Image
بابەتێک سەبارەت بە پەرەپێدانی خوێندنەوە و فەرهەنگی کتێبخوێندنەوە، ڕێبەری خوێندنەوە لە ماڵ و خێزاندا

شێوەکانی کتێبخوێندنەوە بۆ منداڵ

بەشی یەکەم

بابەتێک سەبارەت بە پەرەپێدانی خوێندنەوە و فەرهەنگی کتێبخوێندنەوە، ڕێبەری خوێندنەوە لە ماڵ و خێزاندا

پێشەکی

یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکان لە فێرکردنی خوێندنەوە لە تەمەنی منداڵیدا، «خوێندەواریی نۆڕسک/ پێش‌ـ‌خوێندەواری» (Emergent Literacy) ـە، واتە ئەو کۆمەڵە لێهاتوویی، چەمک و هەڵوێستانەی کە منداڵ پێش خوێندنەوەی فەرمی بەدەستیان دەهێنێت و ڕێخۆشکەرە بۆ چوونەناو جیهانی خوێندنەوە و نووسین. (Social Sci LibreTexts)لەو ڕوانگەیەوە، خوێندنەوە وەک پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی و کارلێککارانە سەیر دەکرێت کە منداڵ و ژینگەی دەوروبەری (دایک و باوک، مامۆستا، کتێبەکان، شوێنی خوێندنەوە) پێکەوە ڕۆڵیان هەیە. (viva.pressbooks.pub) شێوازە جیاوازەکانی کتێبخوێندنەوە بۆ منداڵ، شێوازی کارلێکی منداڵ لەگەڵ کتێب لە ئاستە جیاوازەکاندا پێشکەش دەکەن ـ لە ساکارترینەوە (سەیرکردنی وێنە) تا ئاڵۆزترین (کتێب-چارەسەری، داهێنان لە دووبارە گێڕانەوە) ـ و هەر شێوازێک ئامانج، سوود و مەرجی تایبەت بە خۆی هەیە. لەم وتارەدا، ئێمە ئەم شێوازانە بەپێی ڕیزبەندیی گەشەکردنی پێشنیارکراو کە پێشتر ڕێکمان خستووە، پێداچوونەوەیان پێدا دەکەین، لەگەڵ ڕوونکردنەوە، سەرچاوە و نموونەی بەکارهاتوو.

شێوازەکان بەپێی ڕیزبەندیی گەشەکردن

ڕیزبەندی پێشنیارکراو:

١. خوێندنەوە بە پشتبەستن بە وێنە

٢. خوێندنەوەی فرەهەستی

٣. خوێندنەوە بە دەنگی بەرز

٤. خوێندنەوەی هاوبەش

٥. خوێندنەوەی کارلێککارانە (لەسەر بنەمای وتووێژ)

٦. خوێندنەوەی بەکۆمەڵ

٧. گوێگرتن لە کتێب

٨. خوێندنەوەی دیجیتاڵی

٩. خوێندنەوەی تاکەکەسی

١٠. شانۆی چیرۆک

١١. دووبارە گێڕانەوە و خوێندنەوەی داهێنەرانە

١٢. کتێب-چارەسەری

لە درێژەدا، شێوازەکان یەک بە یەک باس دەکەین.

١. خوێندنەوە بە پشتبەستن بە وێنە (Picture Walk / Picture Reading)

پێناسە و ڕوانگە

لەم شێوازەدا، منداڵ ـ پێش خوێندنەوەی دەق یان تەنانەت بەبێ دەق ـ لاپەڕەکانی کتێبەکە هەڵدەداتەوە و تەنها بە پشتبەستن بە وێنەکان، لەوانەیە لە چیرۆکەکە تێ بگات یان بیگێڕێتەوە. ئەم کارە لە منداڵان داوا دەکات کە لێهاتووییی پێشبینیکردن، دەرئەنجامگرتن و تێبینیکردن بەکار بهێنن.

ڕۆڵ و سوودەکانی

بەهێزکردنی لێهاتووییی تێبینیکردن و وردبوونەوە لە وردەکارییەکانی وێنەکان.

بەکارهێنانی زانیاریی جیهانی ڕاستەقینەی منداڵ بۆ پێشبینیی چیرۆکەکە.

چالاککردنی پێش-خوێندنەوە و لێهاتووییی پێشبینیکردن.

دابینکردنی ڕێگەیەک بۆ ئەو منداڵانەی کە هێشتا توانای خوێندنەوەی تەواوی دەقیان نییە.

لەبەر ئەوەی منداڵ «مانا» لە وێنە وەردەگرێت، هەستی سەرنجڕاکێشان و بەشداریکردن زیاد دەکات.

سەرچاوە و هۆکارە زانستییەکان

چەمکی سەیرکردنی وێنەکان وەک بەشێک لە خوێندەواریی پشکوتوو لە ئەدەبیاتی خوێندەواریی سەرەتاییدا زۆر جەختی لەسەر کراوەتەوە: منداڵان پێش ئەوەی دەق بخوێننەوە، «زمانی بینراو» فێر دەبن و وەک پردێک بۆ جیهانی دەقی بەکاری دەهێنن. (literacyforallinstruction.ca) لە دەقە فێرکارییەکانی مامۆستایان و ڕاهێنەرانی خوێندنەوە لەگەڵ منداڵاندا، ڕوانگەیەک پێشنیاز دەکرێت کە وێنە بکەنە باس: «چی لەو وێنەیەدا دەبینیت؟»، «پێت وایە لە لاپەڕەی داهاتوودا چی ڕوو دەدات؟» (Victoria Government)

نموونەی بەکارهاتوو

مامۆستا یان دایک و باوک کتێبێکی وێنەیی بێ دەق بۆ منداڵەکە دەکەنەوە و دەڵێن: «سەیری ئەم لاپەڕەیە بکە، چی دەبینیت؟»

منداڵ وردەکارییەکان ناو دەبات، گومان دەکات کە چیرۆکەکە چییە.

مامۆستا لێی دەپرسێت: «پێت وایە لە لاپەڕەی داهاتوودا چی ڕوو دەدات؟»

دوای گومان، دەقەکە دەخوێنرێتەوە و منداڵەکە گونجاندنی نێوان گومان و دەقەکە تاوتوێ دەکات.

٢. خوێندنەوەی فرەهەستی (Multisensory Reading)

پێناسە و ڕوانگە

لەم شێوازەدا، ئەزموونی خوێندنەوە تەنها بە بینینی وێنە و خوێندنەوەی دەق سنووردار نابێت؛ بەڵکوو ئامرازە هەستییەکان وەک دەست‌لێدان، دەنگ، جووڵە، بۆن (لە کتێبە تایبەتەکاندا)، و کارلێکی فرەهەستی دەچنە ناو پرۆسەکەوە، بەتایبەتی بۆ منداڵانی ساوا، پێش-قوتابخانە یان منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئەم ڕوانگەیە گرنگیی هەیە.

ڕۆڵ و سوودەکانی

بەهێزکردنی پەیوەندیی هەستیی منداڵ لەگەڵ کتێب.

زیادکردنی هاندان و تێوەگلانی زیاتری منداڵ لەگەڵ کتێب.

یارمەتیدان بۆ جێگیرکردنی چەمکە زمانی و وێنەیییەکان.

فرەچەشنی و سەرنجڕاکێشیس زیاتری ئەزموونی خوێندنەوە.

یارمەتیدان بەو منداڵانەی کە لە فێربوونی دەقدا، خاوترن.

سەرچاوە و هۆکارە زانستییەکان

لە بیردۆزییەکانی خوێندەواریی پشکوتوو و پرۆگرامەکانی فێرکردنی سەرەتاییدا، بەکارهێنانی ڕێگاکانی فرەهەستی وەک پشتگیرییەک بۆ منداڵانی گەنج یان خاوەن پێداویستیی تایبەت پێشنیاز کراوە.

(هەرچەندە ئەم بوارە لە ئەدەبیاتی منداڵاندا کەمتر بە شێوەی مۆدێلێکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، بەڵام لە بوارەکانی فێرکردنی خوێندنەوە و ڕێگاکانی چاککردنی خوێندنەوەدا بەکار هاتووە.)

لە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەندیدار بە «فێربوون لە ڕێگەی ئامرازە هەستییەکان» و ڕێگەی «دەست‌لێدان + بینین»یشدا جەخت لەسەر تێکەڵکردنی هەستە جیاوازەکان بۆ جێگیرکردنی فێربوون دەبینین.

نموونەی بەکارهاتوو

کتێب‌گەلێک کە لاپەڕەکانیان قوماشی یان بە  شێوازێکی جیاوازن: منداڵ دەتوانێت دەستی لێ بدات، هەستی پێ بکات.

دەنگە تۆمارکراوەکان لەگەڵ وێنەدا.

چالاکییەکانی پەیوەست بە کتێب: منداڵ لەگەڵ ئامرازەکانی ناو کتێبەکەدا کارلێک دەکات (بۆ نموونە بەکارهێنانی پارچە بچووکەکانی یاری بەپێی وێنەی کتێبەکە).

مامۆستا دەتوانێت بڵێت: «وەرە بە پەنجەکانت ئەم بەشە هەست بکە و بۆچوونی خۆت بڵێ.»

۳ـ بەرزخوێندنەوە/ خوێندنەوەی بەرز (Reading Aloud)

پێناسە و ڕوانگە

لە ڕێگەی بەرزخوێندنەوەوە، گەورە (دایک و باوک، مامۆستا یان فێرکار) کتێبەکە بۆ منداڵ دەخوێنێتەوە، بە شێواز و وەستان و جەختکردنەوە و هەستێکی تایبەتەوە. منداڵ گوێگرە، بەڵام سەرنجی زیاتر لەسەر ئەزموونی گوێگرتن، چێژوەرگرتن لە زمان و کارلێکی هەستی لەگەڵ چیرۆکەکەیە.

ڕۆڵ و سوودەکان

دروستکردنی پەیوەندی سۆزداری لەنێوان منداڵ و گەورە.

دابینکردنی دەرفەت بۆ گوێگرتن لە وشەگەلی دەوڵەمەندتر، ڕستەی ئاڵۆزتر.

ئاشنابوون بە دەنگەکانی زمان، ڕیتم و ئاوازی زمانی نووسین.

زیادکردنی حەز و هاندان بۆ کتێب و خوێندنەوە.

ڕێخۆشکردن بۆ پرسیارکردن و وتووێژ سەبارەت بە چیرۆکەکە.

سەرچاوە و بەڵگە زانستییەکان

لە فێرکردنی خوێندنەوەی منداڵاندا، بەرزخوێندنەوە وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی پەرەپێدانی پێش‌ـ‌خوێندەواری ناسراوە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو منداڵانەی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک کتێبیان بۆ دەخوێنرێتەوە، توانای وشەسازی و تێگەیشتنی دەقیان باشترە. (Victoria Government)

لێکۆڵینەوەیەک لە بواری خوێندنەوەی وتووێژی (Dialogic Reading) ڕوون دەکاتەوە کە بەرزخوێندنەوە کاتێک دەبێتە کارلێک (پرسیار، وتووێژ) کاریگەریی زیاتری دەبێت. (Reading Rockets)

نموونەی بەکارهاتوو

دایک و باوک یان مامۆستا بەپێی حەزی منداڵ کتێبێکی گونجاو هەڵدەبژێرن.

کاتێک دەیخوێننەوە، شێوازی دەنگ دەگۆڕن،   بە مەبەستی جەختکردنەوە و دروستکردنی چاوەڕوانی، هەندێک جار ڕادەوەستن.

پاش هەر لاپەڕەیەک یان چەند لاپەڕەیەک، دەوەستن و لە منداڵەکە دەپرسن: «پێت وایە  چی ڕوو دەدات؟»، «بۆچی ئەم کەسایەتییە ئەم کارەی کرد؟»

دوای خوێندنەوەی کتێبەکە، منداڵ و گەورە سەبارەت بە چیرۆکەکە وتووێژ دەکەن.

٤. خوێندنەوەی هاوبەش (Shared Reading)

پێناسە و ڕوانگە

لە خوێندنەوەی هاوبەشدا، منداڵ و گەورە پێکەوە دەقەکە دەشۆپێنن. بەزۆری گەورە ڕستەیەک یان بەشێک لە چیرۆکەکە دەخوێنێتەوە و منداڵەکە دووبارە یان درێژەی پێ دەدات. ئەم شێوازە لەنێوان بەرزخوێندنەوە و خوێندنەوەی سەربەخۆدایە و وردەوردە منداڵ بەرەو خوێندنەوەی سەربەخۆ ئاراستە دەکات.

ڕۆڵ و سوودەکان

ئاشناکردنی منداڵ بە پێکهاتەی دەق و شێوازی جووڵەی چاو لەسەر لاپەڕە.

بەهێزکردنی لێهاتوویی دەنگی و ناسینەوە (وەک ناسینەوەی وشە و پیت).

زیادکردنی متمانەبەخۆبوون و هەستی بەشداریکردن لە پرۆسەی خوێندنەوەدا.

دروستکردنی دەرفەت بۆ ڕاستکردنەوە و فێربوون لەگەڵ گەورە.

سەرچاوە و بەڵگە زانستییەکان

لێکۆڵینەوەکانی Marie Clay و Maria Nikolajeva دەریانخستووە کە ئەم شێوازە، بەتایبەتی لە قۆناغی پێش‌ـ‌قوتابخانە و سەرەتای قوتابخانەدا، ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە گواستنەوە لە گوێگرێکی بێدەنگەوە بۆ خوێنەرێکی چالاک. ئەم ڕێگەیە لە پڕۆگرامەکانی «Shared Book Experience» و «Reading Recovery»یشدا وەک یەکێک لە کاریگەرترین شێوازەکان بۆ گەشەپێدانی لێهاتوویییەکانی سەرەتای خوێندەواری ناسێنراوە.

نموونەی بەکارهاتوو

مامۆستا و منداڵ هەردووکیان سەیری کتێبەکە دەکەن.

مامۆستا بە پەنجە وشەکان بەدوادا دەچێت تا منداڵەکە جووڵەی دەقەکە ببینێت.

لە ڕستە کورتەکاندا، داوا لە منداڵەکە دەکرێت وشەی کۆتایی بڵێت یان بیخوێنێتەوە.

دوای هەر لاپەڕەیەک، مامۆستا و منداڵ دەربارەی ڕووداوەکان وتووێژ دەکەن.

٥. خوێندنەوەی وتووێژ‌ـ‌تەوەر یان کارلێککارانە (Dialogic / Interactive Reading)

پێناسە و ڕوانگە

لەم شێوازەدا، خوێندنەوەی کتێب دەبێتە پرۆسەیەکی چالاک و وتووێژی. گەورە تەنها خوێنەر نییە، بەڵکوو وتووێژەکە بەڕێوە دەبات. ئەو لە منداڵەکە داوا دەکات وێنەکە وەسف بکات، پێشبینی بکات، هەستەکانی دەرببڕێت یان بەشێک لە چیرۆکەکە دووبارە بگێڕێتەوە.

ڕۆڵ و سوودەکان

گەشەکردنی زمان و وشەسازیی چالاک.

پەرەپێدان و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و هێزی شیکردنەوە.

بەهێزکردنی لێهاتووییی قسەکردن و گوێگرتن.

بەشدارکردنی هزریی منداڵ لەگەڵ دروستکردنی مانا.

زیادکردنی هەستی بڕوابەخۆبوون و بەشداریکردن لە کۆمەڵدا.

سەرچاوە و بەڵگە زانستییەکان:

شێوازی «Dialogic Reading» بۆ یەکەم جار لە لێکۆڵینەوەکانی Grover Whitehurst (١٩٨٨) ناسێنرا و لە دەیەکانی دواتردا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە بەرنامەکانی خوێندنی سەرەتایی و کتێبخانە گشتییەکاندا بەکار هێنرا.

ئایدن چەمبێرز لە کتێبی Tell Meدا، هەمان بیرۆکەی بە جەختکردنەوە لەسەر «پرسیارە کراوەکان» و «بانگهێشتکردن بۆ وتووێژ سەبارەت بە کتێب» خستە ڕوو. بە گوتەی یونسکۆ (٢٠١٦)، ئەم شێوازە یەکێکە لە کاریگەرترین ڕێگاکانی بەهێزکردنی خوێندەواری لە ساڵانی پێش قوتابخانەدا. 

نموونەی بەکارهاتوو:

کەسی گەورەساڵ دوای خوێندنەوەی بەشێک لە کتێبەکە دەپرسێت: 

«پێت وایە دواتر چی ڕوو دەدات؟» 

«بۆچی ئەم کەسایەتییە خەمبار بوو؟» 

«ئەگەر لە جێگەی ئەو بووبای چیت دەکرد؟» 

منداڵ وەڵام دەداتەوە و مامۆستا وەڵامەکە دووبارە دەکاتەوە تا وتووێژەکە بەردەوام بێت. 

جەخت لەسەر ڕاست یان هەڵەبوونی وڵام نییە، بەڵکوو لەسەر بیرکردنەوە و دەربڕینی کەسی منداڵە. 

٦. خوێندنەوەی بەکۆمەڵ یان گرووپی(Group / Choral Reading) 

پێناسە و ڕوانگە:

لە خوێندنەوەی بەکۆمەڵدا، کتێبێک بۆ چەند منداڵێک دەخوێنرێتەوە — لە پۆل، کتێبخانە یان کۆبوونەوەی خێزانیدا. منداڵان دەتوانن لەگەڵ مامۆستا بخوێننەوە، بە نۆرە بخوێننەوە یان بەشێک لە چیرۆکەکە پێکەوە دووبارە بکەنەوە. 

دەور و سوودەکان:

بەهێزکردنی لێهاتوویی خوێندنەوەی ڕەوان (Fluency).

ئەزموونی کۆمەڵایەتی لە چیرۆک و چێژی کۆمەڵایەتی لە خوێندنەوە

ڕاهێنان لەسەر لێهاتوویی گوێگرتن و هاوکاری لە گرووپدا.

زیادکردنی متمانەبەخۆیی و ئامادەبوون لە کۆمەڵدا.

سەرچاوە و بەڵگە زانستییەکان:

لێکۆڵینەوەکان لە بواری «Choral Reading» و «Reader’s Theater» دەریان خستووە کە بەشداریکردن لە خوێندنەوەی بەکۆمەڵدا، بەتایبەتی بۆ منداڵانی لە قۆناغی فێربوونی خوێندنەوەدا، دەبێتە هۆی باشترکردنی وردبینی و خێرایی خوێندنەوە. (Rasinski, 2004؛ Children’s Literature, Briefly). 

نموونەی بەکارهاتوو:  

مامۆستا چیرۆکەکە دەست پێ دەکات و لە ڕستە کورتەکاندا داوا لە منداڵان دەکات لەگەڵی دووبارە بکەنەوە. 

لە کۆتایی چیرۆکەکەدا، وتووێژێکی بەکۆمەڵ سەبارەت بە هەستەکان و ڕووداوەکان دروست دەبێت. 

دەتوانرێت بۆ هەمەچەشنی، دەورگەلی سادە لە نێوان منداڵاندا دابەش بکرێت تا هەر یەکەیان بەشێک بخوێننەوە. 

٧. گوێگرتن لە کتێب (Audiobook Listening) 

پێناسە و ڕوانگە:

لەم شێوازەدا، منداڵ کتێبەکە لە ڕێگەی دەنگەوە -لە زمانی گێڕەرەوە، مۆسیقا و کاریگەرییە دەنگییەکانەوە- دەبیستێت. گوێگرتن لە کتێب دەتوانێت چالاک (لەگەڵ گفتوگۆ و وێنەکێشانی هزر) یان ناچالاک (بۆ ئارامی یان بەسەربردنی کات) بێت. 

دەور و سوودەکان: 

بەهێزکردنی وشەسازیی بیستن و تێگەیشتنی بیستن.

دابینکردنی دەرفەتی خوێندنەوە بۆ ئەو منداڵانەی کە کێشەی خوێندنەوە یان بینینیان هەیە.

فراوانکردنی خەیاڵ و وێنەکێشانی هزر. 

دروستکردنی خووی گوێگرتن لە چیرۆک و حەز بە گێڕانەوە.

سەرچاوە و بەڵگە زانستییەکان:

لە ڕاپۆرتی یونسکۆا (٢٠٢٠) سەبارەت بە «خوێندنەوە و فێربوون لە سەردەمی دیجیتاڵدا» جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە کتێبە دەنگییەکان، بەتایبەتی بۆ ئەو منداڵانەی کە پێداویستی فێربوونی جیاوازیان هەیە، دەورێکی سەرەکییان لە دادپەروەریی پەروەردەییدا هەیە.

لێکۆڵینەوەکانی Nation& Snowling(١٩٩٧)یش دەریان‌خستووە کە گوێگرتن لە چیرۆکەکان دەتوانێت پێکهاتەی زمانی و شێوازی گێڕانەوە لە هزری منداڵدا جێگیر بکات. 

نموونەی بەکارهاتوو:

گوێگرتن لە کتێبی دەنگی لە ماڵەوە یان کتێبخانەدا.

وەستان لە بەشێک لە چیرۆکەکە و وتووێژ سەبارەت بە چیرۆکەکە.

بانگهێشتکردنی منداڵ بۆ وەسفکردنی وێنەی هزریی خۆی لە دیمەن یان کەسایەتیی چیرۆکەکە.