکاتەوە، جیهانێک کە ئێستا بە تەواوەتی نەیناسیوە و ئەزموونی کەمی هەیە بۆ ناسینەکەی. وێنە زمانی ڕیوایەت و گێڕانەوەی چیرۆک یا ناوەڕۆکێکە، پێوەندی نێوان وێنە و دەق پێوەندییەکی داینامیکە(لە حاڵی جووڵە دایە و وەستاو نییە).  بەردوام زانیاری تازە بە منداڵ دەبەخشێ و ناسین و مەعریفەکانی منداڵ تووشی گۆڕانکاری دەکا. ئەو پێوەندییە داینامیکە دەبێتە هۆی وەی کە چەلێنجێک(challenge) لە نێوان وێنە و دەق، وێنەکانی پێشێ و دوایی شکڵ بگرێ، ئەو چەلێنجە هۆکارێکە بۆ درووست بوونی دیالۆگێک لە نێوان دەق، وێنە و منداڵ. دەرکەوتەی ئەم پڕۆسەیە نەزم و دیسیپلینێکە کە منداڵ لە نێوان دەق و وێنەدا بەرقەراری دەکا و لە کۆتایی‌دا دەگا بە فام کردنی دەق لە ڕێگای وێنەکان.

سێ پرسی باس کراو لە چێرۆکی منداڵان‌دا پێویستە هاوئاهەنگ بن لەگەڵ پڕۆسەی گەشەی سترۆکچێری(پێکهاتە)ی فکریی و زەینی(mind)ی منداڵ. بە پێی تیۆرییە نوێیەکانی زانستی ڕەوانناسی، منداڵ توانستی دەرکی گێرانەوەی هەیە بە شێوازی جۆراوجۆر. مەبەست ئەوەیە سەرەتا نووسەر ئامانجی خۆی لە نووسینی چیرۆک سەبارەت بە تەمەنی بەردەنگەکانی دیاری بکا و پاشان بە پشت‌بەستن بە شێوازەکانی گێڕانەوە تایبەت بەو تەمەنە، فۆڕم، ناوەڕۆک و شێوازی گێڕانەوەی چیرۆک دابڕێژێ. بێ‌گومان نووسەر ناتوانێ بە دەرکی شهوودی و شەخسی خۆی و لە ڕووی فامی تاکەکەسی خۆی چیرۆک بۆ منداڵ بنووسێ. زانستی ئەوڕۆی ڕەوانناسی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە منداڵ ئیتر بە پێچەوانەی ڕوانگە کلاسیکەکان وەرگری بێ‌دەسەڵاتی ئەکت، پرس و ڕووداوەکانی جیهانی خۆی نییە، بەڵکە خەریکە بە شێوەیەکی تەفسیری و بیرمەندئاسا ئەو پرس و ڕووداوانە لێک دەداتەوە، کە وایە چێرۆکی منداڵان پێویستە  چ  لەڕووی فۆڕم، چ لەڕووی ناوەڕۆک و هەروەها چ لەڕووی مێتۆدەکانی گێڕانەوە وەڵام‌دەری ئەو خسڵەتە گرینگانەی منداڵ بێ. منداڵ لە چیرۆکی ئەوڕۆیی‌دا خاوەنی ڕۆڵ و دەور دەبێ ببێ. بەو واتایە کە منداڵ لەگەڵ کاراکتێرەکانی ناو چیرۆک بەردەوام لە حاڵی دیالۆگ و دانووستان‌دا بێ. ئەوەی کە ئەو کارە چۆن بکرێ ئیتر نووسەری چیرۆک بۆ منداڵان بە لەبەر چاو گرتنی ئەو توانستە گرینگەی منداڵان، فۆڕمە نوێیەکانی باو و سەردەمیانەی ئەدەبی منداڵان واریدی نووسینەکانی کوردی بکات؛ بۆ وەی منداڵی کوردیش وەکوو منداڵی وڵاتانی تر بتوانێ لە چیرۆکی نوێ و فۆڕمی نوێ کەلک وەرگرێ و ژیانی خۆی سەر لە نوێ بنووسێتەوە. یەکێک لە فۆڕمە نوێیەکانی کە چێرۆک‌نووسی کورد دەتوانێ بۆ گەیشتن بەو ئامانجە کەلکی لێ وەرگرێ فۆڕمی "ئەوپەڕچیرۆک"ە. ئەو فۆڕمە منداڵ دەکاتە بەشێک لە کەسایەتییەکانی ناو چیرۆک و تەنیا وەک ئۆبژەیەکی بێ‌دەنگ و بێ‌دەسەڵات سەیری ناکا. پرسیار لە منداڵ دەکا بۆ وەی درێژەی چیرۆک بە چ شێوەیەک بێ. لە منداڵ دەپرسێ لاسایی کاراکتێرەکانی ناو چیرۆک بکاتەوە و هەروەها لە چیرۆکێک بۆ چیرۆکێکی تر لەگەڵ منداڵ سەفەر دەکا. هەمووی ئەو خسڵەتانەم بۆیە باس کرد کە نووسەری کورد پێویستە و زەروورەتی هەیە بە کەلک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەو ئەزموونە نوێیانەش تاقی بکاتەوە. 

پرسیار: وەکو دەزانین شیعر بۆ منداڵان زیاتر نووسراوەو چیرۆک کەمتر، بەڕای تۆ وەک ڕەخنەگر و لێکۆڵەر بۆچی چیرۆکنووسمان لە بواری منداڵان کەمترە؟
وەڵام:  هەر وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا باسم کرد چیرۆکی منداڵان گۆڕانکاری زیاتری بە خۆیەوە بینیوە. ئەو گۆڕانکارییە لە فۆڕم، ناوەڕۆک و شێوازەکانی گێڕانەوەدا ڕوویان داوە. بە هۆی وەی کە نووسەری ئێمە کەم‌تر لەگەڵ ئەو تەکنیکە نوێیانە ئاشنایەتی هەیە کەمتر خۆی لە قەرەی چیرۆک داوە. هۆیەکی تریش بە ڕای من دەگەڕێتەوە بۆ ناخودئاگای گشتی تاکی کورد، ئەگەر سەیرێک لەو ناوخودئاگایە مێژووییە بکەین دەردەکەوێ کە شێعر وەکوو دیاردەیەک لە هەموو وردەکارییەکانی ژیانی کورد ڕۆڵی بینیوە. تەنانەت لە دەقە فۆلکلۆرییەکانی کە بۆ منداڵیش ماوەتەوە شێعر زیاتر باوی بووە. ئەو کات ئەگەر شتێک وەکوو حەقایەتیش بۆ منداڵ کوترابێ لەڕووی ژمارەوە کەمتر بووە. دەرکەوتەی ئەو سیکلە مێژووییە، هاوتەریب بوونی زەین و ئەزموونەکانی ژیانی کورد لەگەڵ شێعری لێ کەوتووەتەوە. ئەو تایبەتمەندییە منداڵانیشی گرتووەتەوە. هەروەها چیرۆکی سەردەم بە هۆی وەی کە زیاتر بەرهەمی ڕۆژئاوا و نووسەرانی ڕۆژئاواییە کەمتر توانیومانە بیگوازینەوە بۆ دەقی کوردی هەڵبەت لە بەراورد کردنی لەگەڵ شێعردا.
 
پرسیار: بە دید و تێڕوانی تۆ، وەک یاقووب خزری ڕەخنەگر و لێکۆڵەر، یان وەک ڕەوانناس، بۆچی تا ئێستا وەک پێویست لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەدەبیاتی منداڵان نەکراوە، یان ڕەخنەگرمان لەو بوارە کەمە، بەڵگە بۆ پرسیارەکەمان کەمیی نووسراو و  کتێبە لەو بارەیەوە؟

‌وەڵام: ئەو بابەتە دەتوانم بڵێم یەکێکە لە بابەتە هەرە گرینگەکانی ئەو بەستێنە. منیش هاوڕام لەگەڵ بەڕێزت. پێم وایە خەسارناسییەکی زۆر مێتۆدیک و زانستی پێویستە بۆ وەی بتوانین هەموو هۆیەکانی ئەو پرسە ئاشکرا بکەین. بەڵام ئەگەر ئیزنتان لەسەر بێ وەکوو ڕەخنەگرێکی ئەو بوارە ئاماژە بە چەند مەسئەلەی گرینگ بکەم: لێکۆڵینەوە خۆی پڕۆسەیەکی ئامانجدار و مێتۆدۆلۆژیکە، کە واتا بۆ ئەنجام دانی پڕۆژەگەلی زانستی، زانینی مێتۆد زۆر گرینگە، بە هۆی وەی نووسەر و ڕەخنەگری ئێمە لەگەڵ ئەو شێوازە لە نووسین و ڕەخنە نامۆیە، کەمتر خۆی لە قەرەی لێکۆڵینەوە دەدا. لێکۆڵینەوە لە ئەدەبی منداڵان سەرەڕای ئاشنایەتی لەگەڵ میتۆدۆلۆژی، پێویستە چەمکی منداڵ و منداڵ بوونیش پێناسە بکرێ و تایبەتمەندییەکانی ئەو چەمکە بزانرێ، بە هۆی نەزانینی ئەو پرسانەیە کە نووسەری کورد نەیتوانیوە بە ڕادەی پێویست لەسەر ئەدەبی منداڵان‌ کاری زانستی و ڕەخنەگرانەی جیددی بکا. مەسئەلەیەکی تریش لەو پێوەندییەدا کە بە پێویستی دەزانم ئاماژەی پێ بکەم مەسئەلەی نامۆ بوونی زەینی گشتی و ناخودئاگای بەکۆمەڵی تاکی کورد بە گشتی و نووسەر و ڕەخنەگری کورد بە تایبەتی لەگەڵ دیاردەیەکە بە نێوی ڕەخنەی نوێ. پێکهاتەی مەعریفی( cognitive structure) لە نووسەر و ڕەخنەگری کورد ئێستاش نەیتوانیوە هەوێنی سووژەی تازە و ئەوڕۆیی بێ. ئەو سووژە نوێ و تازانە هۆکارێکن بۆ وەی "جیهانی مەعریفی"(cognitive world)ی خوێنەر(لێرەدا منداڵ) تووشی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بێ، ئەکت(act)ەکانی منداڵ لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی جیهانی ئەوڕۆ هاوتەریب دەبێ. نامۆ بوون لەگەڵ پڕۆسەیەکی وەها گرینگ یەکێک لە سەرەکی‌ترین هۆیەکانی ترسی نووسەری کوردە بۆ لێکۆڵینەوە و نووسین لەو بوارەدا. ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە مادام دەق‌گەلی پێویستیش نەخوڵقێ ڕەخنەش ئامانجەکانی خۆی ناپێکێ. هەنگاوی یەکەم خوڵقانی دەقی زۆرە بۆ ئەدەبی منداڵان؛ پاشان بە پشت بەستن بەو دەقانەیە ڕەخنەگر کاری خۆی بە سەرئەنجام دەگەیەنێ. خەسارناسیی دیاردەیەکی لەو چەشنە پێویستە لە لێکۆڵینەوەدا خاوەنی مێژوومەندییەکی وەسفی بێ و دەقی منداڵانە لە ڕووی مێژووییەشەوە ڕەوتی بۆ دیاری بکرێ. نووسەرانی کورد ئێستاش بە پێوانەکانی سووننەتی دێرین و ئاڕکائیک خەریکن دەقی منداڵانە تەفسیر دەکەنەوە و هەر بەو پێ‌ودانەش دەق بۆ منداڵان دەنووسن. من ناڵێم ئەو ئاڕکائیک‌پەرەستییە بە گشتی نێگەتیڤە، بەڵکە مەبەستم ئەوەیە کە خوێندنەوەیەکی ئەوڕۆیی بکرێ و لەسەر ئەساس و بنەماکانی کەلتووریی ئەوڕۆییمان شەن‌وکەو بکرێتەوە. پاشان پێوەرەکانی دیاری بکرێن و ببێت بە ستایل و ستانداردی نووسین بۆ منداڵان. ئەو پرسانە ئێستا حزووریان پەیدا نەکردووە لە جیهان‌وێنای نووسەری کورد؛ بۆیەش ئەو خەسارەی لە پرسیارەکەدا هاتووە هەمیشە یەکێک لە بەرچاوترین خەسارەکانی ئەدەبی منداڵان بەرجەستە بووە.
پرسیار: بە ڕای تۆ چی بکرێ باشە، بۆ ئەوەی شاعیران و چیرۆکنووسان و نووسەرانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان لێک نزیک بن و ئاگاداری بەرهەم و چالاکیی یەکتر بن؟
وەڵام: پێویستە بنکە و شوێنی تایبەت بۆ ئەدەبیاتی منداڵان لە هەموو شوێنەکانی کوردستان بکرێنەوە. هەموویان بۆ ئەو کارە هەماهەنگیان هەبێ و پڕۆژەی درێژخایەن بۆ منداڵان بکەنە هەوێنی پلان و بەرنامەکانیان. بەردەوامیش لە دیالۆگ و گفت‌وگۆدا بن. ئەگەر بکرێ لەو بنکە و شوێنانە هەموو بەشەکانی ئەدەبی منداڵان چالاک بکرێن و کاری جیددی و زانستی بۆ بکرێ. بەرنامە و گەڵاڵەکان بە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بسپێردرێ. ئەو بنکە و شوێنە تایبەتانە حەتمەن دەبێ لەگەڵ بنکە و شوێنە جیهانییەکان لە پێوەندی‌دا بن. بۆ وەی ئەدەبی منداڵان لە ئاستی جیهانیش‌دا دەرگەی دیالۆگ و بابەتی نوێ‌مان بەڕوودا بکاتەوە. ساڵانە چەندین فێستیواڵ و کۆنگرەی زانستی بە ئەدەبی منداڵان تەرخان بکرێ. خەڵاتی تایبەتی بۆ نووسەران و لێکۆڵەرانی ئەو بوارە دیاری بکرێ. ساڵانە بەرنامە و پلانی تایبەت هەبێ بۆ وەی نووسەرانی ئێمە لەگەڵ نووسەرانی جیهانی دانیشتنیان هەبێ و لە ئەزموونەکانی یەکتر کەلک وەرگرن.

پرسیار: چۆن دەڕوانیتە ڕەوشی ئێستای ئەدەبیاتی منداڵانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟
وەڵام:  هەرچەند لەو چەند ساڵەی دوایی‌دا کۆمەڵێک بەرهەمی باش لەو پێوەندییەدا خوڵقاوە. بەڵام ئەگەر بمهەوێ بە گشتی ئەو ڕەوشە لێک بدەمەوە، دەبێ بڵێم بەر لە هەموو شت خەسارناسییەکی جیددی پێویستە. لێکۆڵینەوەی زانستی لەو بوارەدا زەروورەتی هەیە. بە ڕای من وەکوو کەسێکی ساڵانێکە لە حەوزەی ڕەخنەگری و تیۆری بۆ ئەدەبیاتی منداڵان کار دەکەم و لەگەڵ دەق و ڕەوشی ئەدەبی منداڵان‌دا تێکەڵاویم هەیە، ئاماژە بە پرسێکی گرینگ بە پێویست دەزانم:
زۆربەی نووسەرانی داستان و شێعر و بەشەکانی تری ئەدەبی منداڵان ئێستا نەیان توانیوە خۆیان لە ڕوانگە کلاسیک و سوننەتییەکانی کە نیسبەت بە منداڵ هەیە دەرباز بکەن. مەعریفەی ئەو نووسەرانە ئێستا لەسەر مەعریفە و ناسینی کۆن فرچکی گرتووە. ئەو ناسینە سوننەتییەش نە تەنیا ئاکامی خوێندنەوەیەکی جیددی نییە بەڵکە ئاکامی ڕاو و بۆچوونی شهوودی و شەخسی خۆیانە. نووسەرێک کە بەو ئاگاییەوە دەق بۆ منداڵ دەنووسێتەوە، ناکرێ وەکوو دەقێکی بیرخوڵقێن سەیری بکەین. من ناڵێم هەمووی ئەو مەعریفەیە نێگەتیڤە، بەڵام پێویستە بەڕۆژ بێتەوە و لەگەڵ پرسەکانی جیهانی ئەوڕۆ خۆی هاودەنگ و هاوبیر بکا. 
دووهەم نەبوونی مێتۆدە لە ئەدەبی منداڵان‌دا. مێتۆدۆلۆژی(Methodology) لە دوو لایەی ئەدەبی منداڵان‌دا گرینگە. لە دەق‌گەلی منداڵان و هەروەها لە ژانری ڕەخنەی ئەدەبی منداڵان‌دا. ئەوەی کە دەڵێم دەق‌گەلی ئەدەبی منداڵان خاوەنی مێتۆد نییە، مەبەستم ئەوەیە کە نووسەرانی بواری منداڵان تا ئەو کاتە نەبوونە خاوەنی نەزم و قالبێکی دیاری کراو لە نووسین‌دا. کاتێک دەقێک بۆ منداڵ دەنووسرێ، پێویستە ئەو نووسینە خاوەنی بەکگراوندێکی(beckground) مەعریفی و زانستی بێ، ئەگەر نووسەر ئەو بەکگڕاوندەی هەبێ و لەسەر بنەمای وەها مەعریفەیەک دەق بخوڵقێنێ بێ‌شک دەتوانێ حزوور پەیدا بکا لە پێکهاتەکانی زەینی منداڵ و دیالۆگ بەرقەرار بکا لەگەڵ سیستمی مەعریفەی منداڵ. وەها دەقێک دەتوانێ داهێنان و بیری نوێ لە منداڵ‌دا بخوڵقێنێ و منداڵ لە ئۆبژەیەکی بێ‌دەسەڵات‌ڕا بکاتە سووژەیەکی کارتێکەر و پرسیارخوڵقێن. 
بەشێکی تر لە نەبوونی مێتۆدۆلۆژی دەگەڕێتەوە بۆ بەشی ڕەخنەیی لەو بەستێنەدا. ڕەنگبێ هەموومان شک لەوەی نەکەین کە بەشی ڕەخنە لە ئەدەبیاتی منداڵان نەک هەر لە ڕۆژهەڵات لە هەموو بەشەکانی تری کوردستانیش‌دا لاوازە و خاوەنی شوناس نییە. نەبوونی مێتۆد یەکێکە لە گرینگ‌ترین هۆکارەکانی ئەو ناشوناسییە. بە داخەوە لەو بەشەدا ژمارەیەکی زۆر کەم لە ڕەخنەگرمان هەیە، ڕەخنە لەو بەشەدا پێویستی بە شارەزاییەکی پسپۆڕانە و ئاکادێمیایی هەیە. چونکە خودی ڕەخنەی ئەدەبی منداڵان وەکوو دیاردە، خاوەنی مێتۆد و مەعریفەیەکی پێکهاتەمەندە. کە واتا لە بەشی ڕەخنەش‌دا پێویستە ڕەخنەگر خۆی لەگەڵ ئەو پڕۆسەیە هاوئاهەنگ بکا و ڕەوتە نوێیەکای فکری و قوتابخانە ئەندیشەییەکان بکاتە بنەمای کارەکەی، هەڵبەت بە ئاوێتە کردن لەگەڵ خوێندنەوەیەکی کە لەگەڵ بنەما کەلتووری و ژیانگەی منداڵی کورد یەکتر بگرێتەوە. یانی خوێندنەوەی لۆکاڵیشی هەبێ لە ئاست ناسینی ئەو مێتۆد و شیوازانەدا. 

پرسیار: نزیکیی و پەیوەندی نێوان هەر دوو بواری: ( ئەدەب و پەروەردە ) چۆنە؟
وەڵام: دیارە ئەو دوو بوارە پێوەندییەکی ئەکتیڤیان بەیەکەوە هەیە، لە جیهانی ئەوڕۆ و لە وڵاتە پێشکەوتووەکان ئەدەبیات بە گشتی و ئەدەبی منداڵان بە تایبەتی، هاوکات لەگەڵ سیستمی پەروەردە پلانیان بۆ دادەڕێژرێ، بەو واتایە کە سیستمی پەروەردە و ئەدەبی منداڵان لە ڕووی مانا کردنەوەی چییەتی و شوناسی منداڵ هاوتەریبن و لە ڕووی پێناسەیەکی زانستی و ئەوڕۆیی بۆ منداڵ و چەمکی منداڵ بوون دەق‌گەلی تایبەت بە منداڵان دەنووسنەوە. بەپێی ئەو سیستمە،  ئەدەبی منداڵان پێویستە خۆی بەشێک لە سیستمی پەروەردە بێ و پەروەردەش ئەدەبی منداڵان بکاتە یەکێک لە بنەماکانی گەشە و فامی منداڵ لە بوارە جیاجیاکان‌دا. پێم وایە ئەگەر پەروەردە لە پلانەکانی خۆی‌دا ئەدەبی منداڵان وەک ئامانج چاو لێکا بێ‌شک خودی پەروەردە دەبێتە بەستێنی سەرهەڵدانی ڕەوتێکی نوێ لە تێکستی منداڵان‌دا. منداڵی هەزارەی سێهەم لە ڕووی پێکهاتە فکری و زەینییەکان و تەفسیری پرسەکانی ژیانگەی خۆی جیاوازییەکی ئەوتۆی هەیە لەگەڵ منداڵی هەزارەی دووهەم؛ کە وایە پەروەردە پێویستە خوێندنەوەی خۆی لەسەر ئەساس و بنەمای پێناسەگەلێک ڕێک بخا کە بۆ منداڵی هەزارەی سێهەم هاتوونەتە دی نەک بە پێوەر و ستانداردەکانی پێشوو. بۆ منداڵی ئەو هەزارەیە پەروەردەش پێویستە خاوەنی مێتۆدگەل و پێکهاتەکانی پەروەردەی هەزارەی سێهەم بێ. کاتێک وەها بەستێن و زەمینەیەک بخوڵقێ بێ‌گومان پەروەردە و ئەدەبی منداڵان لە کاناڵێکی واقعی و بەپێی بنەماکانی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا و پێکهاتەکانی کەلتووری و کۆمەڵایەتی خۆی پەڕوباڵ دەگرێ.

پرسیار: بۆ زیاتر گەشەسەندن و بەرەو پێشبردنی ئەدەبیاتی منداڵانی کورد، بە ڕای بەڕێزت چی بکرێ باشە؟
وەڵام: پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵان خۆی خاوەنی چوارچێوە و پلانێکی تایبەتە کە دەبێ بۆی داڕێژرێ. دەقی منداڵانە بە شێوەیەکی بەربڵاو بخرێتە چوارچێوەی پڕۆژەی لێکۆڵینەوەکانی زانستی و ئاکادێمیایی. حزووری دەقی منداڵانە لەو بەستێنەدا هۆکارە بۆ وەی ئەم دەق‌گەلە ببن بە خاوەنی ناسنامەی تایبەت. هەروەها ئاکامی ئەم پڕۆسەیە ساز بوونی ڕیفرێنسی نوێیە بۆ نووسەرانی ئێمە بۆ وەی نیزامێکی کارای مەعریفی و بەپڕەنسیپ لەو مەوزووعەدا وەدی بێنن. 
یەکێکی تر لە بەرنامەکانی کە دەکرێ بۆ پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵان لەبەر چاو بگیرێ ئەوەیە کە سیستمێک کە بڕیارە کار بکا بۆ ئەدەبی منداڵان، لە هەموو سامانەکانی ڕەخنە لە ڕەخنەی ڕەوانناسانەوە بگرە تا دەگاتە ڕەخنەی گێڕانەوەناسی و کۆمەڵ‌ناسانە کەلک وەرگرێ. ڕەخنەیەک کە بەپێی پڕەنسیپەکانی تیۆری و لە ڕووی مێتۆدۆلۆژییەکی کارا ڕێک بخرێ توانایی وەی هەیە بە خوێندنەوەیەکی سەرلەنوێی زەرفییەت و مەوداکانی ئەدەبی منداڵان بەردەوام خۆی تازە بکاتەوە. ئەم مێتۆدە لە ڕەخنەگەلەیە کە دەرئەنجامی نوێی لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی خوڵقانی ڕەوتی نوێ لە دەقی منداڵانەدا. 
خاڵێکی تر کە دەکرێ ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە لە زۆرینەی دەقەکانی منداڵانی ئێمە بە زمانی کوردی منداڵ غەیبەتی هەیە، بەو واتایە کە منداڵ ڕۆڵێکی کارای لە دەقی منداڵانەدا نییە، مەبەستم ئەوەیە منداڵ لەو دەقانەی بۆیان نووسراون و دەنووسرێنەوە لە فەزا و تێمی داستان و شێعرەکان‌دا و هەروەها لە هەڵس‌وکەوتی کاراکتێرەکان‌دا هیچ دەورێکی نییە. منداڵ لەو ڕوانگەیەوە تەنیا بیسەرێکی بێ‌دەسەڵاتە و لە بەرابەر بیستنی ئەم دەقانەدا بێ‌دەنگە. بۆ وەی منداڵ وەکوو سووژیەکی ئەکتیڤ ببێتە خاوەن شوناس لە دەقی منداڵانەدا، پێویستە لەناو دەقەکان‌دا منداڵان ببن بە کاراکتێرێکی سەرەکی  و هاوکات لەگەڵ کاراکتێرەکانی تری دەقەکە ڕۆڵ و دەوری خۆیان بگێڕن، لەگەڵیان دیالۆگ بکەن و پێوەندی لەگەڵ هەموو هەڵس‌وکەوتەکانی وان بگرن. 
کارێکی تر کە دەکرێ وەکوو پڕۆژەیەکی فکری ببێتە پلان بۆ پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵان ئەوەیە کە خوێندنەوەیەکی سەرلەنوێ و ئەوڕۆیی بۆ دەقە فۆلکلۆرییەکان بکرێتەوە و بەپێی پێوەر و پێوانەکانی جیهانی ئەوڕۆ دابڕێژرێنەوە و وەکوو بەشێک لە پڕۆسەی ئەدەبی منداڵان هەنگاوی جیددی بۆ هەڵێنینەوە. ڕیک وەکوو ئەو کارانەی کە هانس کریستین ئەندێرسێن لە ئەورووپا و سەمەدی بێهڕەنگی لە ئازەربایجان کردیان و بەجیهانی بوون دەرکەوتەی ئەو پڕۆسەیە بوو.

گۆڤاری ژیار ژمارە ۳۷ چاپی هەولێر