Image
لە مێژووی ئەدەبیاتی منداڵاندا، نووسەرگەلێک هەن کە تەنیا چیرۆک نانووسن؛ ئەوان ڕوانگەمان بۆ دنیای منداڵی دەگۆڕن. ئاسترید لیندگرێن لەم جۆرە نووسەرانەیە. لیندگرێن منداڵانی بە چاوی پەروەردە و ئامۆژگارییەوە نەدەدیت بەڵکوو بە ڕێز و هاودڵییەوە چاوی لێ دەکردن. لە بەرهەمەکانیدا، منداڵ کەسایەتییەکی سەربەخۆی هەیە؛ بیر دەکاتەوە، بڕیار دەدات، هەڵە دەکات، بەرهەڵستی دەبێتەوە، خەیاڵی دەفڕێ و بە پرسیارەکانی بەرەنگاری جیهان دەبێتەوە. 

ئاسترید لیندگرێن دەناسن؟ کێها بەرهەمیتان خوێندووەتەوە یان بیرەوەریتان لەگەڵی هەیە؟ ئەم مانگە کاتێکی زۆر گونجاوە بۆ ئەوەی کتێبەکانی ئەم نووسەرە لە  کتێبخانەکان دەربێنن و لە بەردەستی منداڵان و مێرمنداڵدا دایانێن.

لە مێژووی ئەدەبیاتی منداڵاندا، نووسەرگەلێک هەن کە تەنیا چیرۆک نانووسن؛ ئەوان ڕوانگەمان بۆ دنیای منداڵی دەگۆڕن. ئاسترید لیندگرێن لەم جۆرە نووسەرانەیە. لیندگرێن منداڵانی بە چاوی پەروەردە و ئامۆژگارییەوە نەدەدیت بەڵکوو بە ڕێز و هاودڵییەوە چاوی لێ دەکردن. لە بەرهەمەکانیدا، منداڵ کەسایەتییەکی سەربەخۆی هەیە؛ بیر دەکاتەوە، بڕیار دەدات، هەڵە دەکات، بەرهەڵستی دەبێتەوە، خەیاڵی دەفڕێ و بە پرسیارەکانی بەرەنگاری جیهان دەبێتەوە. 

لیندگرێن باوەڕی وابوو کە سەردەمی منداڵی خۆی ژیانە؛ نەک دەرەفەتێک بۆ ئامادەبوون بۆ ژیان. لەوانەشە هەر لەبەر ئەمە بێت کە کەسایەتیی چیرۆکەکانی ئەوەندە زیندوو، باوەڕپێکراو و بەردەوامن. ئەوان تەواو و بێعەیب  نین؛ چەتوونن، یاساکان دەترازێنن، لە دۆڕان دەترسن، بەڵام لە کۆتاییدا بە بوێری، دڵۆڤانی و خەیاڵەوە ڕێگەی خۆیان دەدۆزنەوە. 

زۆرێک لە ئێمە ئەسترید لیندگرێن بە پی پی گۆرەوی درێژ دەناسین؛ ئەو کچەی بەپێچەوانەی چوارچێوە گشتییەکان، بەهێز، سەربەخۆ، قسەخۆش و بوێرە و نیشانی منداڵان دەدات کە دەتوانن دنیا لە ڕوانگە و گۆشەنیگایەکی ترەوەش ببینن. بەڵام دنیای لیندگرێن زۆر گەورەتر لە پی پیە. «کارلسۆن لە سەربان»، «ئێمیل لە لوونبێرگا»، «ڕوونیا، کچە چەتەکە»، «برا بوێرەکان»، «میوو، کوڕەکەی من» و «شەش منداڵی بوولیربی»، هەر کام لەمانە دەرگایێکی کراوە بۆ ناو شارەزاییە جیاوازەکانی منداڵین وەکوو هاوڕێیەتی، بنەماڵە، ئازادی، بەرپرسیارەتی، ترس و هیوا. 

نهێنیی مانەوەی بەرهەمەکانی لیندگرێن  لەوەدا بوو کە منداڵانی بە کەم نەدەدیت. ئەو پێی وا بوو کە دەبێ ئەدەبیاتی منداڵان لە بواری هونەرییەوە زۆرتر بنرخێندرێ و بتوانێت وڵامی پرسیارە هەستیارەکانی ژیان بداتەوە؛ بێ ئەوەی خۆشیی خوێندنەوە و چوونە نێوخەیاڵ لە منداڵ بستێنێت. هەر بەو هۆیەشە کە بەرهەمەکانی هەم منداڵان هۆگری خۆی دەکات و هەم گەورەساڵان بەرەو بیرکردنەوە و تێفکرین دەبات.

ئاسترید لیندگرێن تەنیا چیرۆکنووس نەبوو، چالاکی بواری مافی منداڵانیش بوو. لە لێدوان و نووسینەکانی بەردەوام جەختی خستووەتە سەر پێویستیی ڕێز لە شکۆی منداڵ، دووری لە توندوتیژی لە پەروەردەی منداڵ و هەروەها گرینگیدان بە خۆشەویستی، یاری و ئازادی لە گەورەکردنی منداڵاندا.

ئەم ڕوانگە مرۆییانەی، لە تانوپۆی چیرۆکەکانیدا دیار بوو و ببووه هۆی ئەوەی کە بەرهەمەکانی دوای تێپەڕینی دەیان ساڵیش هێشتا هەر وەک ئەوکاتی نوێ، شایستەی خوێندنەوە و ئیلهامبەخشن.

ئەگەر لە ماڵەوە، قوتابخانە یان شوێنە فەرهەنگییەکەتان پەرتووکێکی ئاسترید لیندگرێنتان هەیە، ئەم مانگە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی دیسان لە ڕەفەکان دەری بهێنن، بە دەنگی بەرز بیخوێننەوە، سەبارەت بە کەسایەتییەکانی قسە بکەن و لە منداڵان بپرسن ئەگەر ئەوان لە جێگەی کەسایەتییەکان بووبان چ بڕیارێکیان دەدا. هەندێک جار چیرۆکێکی باش، زۆرتر لە ماوەیەکی زۆری پەروەردەی ڕاستەوخۆ، وتووێژ، هاودڵی و تێفکرین لە منداڵاندا دروست دەکات.

لەوانەیە نهێنیی مانەوەی هەتایی ئاسترید لیندگرێن هەر ئەمە بێت؛ متمانەیەک کە بە منداڵانی هەبوو. بە تواناییەکانیان بۆ تێگەیشتن، هێنانەبەرچاو، هەڵبژاردن و دروستکردنی جیهانێکی مرۆییتر. هەر ئەم متمانەیەشە کە دەبێتە هۆکار تاکوو نەوەکان یەک لە دوای یەک، ئێستاش لەگەڵ کەسایەتییەکان پێبکەنن، دڵگران بن، سەریان سووڕ بمێنێت و بیرەوەری دروست بکەن.

ئێوە کامە بەرهەمی ئاسترید لیندگرێنتان خوێندووەتەوە؟ کام کەسایەتیی چیرۆکەکانی هێشتا لە یادتاندا ماوە؟ لەوانەیە هەر ئەم مانگە، باشترین کات بێت بۆ ئەوەی جارێکی تر لاپەڕەی یەکێک لە کتێبەکانی هەڵدەنەوە و لەگەڵ منداڵان و مێرمنداڵان هاوبەشی بکەن.