گەشتی بێئاکامی میکی(خوێندنەوەیەک لەسەر چیرۆکی گەشتی میکی بەرهەمی؛ زارا ئەحمەد جاف)
یادداشت: ئارش مێهرەبان
وەرگێڕ: سکاڵا ڕەحمانی
هەڵەگر: ئەستێرە چابوک
یەکێک لە هەستیارترین و ئاڵۆزترین لقەکانی بواری نووسین، ئەدەبیاتی منداڵانە، لقێک کە پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە تایبەتمەندییە تێگەیینی، سۆزداری و زمانییەکانی منداڵان هەیە. بەپێچەوانەی بیروڕای گشتییەوە، نووسین بۆ منداڵان تەنێ بە ساکارنڤیسییەوە سنووردار نابێتەوە، بەڵکوو پێویستی بە ڕەچاوکردنی قووڵی بنەماگەلێکی وەک: تەکووزی گێڕانەوە، کەسێتیپەروەراندنی چالاک، کەڵکوەرگرتن لە زمانی شیاو و دروستکردنی کارلێکی هزری لەگەڵ بەردەنگدایە. ئەم چیرۆکە جگە لە ئامانجە فێرکاریەکەی، لە هەندێ لایەنی سەرەکیدا کەم وکووڕی پێوە دیارە و دەبێتە لەمپەر لە پێکهاتنی پێوەندی باش لەگەڵ بەردەنگەکەیدا. ئەم ڕەخنەیە بە چڕبوونەوە لەسەر گەڵاڵە، کەسێتیپەروەراندن، شێوازی نووسین، بنەما هەڵپەسێرداوەکان، گواستنەوەی پەیام و لێهاتووییە دیتراوەکانی گێڕانەوەکە دەپەرژێتە سەر شیکاریی کەمووکوڕییەکانی ئەم بەرهەمە.
۱ـ تێکچوویی گەڵاڵە و نەبوونی تەکووزیی گێڕانەوەیی
تانوپۆ (Plot) یان گەڵاڵەی چیرۆکی بە یەکێک لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی هەر گێڕانەوەیەک دەژمێررێت، هەر لەم سۆنگەیەوە دەبێت لە بەرودوایی ژیربێژانەی ڕووداوەکان، پێکهاتەی ئامانجدار و بنەما کێشمەکێشخولقێنەکان بەهرەمەند بێت. لەم چیرۆکەدا سەرەتای گێڕانەوەکە لە ماڵەوە دەست پێ دەکات و پاشان بەرەو فێرگە و باخچەی ئاژەڵان دەگوێزرێتەوە. بەڵام ئەم جێگۆڕکێیانە بەبێ هیچ پێوەندییەکی ڕێکوپێکی هۆکار و هۆکردیی بەهێز ڕوو دەدەن. ڕووداوەکان بە شێوازی هێڵی و بەبێ ئاڵۆزاندن(complicationـ گرهافکنی= گرێئاژنی، ئاڵۆزاندن) دەڕواتە پێش، هەروەها چیرۆکەکە لە خاڵی وەرچەرخان (TuningPoint) یان لە تەشقی (Climax) ڕاستەقینەی وا کە بتوانێت منداڵ دەرگیری خۆی بکات، بێبەرییە. یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکان، نەبوونی هێمانی ملمانێیە (Conflict). ئەو چیرۆکانەی ئالنگاریان تێدا نییە، زۆرجاران دڵڕفێنی خۆیان لە دەست دەدەن. منداڵ پێویستی بەوەیە کە کەسایەتی سەرەکیی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەربەست و ناکۆکییە ناوخۆیی و دەرەوەییەکاندا ببینێت تاوەکوو لە ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکەوە بەهرەیەکی بۆی هەبێت. لەم گێڕانەوەدا هەمووشتێک بە شێوەی یەکدەست دەڕواتە پێش و هیچ بەربەست و تەنگژەیەک، کە هەستی کونجکۆڵی یان چونیەکباوەڕی بەهێز بکات، بوونی نییە.
۲ـ کەسێتیپەروەراندنی ڕووکەشی و کڵێشەیی
کەسێتیپەروەراندن (characterization) یەکێک لە بناغە بنچینەیییەکانە لە ئەدەبی چیرۆکیدا و پێویستە لەسەر بنەمای تایبەتمەندیییە تاکەکەسیەکان، پاڵنەرە دەروونییەکان، گەشەسەندنی پلەیی و کارلێکی واتادار بنیات بنرێت. کەسایەتی سەرەکی (میک) لەو تایبەتمەندییە تاکەکەسییانە بێبەرییە، کە بتوانێت بیکاتە کەسایەتییەکی هەرمان و ئیلهامبەخش. ئەو تەنیا ڕۆڵی منداڵێکی کونجکۆڵ دەگێڕێت، بەڵام ئەم کونجکۆڵییە بەبێ هەڵەچنی قووڵ خراوەتە ڕوو و زیاتر لایەنی کەرەستەیی هەیە تاکوو تایبەتمەندی کەسایەتییەکی سەقامگیر. یەکێکیتر لە گرفتەکانی کەسێتیپەروەراندنی ئەم چیرۆکە ئەوەیە کە کەسایەتییە ناسەرەکیەکان بەس لە خزمەتی بەرەوپێشبردنی چیرۆکەکەدان و هیچ ڕۆڵێکیان لە قووڵکردنەوەی گێڕانەوەکەدا نییە. هاوڕێیان، مامۆستایان و دیتر کەسایەتییەکانی نێو چیرۆکەکە تەنیا بە ڕواڵەت بوونیان هەیە هەتا ئەوەی وتوووێژێکی کڵێشەیی بخولقێنن و لەم سۆنگەیەوە وتووێژەکانیان لە ڕەنگاڵەیی لەحن، پاڵنەرە تایبەتییەکان بێبەرین. ئەم سەرسەریڕوانینە بۆتە هۆی ئەوەی کە کارلێکی نێوان کەسایەتییەکان دەستهەڵبەست و ناڕاست بنوێنێت.
۳ـ لاوازی لە شێوازی نووسین و گێڕانەوەدا
زمان لە ئەدەبی منداڵاندا ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت، هەر لەم سۆنگەیەوە پێویستە لەڕووی وشەبژێری، ئاهەنگینبوونی ڕستەکان و شێوازی گێڕانەوەدا هەم لەگەڵ تێگەیشتنی منداڵدا یەک بگرێتەوە و هەمیش لە هێمانگەلی وێنەسازی، خەیاڵپەروەری و مۆسیقای زمانی بەهرەمەند بووبێت. لەم چیرۆکەدا ڕستەکان ساکارن، بەڵام لەڕادەبەدەر ڕاپۆڕتین و، بێبەرین لەو وەسفگەلە زیندوو و خەیاڵپەروەرانەی کە بتوانێت منداڵ نوقمی نێو جیهانی گێڕانەوە بکات. یەکێک لە کێشە هەرەگرینگەکانی ئەم چیرۆکە، کەڵکوەرنەگرتنە لە ڕستەگەلی ڕەنگاڵە لە پێکهاتەی ڕستەکانیدا. زۆربەی ڕستەکان کورتن و، خاڵین لە بەرز و نزمی سۆزدارییەوە، بەشێوەیە کە دەقەکە دۆخێکی یەک چەشن و یەک ئاهەنگی پەیدا کردووە. کەڵک وەرنەگرتن لە شوبهاندن، خوازە، کایەگەلێکی زمانی یان کێشی دەنگی بوونەتە هۆی بێڕۆحبوونی پەخشانەکەی و سەرنجڕاکێشنەبوونی لەلای بەردەنگدا. ئەمە لە کاتێکدایە چیرۆکێکی سەرکەوتووی منداڵانە دەبێت توانای کەڵکوەرگرتن لە کەرەستە زمانیەکانی بۆ ورووژاندنی گوڕوتین، تەنز یان تامداری بەرهەمەکە هەبێت. لەلایەکی ترەوە وتوووێژەکان لە چیرۆکەکەدا کارکردێکی دروستیان نییە. چونکە لەڕادەبەدەر ڕاستەوخۆ و بێ ڕۆحن و هیچ جۆرە بزۆزی و چالاکی یاخود خسڵەتێکی تاکەکەسیی تایبەت لە کەسایەتییەکاندا ڕەنگی نەداوەتەوە. لە چیرۆکی منداڵاندا، وتووێژەکان دەبێت سەرەڕای بەرەوپێشبردنی چیرۆکەکە، لە کەسایەتیپەروەراندیشدا ڕۆڵ بگێڕن و بتوانن تایبەتمەندی هەرکام لەو کەسایەتییانە لە ڕێگەی چۆنیەتی دەربڕینی وشەگەلەوە دیاری بکەن، بەڵام لێرەدا وتوووێژەکان حاڵەتێکی کڵێشەییان هەیە و لەم تایبەتمەندیانە بێبەرین.
٤ـ کەڵک وەرنەگرتن لە پێکهاتەگەلی هەڵپەسێردراو و سەرسووڕهێنەر
ڕێگەیەکی کاریگەر بۆ پەلکێشکردنی منداڵ، کەڵکوەرگرتن لە هەڵپەسێردراوی( Supspense) و پێکهاتەی سەرسووڕهێنەرە(Surprise) کە دوو هۆکارن بۆ ئەوەی منداڵ بە تاسەوە وەشوێن چیرۆک بکەوێت، بەڵام لەم چیرۆکەدا هیچ خاڵێکی چاوەڕواننەکراو، گۆڕانی گێڕانەوەیی یان گوڕوتینێک، بوونی نییە هەتا منداڵەکە بە خۆیەوە مژووڵ بکات. ئەدەبی منداڵان پێویستی بە هێمانگەلی کێشەخوازانە، هەستی دۆزینەوە و چرکەساتگەلی چاوەڕواننەکراو هەیە بۆ ئەوەی کە کونجکۆڵی منداڵان بوروژێنێت. بەڵام گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە لەڕادەبەدەر تاکڕەهەند و بێبەری لە هەرجۆرە ڕووداوێکی کەلەجانورووژێنە کە بتوانێت بەردەنگ بەخۆیەوە مژووڵ بکات.
٥ـ شێوەی نادروست لە گواستنەوەی پیامی چیرۆکەکەدا
هەر چیرۆکێکی منداڵانە هەڵگری پەیامێکی فێرکاری و ڕەوشتییە و لەم ڕوویەوە شێوازی گواستنەوەی پەیامەکەیە زۆر گرینگە. ئەم پەیامە پێویستە لە ناخ و ناوەڕۆکی بابەتەکە و ئەزموونی کەسایەتییەکەیەوە دەربهاوێژرێت نەک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئامیرانە بەسەر منداڵەکەدا داسەپێندرێت. لەم چیرۆکەدا ڕاسپاردەگەلی فێرکاری لەڕادەبەدەر ئاشکرا و ناهونەرمەندانە خراونەتەڕوو، بەشێوەیەک کە منداڵ لە کاتی خوێندنەوەیدا، هەست دەکات خەریکی خوێندنەوەی دەقێکی فێرکارییە نەک چیرۆکێکی چێژبەخش و سەرنجڕاکێش. ئەدەبی منداڵان پێویستی بە تێڕوانینێکی ناڕاستەوخۆ لە گواستنەوەی چەمکەکان و کەڵکوەرگرتن لە هێماکان و خوازەگەلی چیرۆکی هەیە، لە کاتێکا لەم چیرۆکەدا، پەیامەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەنێو چیرۆکەکەدا جێ کراونەتەوە و لە هەرجۆرە توێژاڵێکی گێڕانەوەیی بێبەرین.
٦ـ ناتەواوی لە تواناییە دیتنیەکانی چیرۆکبێژیدا
یەکێکیتر لە کێشەکانی ئەم چیرۆکە، کەڵکوەرنەگرتنی شیاو لە تواناییە دیتنیەکانە سەبارەت بە گێڕانەوەی بابەتەکە. چیرۆکی منداڵانە پێویستە لە هێمانگەلی وێنەسازیی بەهێز کەڵک وەربگرێت تاوەکوو منداڵ بتوانێت جیهانی نێو چیرۆکەکە لە مێشکی خۆیدا وێنا بکات، بەڵام لەم چیرۆکەدا لێکدانەوە دیتنییەکان زۆر بەرتەسکن و نووسەر زیاتر تیشکی خستوەتە سەر گێڕانەوەی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکە هەتا شرۆڤەکردنیان. ئەم چیرۆکە سەرەڕای مەبەستی فێرکاری بەهۆی لاوازی لە گەڵاڵە، کەسێتیپەروەراندن، زمان، دواخستن و گواستنەوەی ڕاسپاردەدا، ناتوانێت کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر بەردەنگ واتە منداڵان ببێت. بۆ باشترکردنی ئەم جۆرە چیرۆکانە، نووسەر پێویستە چڕ بێتەوە لەسەر چێکردنی گرێگەلی چیرۆکی، کەڵکوەرگرتن لە وتووێژی سروشتی، هێمانگەلی خەیاڵپەروەرێنی و گرینگیدان بە لێهاتووییە زمانی و دیتنیەکان، تاوەکوو بتوانێت چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش و کاریگەر و هەرمان بخولقێنێت.