ئەکادیمیای خان ڕێکخراوێکی پەروەردەیییە کە لە ساڵی ۲۰۰٦ لەلایەن سەلمان خان، مامۆستا و دەرچووی پەیمانگای تەکنەلۆژیای ماساچوست (MIT)، دامەزراوە.
کورتەناساندنێکی ئەکادیمیای خان
ئەکادیمیای خان ڕێکخراوێکی پەروەردەیییە کە لە ساڵی ۲۰۰٦ لەلایەن سەلمان خان، مامۆستا و دەرچووی پەیمانگای تەکنەلۆژیای ماساچوست (MIT)، دامەزراوە. دروشمی سەرەکیی ئەم ڕێکخراوە بریتییە لە «دابینکردنی خزمەتگوزاریی پەروەردەییی کوالێتیی بەرز و ستاندارد، بۆ هەموو کەسێک و لە هەر شوێنێک». چیرۆکی ئەم ناوەندە گەورە پەروەردەیییە لە بیرۆکەیەکی سادەوە دەستی پێ کرد.
ئەم ئەکادیمیایە کاتێک دروست بوو کە سەلمان خان بە بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەک بە ناوی (Yahoo Doodle) وانەی بیرکاری بە یەکێک لە ئامۆزاکانی دەگوتەوە. دواتر، سەلما خان بڕیاری دا ڤیدیۆکانی خۆی لە ئینتەرنێت بڵاو بکاتەوە. ئەو بە بەکارهێنانی بەرنامەیەکی دیزاین، وانەکانی خۆی لەسەر کۆمپیوتەر تۆمار کرد و لە یووتیووب بڵاوی کردنەوە. لە ماوەیەکی کورتدا، بەهۆی ئەو پێشوازییە گەرمەی لە بەرنامە پەروەردەیییەکانی کرا، سەلما خان بڕیاری دا ئەکادیمیای خان دابمەزرێنێت و تەواوی کاتی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی پەروەردەیی تەرخان بکات.
ئەکادیمیای خان و گۆڕانکاری لە تەکنەلۆژیای پەروەردەدا
ماڵپەڕی ئینتەرنێتیی «ئەکادیمیای خان» گۆڕانکارییەکی گەورەی لە تەکنەلۆژیای پەروەردەدا دروست کردووە، کە بەشێک لە دەستکەوتەکانی دەتوانرێت لە ڤیدیۆی وتارەکەی سەلمان خان لە (TED) ببینرێت کە دوو ساڵ لەمەوبەر پێشکەشی کرد. ئێستا هەزاران ڤیدیۆی پەروەردەیی لە بوارە جیاوازەکاندا وەک بیرکاری، فیزیا، کیمیا، بایۆلۆژی، ئابووری، مێژوو، پزیشکی و... هتد لەم ماڵپەڕەدا بەردەستن. ئەم ئەکادیمیایە ملیۆنان ئەندامی لە سەرانسەری جیهانەوە ڕاکێشاوەتە سەر پۆلەکانی و لە هەوڵی گۆڕینی شێوازی فێرکردن لە زۆرێک لە قوتابخانەکاندایە.
بوودجەی ئەکادیمیای خان زۆرتر لە ڕێگەی یارمەتییە دارایییەکانی ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانەوە دابین دەکرێت. ناوەڕۆکی ماڵپەڕی ئەکادیمیای خان بە ئامانجی پێشکەشکردنی خوێندنی خۆڕایی لە یووتیووبدا بۆ هەمووان لە بەردەستە و خوێندن لە ڕێگەی دامەزراندنی نەرمەواڵەی بەرنامەکانی مۆبایلەوەش دابین کراوە. ڤیدیۆکان، بابەتە پەروەردەیییەکانی قوتابخانە و بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێندن، لە باخچەی ساوایانەوە تا قۆناغی ئامادەیی لەخۆ دەگرێت.
لە ساڵی ۲۰۱٨، ئەکادیمیای خان ئەپڵیکەیشنێکی بە ناوی (Khan Academy Kids) دروست کرد کە منداڵانی تەمەن دوو تا شەش ساڵ دەتوانن بە خۆڕایی توانا بنەڕەتییەکان (بیرکاری و زمانی ئینگلیزی) پێش چوونە قوتابخانە فێر بن. تواناکانی زمان چەندین بواری فێربوون لەخۆ دەگرێت وەک خوێندنەوە، نووسین و، قسەکردن بۆ باشترکردنی تێگەیشتن و توانای خوێندکاران لە بەکارهێنانی زمانی نووسین و قسەکردندا. هونەرەکانی زمان شەش بەشیان هەیە: خوێندنەوە، نووسین، گوێگرتن، قسەکردن، بینین و نمایشکردن. نەرمەکاڵای منداڵانی ئەکادیمیای خان لەگەڵ پەرەپێدانی داهێنان لە منداڵاندا، یارمەتی دانانی بناغە و فێرکردنی توانا کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکان لە منداڵاندا دەدات. لەم نەرمەکاڵایەدا پێنج کاراکتەری کارتۆنیی سەرنجڕاکێش بە چالاکییەکان و چیرۆکەکانیانەوە، منداڵان لە ڕێگەی فێرکردندا ڕێنمایی و ئاراستە دەکەن. فێرکردن بە کتێب، ئەنیمەیشنی کورت و یاری و شێوازی داهێنەرانە بۆ ڕاکێشانی منداڵان ئەنجام دەدرێت.
ئەپڵیکەیشنی ئەکادیمیای خان
ئەم بەرنامە پەروەردەیییە کە بە هاوکاریی شارەزایانی پەروەردە و فێربوون لە زانکۆی ستانفۆرد دیزاین کراوە، یارمەتیی منداڵان دەدات توانا سەرەکییەکانی خۆیان بە یاری، پەرە پێ بدەن.
فێرکردن و یاری بە نەرمەکاڵای منداڵانی ئەکادیمیای خان
هەندێک لە تایبەتمەندی و تواناکانی بەرنامەی (Khan Academy Kids):
۱ـ هەموو وانەکانی وەک بیرکاری، کۆمەڵایەتی، زانستە سروشتییەکان و...هتد، لە هەموو ڕوویەکەوە ـ خوێندنەوە، نووسین و هتد ـ فێر دەکات.
۲ـ گونجاوە بۆ منداڵان لە هەموو تەمەنێکدا.
۳ـ هاندەری منداڵانە بۆ فێربوون و نابێتە هۆی ماندوویی و بێزارییان.
٤ـ منداڵان دەتوانن بەتەنیا کتێب بخوێننەوە یان گوێ لە چیرۆکی دەنگیی تۆمارکراو بگرن.
٥ـ ژمارەیەک لە کتێبەکان سەبارەت بەو ژنانەن کە لە بوارەکانی تەلارسازی، پەروەردە، زانست، وەرزش و فاشندا پێشکەوتنێکی سەرسووڕهێنەریان بەدەست هێناوە. ئەم کتێبانە سەبارەت بە پێشەنگگەلێکن وەک سیمۆن بایلز، دالی پارتۆن، ڤێرا وانگ و مەلالە یووسفزای.
فێربوونی گونجێنراو:
فێربوون لەم ئەکادیمیایەدا گونجێنراوە. لە فێربوونی گونجێنراودا، هەر منداڵێک دەتوانێت بەپێی بەهرە و خێراییی فێربوونی خۆی لە وانەکاندا بچێتە پێشەوە. چالاکییەکان، کتێبەکان، فیلمە پەروەردەیییەکان و وانە داهێنەرەکان بەپێی خێراییی فێربوون و پێشکەوتنی منداڵ پێشکەش دەکرێن تا منداڵ تواناکانی پێویست بە وانەکان، بەدەست بهێنێت. ئەمەش لەو سۆنگەیەوەیە کە ئەزموونی هەر منداڵێک لە فێربوون و وەرگرتنی وانەکان جیاوازە لەوانی تر و تایبەتە بە خۆی.
یارییە پەروەردەیییە سەرنجڕاکێشەکان کە پێنج کەسایەتیی کارتۆنیی پێکەنیناوی و سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکەن، لە درێژەی ڕێگەی فێربووندا لەگەڵ منداڵاندا هاوڕێ دەبن و پرۆسەی فێربوون سەرنجڕاکێش و دڵخۆشکەر دەکەن. یارییە پەروەردەیییەکان یارمەتی بەهێزکردنی توانا جەستەیی و دەروونییەکانی منداڵ دەدەن، هەروەها داهێنەریی منداڵ بە وێنەکێشان، چیرۆکگێڕانەوە و ڕەنگکردن گەشە دەکات.
فێرکردنەکانی ئەم نەرمەکاڵایە بە ئامانجی گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی منداڵان، یارمەتی دەدات بەهرەی منداڵ هەر لە تەمەنی ساواییدا گەشە بکات و بزانێت لە چ بوارێکدا پێشکەوتنی باشتر دەبێت. دەیان فێرکاری و کتێبی جۆراوجۆر بە تەوەری منداڵان و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان لەم نەرمەکاڵایەدا جێگیر کراوە. هیچ سنوورێک بۆ دەستڕاگەیشتن بە بابەتە پەروەردەیییەکان نییە و هەموو تواناکان دەبنە هۆی ئەوەی منداڵ خاوەنی مێشکێکی چالاک و داهێنەر بێت.
دایکان و باوکان دەتوانن لە فێرکردنەکاندا بەشدار بن. ئەم کارە یارمەتیی بەهێزبوون و پتەوبوونی پەیوەندیی منداڵ لەگەڵ دایک و باوکی دەدات.
ئەکادیمیای خان بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ بە زمانی فارسی لە ساڵی ۲۰۱۳ـەوە دەست پێ کردووە و خستوویەتییە بەردەستی بینەرانی فارسیزمان.
سەرەکیترین بینەرانی ئەکادیمیای خان
خوێندکاران و مامۆستایانن. لە ماڵپەڕی ئەکادیمیای خاندا، مامۆستایان و دایک و باوکان دەتوانن چاودێریی پێشکەوتنی منداڵەکانیان بکەن.
تواناکانی بەرنامەی (Khan Academy Kids)
ئەم نەرمەکاڵایە ڕێگە بە مامۆستایان دەدات وانەکانی وەک خوێندنەوە، بیرکاری، پیتەکانی ئەلفبێ کە بۆ بەهێزکردنی توانا بنچینەیییەکان گرنگن، بە ئاسانی بدۆزنەوە و تەنها بە یەک کرتە لەسەر وانەکە، دەستیان پێ ڕابگات. کاتێک ئەرکێک تەواو دەبێت، خوێندکاران هێمایەکی دڵ دەبینن کە نیشانەی ئەوەیە ئەرکی نوێ چاوەڕێیان دەکات. مامۆستایان دەتوانن ناوەڕۆکی وانەیەک بۆ هەموو پۆل، یان بۆ گرووپێکی بچووک لە خوێندکاران، یان تەنانەت تەنها بۆ یەک خوێندکار تەرخان بکەن.
بەهێزکردنی توانا بنچینەیییەکان بە نەرمەکاڵای ئەکادیمیای خان
وانەکان لەم نەرمەکاڵایەدا بەپێی ئاستی تەمەنیی پۆلێن کراون: وانەی سەرەکی، ڕاهێنانی ۱، ڕاهێنانی ۲ و، وانەی بنەڕەتی. دەستپێکی وانەوتنەوەی مامۆستایان بە وانە سەرەکییەکانە و دەتوانن وەشانی بنەڕەتی بدەن بەو خوێندکارانەی کە پێویستیان بە پاڵپشتی و ڕاهێنانی زیاترە و، ڕاهێنانی وانەکان بخەنە بەردەست ئەو خوێندکارانەی کە ئامادەی قبووڵکردنی ئاستەنگی زیاترن. هەروەها مامۆستایان دەتوانن ڕاپۆرتەکانی پێشکەوتنی خوێندکاران لەم نەرمەکاڵایەدا بە هەڵبژاردنی ناوی خوێندکار و کرتەکردن لەسەر ڕاپۆرتەکانی پۆل ببینن.
مامۆستایان دەتوانن دوو جۆر ڕاپۆرتی جیاواز لەم نەرمەکاڵایەدا ببینن. یەکێکیان ڕاپۆرتی ئەرکەکانە و ئەوی دیکەیان ڕاپۆرتی کارکردنی گشتیی خوێندکارە. ڕاپۆرتی ئەرکەکان، تایبەتە بە ئەرکەکانی وانەکان کە مامۆستا بۆ خوێندکارانی دیاری کردووە. ڕاپۆرتی کارکردنی گشتی؛ هەموو ئەرکە تەواوکراوەکان و چالاکییەکانی خوێندکار کە لە ڕێگەی فێربووندا ئەنجامی داوە لەخۆ دەگرێت. هەروەها مامۆستایان دەتوانن ڕاپۆرتە تاکەکەسییەکانی هەر خوێندکارێک بۆ دایکان و باوکان بنێرن بە ئیمەیل.
ڕاپۆرتی ئەرکەکان بۆ مامۆستایان لە نەرمەکاڵای ئەکادیمیای خان
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سنووردارکردن لە بینینی شاشەی مۆبایل بۆ منداڵان هەیە، بۆیە بۆ ئەم بەشەش بیرۆکەیەکی دیکە لە ئەکادیمیای خاندا داڕێژراوە. لەم بەشەدا، پاکێجی چاپکراوی خۆڕایی خراوەتە بەردەست خێزانەکان. بۆ داگرتنی پاکێجی وانەکان وەک بیرکاری، پیتەکانی ئەلفبێ، وێنەکێشان و ڕەنگکردن، زانستە کۆمەڵایەتییەکان، کاتبەسەربردن و یاری و تەنانەت فایلی لاپەڕەکانی ڕەنگکردن، تەنها پێویستە کرتە لەسەر بەستەرە پەیوەندیدارەکان بکەن و بە شێوەی پیدیئێف چاپیان بکەن.
فێرکردنی منداڵان بە ئەپڵیکەیشنی ئەکادیمیای خان
دەتوانن بە دامەزراندنی نەرمەکاڵای ئەکادیمیای خان، سوود لە خزمەتگوزاییە فرچەشنەکانی وەربگرن بۆ فێرکردنی منداڵەکانتان و چێژ لە فێرکردن لەگەڵیدا ببینن. بۆ وەرگرتنی ئەم بەرنامەیە، بە خۆڕایی لە گووگڵپلەی و ئەپستۆر دای بگرن. شایانی باسە ئەم نەرمەکاڵایە هەتا ئێستا بەشی کوردی تێیدا دانەمەزراوە.
ئامادەکردنی بابەت:
کیمیا بایزیدی
ئەستێرە چابوک
ئەمیر تازیک