Image
کاتێک کتێبێک ساڵانێکی زۆر لە زەینی خوێنەراندا دەمێنێتەوە، بەزۆری سەرەتا ناوی کەسایەتییەکانی دێتەوە یاد؛ پی پی گۆرەوی درێژ، ماتیلدا یان پیتەری کەروێشک. وا دیارە ئەم کەسایەتییانەن کە باری یادەوەری هەڵدەگرن و کتێبەکە بە زیندوویی دەهێڵنەوە. 

منداڵ پێویستی بە کەسایەتییە یان بە دەنگ؟ 

کاتێک کتێبێک ساڵانێکی زۆر لە زەینی خوێنەراندا دەمێنێتەوە، بەزۆری سەرەتا ناوی کەسایەتییەکانی دێتەوە یاد؛ پی پی گۆرەوی درێژ، ماتیلدا یان پیتەری کەروێشک. وا دیارە ئەم کەسایەتییانەن کە باری یادەوەری هەڵدەگرن و کتێبەکە بە زیندوویی دەهێڵنەوە. 

بەڵام لە ڕەخنەی ئەدەبیاتی منداڵاندا، ئەم ڕۆژانە باسێکی دیکەش زۆر ڕەچاو دەکرێت؛ ئەوەی کە ئایا ئەوەی چیرۆکێک بە نەمری دەهێڵێتەوە، تەنها کەسایەتییەکانیەتی یان «دەنگی» گێڕانەوەش بە هەمان ئەندازە گرنگە؟ 

مەبەست لە دەنگ، تەنها گۆشەنیگا یان شێوازی نووسەر نییە. دەنگ هەمان ئەو کوالیتییەیە کە وا دەکات تەنانەت پێش ئەوەی چیرۆکەکە کۆتایی بێت، هەست بکەین کەسێک بە شێوازێکی تایبەت و ناوازە بۆمان چیرۆک دەگێڕێتەوە. هەندێک جار دوو نووسەر دەربارەی بابەتێکی یەکسان دەنووسن، بەڵام تەنها یەکێک لەو دەنگانە خوێنەر تا کۆتایی لەگەڵ خۆی دەبات. 

ئەم جیاوازییە دەتوانرێت لە زۆرێک لە کتێبە وێنەیییەکانی هاوچەرخیشدا ببینرێت. لە هەندێکیاندا، کەسایەتیی سەرەکی تەنانەت ناوێکی دیاریکراوی نییە؛ ڕەنگە تەنها منداڵێک، ئاژەڵێک یان بوونەوەرێکی خەیاڵی بێت، لەگەڵ ئەوەشدا، کتێبەکە کاریگەریی خۆی دادەنێت، چونکە گێڕانەوەکە شێوازێکی هەیە کە بە ئاسانی لاسایی ناکرێتەوە. 

بێگومان ئەمە بە واتای کەمبوونەوەی دەوری کەسایەتی نییە. هیچ چیرۆکێک بەبێ کەسایەتی زیندوو نابێتەوە، بەڵام کەسایەتی بە تەنها گەرەنتی سەرکەوتنی بەرهەمێک نییە. کەسایەتیی زۆر لە کتێبەکاندا هەن کە دوای داخستنی لاپەڕەی کۆتایی لەبیر دەکرێن، لە کاتێکدا هەندێک جار گێڕانەوەیەکی ساکار، تەنها بەهۆی دەنگی دۆستانە، تەنزی ناسک یان گۆشەنیگای جیاوازی نووسەرەوە، ساڵانێک لە زەینی خوێنەردا دەمێنێتەوە. 

ڕەنگە هەر ئەمەش بێت کە کاتێک باس لە بەرهەمە دیارەکانی ئەدەبیاتی منداڵان دەکرێت، کورتکردنەوەی ڕووداوەکان بەس نییە. ئەوەی ئەم کتێبانە لە بەرهەمە هاوشێوەکان جیا دەکاتەوە، تەنها ئەو ڕووداوانە نین کە لە چیرۆکەکەدا ڕوو دەدەن، بەڵکوو شێوازی گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانەیە؛ هەمان ئەو شتەی کە بە چیرۆکەکە کەسایەتی دەدات، تەنانەت پێش ئەوەی کەسایەتییەکانی بناسرێن. 

بۆ نووسەرانی منداڵ، ڕەنگە ئەمە پرسیارێکی گرنگتر بێت کە ئایا لە هەموو کاتێکدا پێش دروستکردنی پاڵەوانی چیرۆکەکە، دەنگەکەیان دۆزیوەتەوە؟ چونکە خوێنەرانی منداڵ، زیاتر لەوەی بیری لێ دەکەینەوە، کاردانەوەیان بەرامبەر بە ڕاستگۆیی و ڕەسەنایەتیی گێڕانەوە هەیە؛ کوالیتییەک کە نە بە پلانی چیرۆک بەدەست دێت و نە بە دروستکردنی کەسایەتی، بەڵکوو لە دەنگی نووسەرەوە سەرچاوە دەگرێت.

وەرگێڕ: کیمیا بایزیدی

هەڵەگری: ئەمیر تازیک